158وتار

بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو بوو.: چەند خاڵێکی گرنگ

10/16/2024 7:12:00 PM
رێبین هەردی

ئەم هەڵبژاردنە لەهەموو ڕوویەکەوە جیاوازە لە هەلبژاردنەکانی پێشوو، بۆ یەکەمجارە هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی بازنەیی ئەنجامدەدرێت کە دادەپەورەیەکی زیاتری تیایە بۆ دابەشکردنی کاریگەری دەنگی ناوچە گەورە و بچوکەکان لە هەڵبژاردندا، یەکەمجارە کۆتای ١١ نامێنێت و ژمارەکەی کەم. دەبێتەوە و لەژێر باڵادەستی یەک حیزبدا نابێت. بۆیەکەمجارە شيوازی دەنگدان بە ئەلەکترۆنی دەبێت و ئەگەری تەزویرکردن تیایدا کەم دەبێتەوە، بۆ یەکەمجارە لیستی دەنگدان تاڕادەیەکی باش پاک کراوەتەوە لە خەڵکی زیادە و ناوی دوبارە و وەهمی. لەبەرئەوە بێگومان بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردندا کاریگەری چارەنوسسازی لە دیاریکردنی حوکمرانی چوار ساڵی دهاتوودا هەیە، بەو هوشیاریەوە کە ئەمە دوا هەڵبژاردن نیە و چوار ساڵی دی دیسانەوە دەتوانین بەدەنگدانێکی دی، گەر هەڵەیەکمان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کردووە، چاکی بکەینەوە و گەر باشیشمان کردووە، دوبارەی بکەینەوە.
ئێستا کە ڕۆژانی بانگەشە کۆتای هات، پێویستە چەند سەرنجێک دەربارەی هەلمەتی هەڵبژاردن بخەینە روو کە بەبڕوای من بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستاندا ڕوو دەدەن:
١) ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٠٩وە ئەمە یەکەمجار بێت بانگەشە ئەوەندە حەماسی و پڕ گوڕ وتین بێت و ئەوەندەش هێز و حیزبی جیاواز بەشداری تێدا بکات، ئەوەی دڵخۆشکەرە بەپێچەوانەی ساڵی ٢٠٠٩ کە کاتی بانگەشە پر بوو لە پێشێلکاری و کەمجار هەبوو توندوتیژی لێ نەکەوێتەوە، ئەمجارە ڕەنگە کەمترین پێشێلکاری و کەمترین توندوتیژی لیکەوتبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی هەموو لایەنەکان پڕ بوو لە ڕەخنەی توند و هەندێکجار قسەی زۆر زبریش. بەتایبەتی لە سلێمانی کە جیابوونەوەی ئامۆزاکان و مێژووی پڕ تەنگژەی نێوانیان، فەزایەکی دروستکردبوو کە زۆرێکمان چاوەڕیی ئەوە بوین لەکاتی بانگەشەدا ڕەنگە بەرکەوتنی خراپ لەنێوانیاندا ڕوو بدات. بەڵام شتەکان بەپێچەوانەوە بوو. هەموو لا بانگەشەی خۆیان بە ئازادانە کرد و کەمترین بەرکەوتن و گرژی لە شەقامەکان ڕوویدا، هەنديک وێنە و پێشێلکاری ئەملاو لا نەبوایە، دەمانتوانی بڵین باشترین فەزای بانگەشەی هەڵبژرادن لە ئارادا بوو کە کەمترین پێشێلکاری و توندوتیژی لێ کەوتەوە. گەر ئەم فەزا ئارام و بێ تەنگژەیە بەراورد بکەین بە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ کە یەکەمجار گۆران بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداری لەهەڵبژاردندا کرد، جیاوازیەکی گەورە و بەرچاو دەبینن کە جێگەی دڵخۆشیە. بانگەشە بە زمانی توند و ڕەخنیانەی هێزەکان لەیەکدی تا دوا ساتەکانی ماوەی کۆمسێۆن لە هەموو شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو، بەڵام (ئەمەش جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشیە) بەکەمترین پێشێلکاری و توندوتیژی کۆتای هات.
