549وتار

دەرفەتێکی زێڕینە بۆ عێراق

2/17/2022 10:21:00 AM
رێبین هەردی

زۆرێک لە ئێمە دەمێکە ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە دەزانین، کە ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی بەناوی ڕێکەوتنی ستراتیژیەوە نە ڕێکەوتنە و نە هاوپەیمانی، تەنیا کۆبونەوەی بەرژەوەندی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریە. دەمێکە دەزانین ئەم دوو هێزە تا ئەو کاتەی پێیان بکرێت هەموو شتەک دژی یەک دەکەن. لەگەڵ بێگانەکاندا زۆتر راستگۆن، تا لەگەڵ خۆیان. لەدژی یەک، شت کۆ دەکەنەوە و بە نەیار و بێگانەی دەگەینن. بڕێکی زۆری پەیوەندی هەردوو هێزەکە بە جەمسەرە هەرێمیەکانەوە لەسەر ئەوە بەندە کە چ راپۆرت و قسە باسێکی یەک بۆ ئەو دەوڵەتانە دەبن کە خۆیان بە هاوپەیمانی دەزانن. بەڵام لە دوای ڕوخانی سەدامەوە و لە بەغدا بە درۆش بووە یەکگرتوو دەردەکەوتن، و بە یەک پاکێچ و بەیەک ئاراستە کاریان دەکرد. ئەمرۆکە ئەم درۆیەش کەوتووە و هەردوو هێزەکە بە ئاشکرا و ناکۆک و دژ بەیەک، سەنگەری هاوپیەمانیان لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا پێک هێناوە، و بە چاوەڕوانی وتەماعی دژ بەیەکەوە لە بەغدا کار دەکەن.

ئەم دۆخە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هێزە عێراقیەکان درووستکردووە بۆ ئەوەی دەستبکەن بە سەندنەوەی ئەو مافانەی لەڕووی ستراتیژەیەوە بە مەترسی بۆ خۆییانی دەزانن. بڕیارەکەی داداگای فیدراڵی دژی نەوتی هەرێم لەم چوارچێوەدایە. لەکاتێکدایە کە کوردەکان تەواو ناکۆکن، بێزاریەکی گەورەی خەڵکی لە هەردوو دەسەڵاتەکە هەیە کە هیچ پێیان ناخۆش نیە هەر بڕیارێک بدرێت بەس لە دەسەڵاتیان کەم کاتەوە.
بەڕاستیش کە بڕیارەکە دەرچوو، خەلکێکی زۆر نەک پێی قەڵس نەبوون، بەڵکو لە قسە و توانجەکانیاندا هەستدەکەین بەکارێکی باشی دەزانن. بەڵام قەڵس نەبونی خەڵکی هۆکاری تەواو جیاوازی هەیە لەوەی لە پشت بڕیاری دادگای فیدرڕاڵیەوە هەیە. خەڵکی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتیان، هەرگیز وەک مافێک بۆ خۆیان نەدیووە، و ئەوەی بینویانە ئەوەیە ئەم نەوتە کۆمەڵێک دەسەڵاتدار بۆ خۆیان و بنەماڵە و حیزبەکانیان دەدزن و بەشێکی کەمیشی بە خەڵک نادەن. کەس هیچ شتێکی ڕوون نە لە فرۆشتنی دەزانێت نە لە داهاتەکەی. بگرە لەوەتەی ئەم سیاسەتە هەیە لەبری ئەوەی دۆخی خەڵک باشتر بکات، خراپتری کردووە و گەیشتۆتە دۆخێک تەنانەت موچەی خەڵکیان پێ نادرێت. خەڵک ئەم سامانە وەک سامانێکی نیشتیمانی نابینێت، و بە دەغیلەیەکی گەورەی دەزانێت کە تەنیا دەچێتە خزمەتی دەسەڵاتدارانەوە بۆ ئەوەی زیاتر دەستیان بۆ گەندەڵی و سەرکوتکردنی ئازادیخوازان کراوە بێت. هەر لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا و لە نوسین و کۆمێنتی خەڵکە ئاساییەکە، تێدەگەیت کە خەڵکێکی زۆر پێی خۆشە ئەم نەوتە لەبەردەست برادەران نەبێت، چونکە وا سەیری دەکەن بەم بڕیارە بەمە سەرچاوەیەکی دزی لە دەستی دەسەڵاتداران نامێنێت.

بەلام هەرچی عێراقە دژی نەوتی هەرێم نیە لەبەرئەوەی برادەران دەیدزن (خۆشیان کەم لەوەی عێراق نادزن)، لەبەرئەوە نیە کە خەمی خەڵکی ئێمەیان هەیە و دەیانەویت مافەکانی دابین بکەن. بەڵکو ئەوان ئەم ئەگەر وەک مەترسیەکی ستراتیژی دەبینن بۆ دۆخێک کە هێزگەلێکی بەرپرسیار و دڵسۆز حوکمڕانی بکەن و ئەم سامانە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەیان. دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ئەزەلی نیە و نابێت، لانیکەم مەحاڵە بتوانن تاسەر بەم شێوازە لە حوکمڕانی بمێننەوە. ئەم شێوازە یەک چارەنووس زیاری نیە: تیا چوون، جا یان هەرخۆیان یان لەگەڵیشدا هەموو ئەزموونەکە. یان (کە ئەمەش هەر لە مەحاڵ نزیک دبێتەوە) گوڕینی عەقڵیەتی سیاسی و پیاچونەوەیە بە هەموو شتێکدا.

هەرگیز عێراق لە دوای روخانی ڕژێمەوە هێزە کوردیەکانی وا ناکۆک و ناحەز بەیەک نەدیووە، لەبەرئەوە دەرفەتێکی زێڕینە زۆرێک لەو شتانە جێبەجێ بکات کە وەک مافی هەرێم وایە و ئەوان بە مەترسی بۆ خۆیانی دەزانن. بە دووری نابینم مەسەلەی گۆڕینی دەستووریش بهێننە پێشێ. بەو ئاگاداریە کە زوربەی هێزە عێراقەکان کاتێک باسی گۆڕینی دەستوور دەکەن، زۆتر خەیاڵیان لەو مافانەیە کە لەم دەستورەدا بە هەرێمی کوردستان دراوە، و ئەوان بە زیادی دەزانن.
لەئێستادا خەڵکێکی زۆر هەستدەکات (و لەمەشدا بڕێکی زۆر ڕاست دەکات) نەوتی هەرێم نەوتی نیشتیمان نیە و نەوتی چەند بنەماڵە و هێزێکی سیاسیە کە تەنیا خۆیان و دەستوپێوەندەکانی پێ دەوڵەمەند دەکەن، هێزە سیاسیەکان وا ناکۆکن بەیەک کە ئامادەن لەگەڵ چی بێگانەیە ڕێک بکەون، بەڵام دوو دەقە گوێ بۆ یەک ناگرن و یەکدی ڕازی ناکەن. ئایا دۆخی لەمە باشتر هەیە بۆ ئەوەی هێزە عێراقیەکان دەست بەو جوڵانە بکەن دژی ئەو دەتسکەوتانەی کوردستان کە بە مەترسی بۆ خۆیانی دەزانن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن