گلەیی کردن لە دوژمن!
12/7/2024 1:08:00 PM
ئاراس وەلی
یەکەم : کێشەی زۆرینەی سیاسەتمەدار و توێژەر و
ناوەندە هەمەجۆرەکانی دنیای کوردیئەوەیە ،
بە میتودێک کار دەکەن کە چاوەڕوانیەکانیان لە دوژمنەکانیان وەک ئەوە وایە گلەییەکی
سادە لە دۆست و خزمە نزیکەکانیان بکەن..!
دووەم : جەمعێک لە بەناو سیاسی و ڕۆشەنبیرەکانمان ، بەساز و
ئاوازی دوژمن سەما دەکەن..!
بۆیە زۆر کات دڵسۆزی بۆ کورد و کوردستان، بەو
مانایە تەفسیر دەکرێ، کە دەبێت خۆت بکەیتە نیشان بۆ دوژمن.!
سێیەم: ئەگەر واقیعی بین و ، دوژمنی تازە نەخەینە
سەر دوژمنی کۆن.! دەبێ تا بۆمان دەکرێ و دەگونجێ و دەسازێ و دەتوانین ، بەرژەوەندی
کورد و کوردستان بخەینە پێش هەموو هەموو شتێک.!
چوارەم: چونکە ئێمەی کورد بە موعجیزە لەدێر زەمانەوە
لە چنگی دوژمنکارانەی دەرودراوسێ ڕزگارمان بووە یان نەبووە.! بۆیە ڕێی عاقڵانە ئەوەیە؛
چیتر خۆمان بە تەناقوزاتی ناوخۆوە سەرقاڵ نەکەین..!
پێنجەم: هەموو ناوچەکە بە ماڵی ئێمەی بێ پەرژینیشەوە
لەبەردەم ئاگری ڕق و وەحشیەتگەری و سوتاندایە.
لە ئێستا و داهاتویەکی نزیک و دووردا نەزەریاتی
وەهم و ململانێی بێزەنتی دەمانکاتە دوژمنی
خۆمان و دۆستی دوژمنە ڕاستەقینەکانمان..!
شەشەم: خاوەنی تیۆریەکانی تەناقوزیش ، هەرگیز لە شەڕی دوژمندا شەریکمان نابن و جێمان دێڵن.!
پێمان پێدەکەنن..!
حەوتەم: تیۆری تەناقوز لەگەڵ دوژمنەکانمان زۆر قوڵ و خەستو خوێناویە ، پێویستی بەوە نییە مەسروفاتی
زیادەی لێ بەخەسار بدەیت و ، بە خەیاڵپڵاوی برای خۆمان بکوژین بۆ ئەوەی ببینە برای
ئیمپریالیزمی ئەلکترۆنی..!
هەشتەم: هەلومەرجی ئێستای ئێمە( باشوری
کوردستان) خەریکی ساخکردنەوەی کۆمەڵێ تیۆریەی
هەزەلین..!
یەکێکیان سورکردنەوەی تەپوتۆزە لە تاوەی وەهم
دا.! و ئەویتریشیان هەوڵی فەرهادە بۆ ئەوەی بە ئانیشکمان، گوێمان
بخورێنین .!
نۆهەم: ئەگەر لەم هەلومەرجە نوێیەی ئێستا هۆش وەبەر خۆمان نەهێنینەوە و ، واقیعی
ناوچەکە و توانا و گرنگی پێگەی خۆمان نەبینین، ئەوەی بەدەستیشمان هێناوە بە قوربانیەکی
زۆرتر لە کیسی دەدەین..!
دەهەم: بۆیە تەنها و تەنها و تەنها ڕێگا چارە ئەوەیە
نێو ماڵی خۆمان بەدەر لەهەموو تیوریەکانی تەناقوز ڕێک و تۆکمە بکەینەوە، بۆ ئەوەی
لەم هەلومەرجە تازەیەدا کورد دەستکەوتی زیاتر بەدەست بێنێ بۆ شائامانجی بنیاتنانی
دەوڵەتی ئازاد و سەربەخۆی کوردستان.
یانزەهەم: پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی نیشتیمانی کوردستانی زەرورەتێکی واقیعیە. کاراکردنەوەی
پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و بەرپرسیار و ڕەشید ئەرکێکە نابێ دوابخرێ..!
دوانزەهەم: پتەوبوونی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی
فیدڕالیەتی (عێراق ) لە نێوان دوو کەوانەدا ، دەبێتە ئیلهامی خەباتی خزمانی ڕۆژئاوای
کوردستان و هەموو کورد لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەگەر ئەم هەلو مەرجە تازەیە نەقۆزینەوە بۆ خۆمان،
ئەوا تا سەدان ساڵی دیکە زنجیرو تەوقی دیلێتی و هەژاری و دواکەوتویی بە میرات دەدەینە
دەست نەوەکانی داهاتو..!
بۆیە زۆر گرنگە هەموومان ئەرک و بەرپرسیارێتی بگرینە ئەستۆمان، بە ئیرادەیەکی بەهێز و دڵێکی
گەرم و هزرێکی ساردەوە شەو بخەینە سەر ڕۆژ بۆ تێپەڕاندنی سەردەمی ژێردەستەیی و دیلێتی
و هەژاری.