لەڕاستیدا دۆخی تەندروستیش هەر دەبێت وا بێت. بێ ماناترین شت ئەوەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بین و کەس هیچ نەڵێت و هەموو بەیەک ئاواز قسە بکەن. کاتی بانگەشە واتە کاتی ڕەخنەگرتن، پیاچونەوە و دەرخستنی لاوازی بەرامبەر و بەڵێندان بەوەی ئەو لاوازی و خراپیانە چاک دەکرێن. نابێت کەسیش بەم دۆخە هەناسە سوار بێت و هەموو لەوە تێبگەن، بانگەشە، بە بێ ئەم دۆخی ناکۆکی و ڕەخنانە، نە هەڵبژاردنە و نە دیموکراسی. هیچ خەتێکی سور لە بانگەشەدا نیە، توندوتیژی و پێشیلکاری و قەبوڵکردنی گوێ لەیەک نەگرتن نەبێت. لەمڕوەشەوە هیچ هێزێک کەمتەرخەمی نەکرد و هەموان یەکتریان ڕەخنەباران کرد.
ڕەنگە تاکە شتێک کە نابێت و نە دەبوو لە بانگەشەدا هەبێت، تەخوینکردنی یەکدیە..تەخوینکردن خەتی سورە و سەر بە دنیای هەڵبژاردن نیە، بەڵکو سەر بە دنیای شەڕ و شۆڕش و چەکە. هێزێک کە خائین بوو لەگەڵی ناچیتە هەڵبژاردنەوە، بەڵکو دەبێت شەڕی بکەیت و چەکی دژ هەڵگریت، لەبەرئەوە دەبوو هێزەکان خۆیان لەم زمانە بپارێزن و واز لە تەخوینکردنی یەکدی بهێنن. ئەگەڕچی خۆشبەختانە چەندجارێکی کەم نەبێت، تەخوینکردن سیمای زاڵی ناو بانگەشەکە نەبوو.
٢) یەکێک لە خاڵە باشەکانی ئەم بانگەشەیە ئەوە بوو لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی لە نەوەی نوێوە تا گۆڕان و هەلويست و بەرەی گەلەوە، بۆ هێزە ئیسلامیەکان، خۆیان لە قسە و رەخنەگرتن لەیەک پاراست و هێرشیان نەکردە سەریەک. ئەگەرچی هەندێک هەوڵی تاکەکەسی هەبوو بۆئەوەی بانگەشەکە بەم ئاراستەیە بڕوات و لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بکەونە قسەوتن و تەخوینکردنی یەکدی، بەڵام دیاربوو هەموو لایەنەکان سیاسەتی فەرمیان ئەوەبووە، نەچنە ناو ئەمجۆرە لە ململانێوە کە لەڕاستیدا هیچی لێ سەوز نابێت، جگە لە بێ متمانەکردنی خەڵک بە پرۆسەکە و ناشرین کردنی فەزای سیاسی. لەبەرئەوە هەموو هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی جێگەی دەستخۆشین کە ڕیگەیەن نەدا ناکۆکی نێوان خۆیان، ناکۆکیان لەگەڵ دەسەڵاتداراندا بشارێتەوە. خاڵی گرنگ ئێستا ئەوەیە ئەم هيزانە دەست بەم سیاسەتەوە بۆ پاش هەڵبژاردنیش بگرن و لەسەری بەردەوام بن و هەوڵبدەن ڕایەڵەی پەیوەندیان باشتر و بەهێزتر بکەن.
٣) یەکیتی و بەرەی گەل کە دوو بەرەی هەڵقوڵاوی قەیرانێکی ناوخۆی توندی ناو یەک هێزی سیاسین، لەگەڵ ئەوەشدا کە رەخنەی توند و هەندێکجار بریندارکەرانەشیان لەیەک هەبوو، بەڵام ڕێگەیان نەدا ئەم دۆخە سەربکێشێ بۆ ناحەزی توند و بەرکەوتن و ڕووداوی نەخوازراو. هەردولا بەتەحەمولێکی باشەوە بانگەشەیان بەڕێخست و خۆیان لەبەرکەوتنی نەخوازراو پاراست. خاڵی گرنگ ئەوەیە هەمان ڕۆحیەت لەدوای بانگەشەوە و راگەیاندنی ئەنجامەکانیشەوە بەردەوام بێت. دەبێت هەموو لەوە تێبگەن و بە باشی هەرسی بکەن، کە سنوقەکانی دەنگدان یەکلاکەرەوەی ڕادە و ئاستی هەر یەکێک لەم هێزانەیە، نەک هیچ شتێکی دی. لەراستیدا کە تۆ هەڵبژاردنت ئەنجامدا، ئەمە خۆبەخۆ بەمانای ئەوە دێت هەموو ڕیگەکانی ململانێ و ناکۆکیت خستۆتە لاوە ، و سنوقی دەنگدانت وەک چارەسەری ناکۆکی قەبوڵکردووە. ئەبراهام لینکڵن راستی گوتبوو کاتيک گوت بووی: (وەرەقەکانی دەنگدان، جێگەی فیشەکی شەری ناوخۆ دەگرێتەوە)
٣) ئایا ئەم دۆخە هێمنەی بۆ یەکەمجارە تاڕدەیەکی زۆر لە بانگەشەدا ئامادەبوو، لەکاتی پرۆسەی دەنگدانیشدا بەردەوام دەبێت؟ هیوادارم بەردەوام بێت و هێزەکان بەهەمان رۆحیەتی تەحەمول و قەبوڵکردنەوە، ڕیگە بدەن پرۆسەی دەنگدانیش بێ پێشێلکاری و ڕوداوی نەخوازراو کۆتای بێت. شتيک کە لەکاتی بانگەشەدا بۆ هەر چاودێرێک بە ئاشکرا دەردەکەوێت، ئەوەیە هەموو هێزەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی، جەماوەوری بەهێزی خۆیان هەیە و هەر هەمویان (بەتایبەتی دیارەکانیان) دەنگی خۆیان دێنن چ تۆزێکی زۆرتر چ تۆزێک کەمتر.
