دەنگ و متمانەم هەر بۆ گۆڕانە
10/17/2024 6:37:00 PM
ئاراس وەلی
بزوتنەوەی گۆڕان بەر لەوەی ڕێکخراوێکی سیاسی تەقلیدی بێ، بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی و عەقلانییە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی فرە ڕەهەندا، بۆ تێپەڕاندنی مێژوی ژێردەستی و، ڕووکردنە ئاسۆیەکی ڕوناکتر و پڕ لە ئومێد و هیوا بۆ ئێستا و داهاتوی خۆمان و نەوەکانی داهاتومان.
پڕۆژە سەرەکیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر چەند کۆڵەکەیەک بنیاتنراوە، لێرەدا و بۆ ئێستای واقیعی خۆمان ئەم کۆڵەکانە گرنگن.
یەکەم: ڕیفۆرم لەهەموو کایەکانی کۆمەڵگادا.
دووەم: دژایەتی هەموو شێوە و مۆدێلەکانی گەندەڵی .
سێیەم: شەفافیەت لە داهاتی حکومەت و پەسەندکردنی بودجەی ساڵانەی کابینەکانی حکومەت.
چوارەم: خزمەتگوزاری و دانانی هاوڵاتیان وەک چەقی قورسایی حکومەتی ڕەشید و خاوەن کارنامە.
پڕۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەزمونی مێژوی میلەتان ئیلهامی وەرگرتووە. هاوکات ڕەنگدانەوەی داخوازی لە مێژینەی خەڵک و خەوبینینی هەمومانە ، بۆ ژیانێکی ئازاد و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەشداری هەموان بۆ سود و قازانجی هەموان.
بزوتنەوەی گۆڕان نە بە هاشوهوشی پۆپلیست و، نە بە پلان و سیناریۆی ئەم دەزگا و ئەو ناوەندی یاریپێکراو لەناو ئەچێ..! بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگە لە ڕابوردودا لە شەڕی بچوک و موزایەدەی کەمنرخ و هاژوهوژی میدیایی چەواشکاری هەرزان نرخدا دۆڕابێ..! ئەگەر شەڕیشی دۆڕاندبێ ئەوا بە دڵنیاییەوە جەنگە مەزنەکەی بردۆتەوە..!
جەنگە مەزنەکە بەمانای شەڕی بەردەوام لە پێناوی مافەکانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی هۆشیاری و ئاگایی خەڵک بەرانبەر مافو ئەرکەکانیان. ململانێی گەورەی جەنگە گەورەکەی گۆڕان لەسەر کۆی سیستەمی حوکمڕانی و بوونی دەستورێکی شارستانییە، کە سەروەریی یاسا و گێڕانەوەی شکۆی کوردبوون و ئینسانی بوونمان مسۆگەر بکات.
ئێستا هەموو هێزە سیاسیە خاوەن میلیشاکان بە هێزە تازە کانیشەوە، دروست تێکڕایان کارنامە و بەرنامەکانیان کۆپیپەیستی گوتار و پلاتفۆرمەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە لە ڕابوردودا..! تا ئێستا مۆدێلی خەباتی مەدەنیانەی گۆڕانیان تێنەپەڕاندووە.!
دەنگدەری بەڕێز… ئازادە دەنگ و متمانەی بە چ لیست و کاندیدێک دەبەخشێ. ڕۆژگارێک دەنگدەران سزای بزوتنەوەی گۆڕانیان دا. بەڵام ڕەوشی ژیان و گۆزەرانیان خراپتر بوو..! بۆئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەم ڕەوشە پڕ قەیراناویە تێپەڕێنێ،
و بەدەنگ و متمانەی ئێوە گۆڕان بەهێز بکەینەوە، ڕێگای ڕاست و دروست بۆ گێڕانەوەی شکۆ و مافە سەرەتاییەکانمان ئەوەیە ئەم جارە دەنگ و متمانەمان بدەین بە لیستەکەی گۆڕان. بۆ ئەوەی هەمومان پێکەوە شەڕی گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بکەینە ئەجێندای سەرەکیمان . پێویستمان بە بوونی فراکسیۆنێکی کارا و چالاک لە پەرلەمان هەیە.
فراکسیۆنێک کە پارێزەری ڕاستەقینەی ماف و داواکاری و داخوازیەکانی خەڵک بێت. بۆیە دەنگدان بە گۆڕان گرنگە ، چونکە دەنگەکانی ئێمە هێز دەداتەوە بە گۆڕان تا لە هەورازی سەختی خەباتی مەدەنیدا ، ڕوو لە ئامانجی سەرەکی هەنگاوی دروست بنێ. لە قۆناغی سەرەتادا، هەموو ماف و خزمەتگوزاری هاوڵاتیان بەدوور لە ئینتمای حیزبی و دینی و ئێتنی و بنەماڵەیی و ئایدۆلۆژی بەدەستبهێنێ..!
بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکە لە قوڵایی ئازار و نەهامەتی و موعاناتی خەڵکەوە دروست بووە.. دەنگی پێبدەن دەنگەکانتان دەبێتە تروسکەی ئەو هیوایەی کە دڕ بە شەوەزەنگی تاریکی دەدات. دەنگەکانتان پاڵپشتی گۆڕان دەبێ بۆ شەڕی هەژاری و جەهل .! ئەگەریش سزای دەدەن و بە فریوی درۆزن و بەرژەوەندخواز و ڕابوردو تەڵخ دەنگی پێنادەدەن..! دڵنیا بن ڕۆژگاری داهاتومان هەرگیز باشتر نابێ لە ئێستا و ڕابوردومان…
درەنگ یا زوو کۆمەڵگای ئێمەش ڕوو لە ژیانێکی باشتر و هۆشیار لە ڕوداوە سیاسی و بەئاگا لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی قەیرانە ڕاستەقینە و دروستکراوەکان هەنگاو دەنێ… لە بوونی هێزێکی وەک بزوتنەوەی گۆڕاندا کۆمەڵگای کوردەواری بڕوای بە ژیاندۆستی و هیوای بە ئایندە بەهێزتر دەبێ..! سەرچاوەی مرۆیی ئێمە دەوڵەمەندو چالاکە.. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموو زروف و زەمەنێکدا دەبێتە هەوێن و دینەمۆی ئەو هیوا بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر لەم مەرگەساتەی ئێستا..
بەهێزبوونی بزوتنەوەی گۆڕان واتا بەهێزبوونی هیوا بەداهاتویەکی پڕ لە ئومێد و ژیانێکی شایستە.
بە قەولی جۆن میلتۆن : “هیوا لە جێی خۆیەوە دەتوانێ بەهەشتێک لە جەهەنەم و، نەبوونیشی جەهەنەمێک لە بەهەشت دروست بکات”
فریادڕەسی ئێستای ئێمە بۆ ڕزگاربوون لەو هەموو غەوغا و قەیرانە هەمەجۆرانە بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە دەنگ و متمانەی منیش هەر بۆ تیشکی ڕوناکی مۆمەکەی گۆڕانە.
ئاراس وەلی