هەموو هێزەکانی کوردستان لەگەورەوە بۆ بچوک دەبێت لەو راستیە حاشاهەڵنەگرە تێبگەن، هیچ هێزێک یان تەنانەت دوو هێزێک ناتوانێت نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان بێت، و هەر هێزە و تەنیا نوێنەری بەشێک لە خەڵکی کوردستانە نەک هەموو کوردستان.
ئێستا هەموان چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین، ئەوەی ڕوونە کە ئەنجامەکان هەرچەیەک بێت ڕاستیەکی سەدبارە دوپات دەبێتەوە، هیچ هێزێک بەتەنیا ئەو براوەیە نابێت کە بتوانێت بەتەنیا حکومەت پێک بهێنێت، لەبەرئەوە هەردەبێت لە ئێستاوە هەموان خۆیان بۆ گفتوگۆێکەی جدی و تاقەتپڕوکێن بۆ پێکهێنانی‌ حکومەت ئامادە بکەن. یەکەم شتیش بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەم گفتوگۆیە پێویستە، خۆ ڕزگار کردنە لە فەزای سایکۆلۆجی گرژی و ڕەخنەگرانەی سەردەمی بانگەشە، و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیەکی هێمن و بەرپرسیارانە بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بەڕاستی بەرپرسیار و خزمەتگوزار. خاڵی گرنگ بۆ ئەم دۆخەش ئەوەیە بەتایبەتی هێزەکانی دەرەوەی یەکیتی و پارتی لە ئێستاوە دەستبکەن بە بەهێزکردنی ڕایەڵەی پەیوەندی نێوانیان و هەوڵ بدەن بە یەک بەرنامەی سیاسی هاوبەشەوە خۆیان بۆ ئەو گفتوگۆیە ئامادە بکەن. کاری دروست ئەوەیە هێزەکانی دەرەوەی یەکیتی و پارتی لەیەک نزیک ببنەوە و هەوڵبدەن بەرنامەیەکی سیاسی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆ هەبێت چ بۆ پێکهێنانی حکومەت و چ بۆ ئۆپزسێۆن بوون.
ڕاستیەک هەیە دەبێت هەموو هاوڵاتیەکی ئەم وڵاتە بە روونی لای ئامادەبێت. گەمەی هەڵبژاردن گەمەیەکی بەردەوامە کە هەموو ٤ ساڵ جاریک دوبارە دەبێتەوە، ئەمە نەیەکەم و نە دوا هەڵبژاردنە، بەڵکو وێستگەیەکە لە ڕێڕەویکی سیاسی کە بەردوام لە جولەدایە و هەر ٤ ساڵ جارێک دوبارە دەبێتەوە. گەر ئەم هەڵبژاردنە ئەو خواستانەی نەهێنایە دی کە چاوەڕێی دەکەن، ٤ساڵی دی دەرفەت دێتەوە بەردەمتان بیگوڕن و ڕایوەستێنن. هیچ وێستگەیەک دوا وێستگە نیە و ئەم ڕێرەوە بەردەوام دەبێت و دەتوانین و دەکرێت لە چ وێستگەیەکدا ویستمان سنوورێکی بۆ دابنێین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن