سەبارەت بە پەیامەکەی ئۆجەلان
3/1/2025 12:31:00 PM
رێبین هەردی
نەمدەویست جارێ لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ شتێک بنووسم و بڕوام وایە پەلە نەکەین و چاوەڕیی پێشهاتەکانی بکەین و بزانین لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بەڵام سەرنج و تێبێنی برایانێکی زۆر لە فەیسبوک سەرنجی ڕاکێشام و بە پێویستم زانی ئێستیکیان لەسەر بکەم.
ئەوەی لە هەموو تێبینیەکان زیاتر سەرنج ڕادەکێشێت ئەو قسەیە کە هەندێک برا پەیامەکە بە ئاشبەتاڵ و تەسلیم بوون لە قەڵەم دەدەن و هەندێکی دیش ئەو پرسیارە دەکەن، باشە چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەرامبەر بە چیە؟ ئایا تورکیا هیچ بەڵێنێکی داوە؟ ئایا ئەم خۆبەدەستەوەدانە بێ بەرامبەرە؟
من هەستدەکەم ئەو هاوڕێیانە بە وردی لە ناوەڕۆکی قسەکەی ئۆجەلان نەگەیشتوون. ئۆجەلان باسی ڕێکەوتنی کورد و تورکیای نەکردوووە، لەپرۆسەی دانوسانێکی سیایدا نیە بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد. ئەوەی ئۆجەلان باسی کرد و لە پەیامەکەدا ڕوون و ئاشکرایە وازهێنانە لە شۆڕشی چەکداری وەک ڕێگەی خەبات و پەنابردن بۆ ڕێگە دیموکراتیەکانی خەباتی سیاسی. ئۆجەلان داوای ئاشبەتاڵی لە هیچ هێز و کەسیک نەکردووە، بەڵکو پێشنیاری شانۆیەکی تری خەباتی سیاسی دەکات کە لەم سەردەمەدا ئەگەری ئەنجامدان و سەرکەوتنی گەلێک زیاترە. واتە پەیامەکەی ئۆجەلان وازهێنان نیە لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانای مافەکانی گەلی کورد لە باکور، بەڵکو دەرخستنی ئەو ڕاستیەیە کە هەنوکە و لەم سەردەمەدا دەکرێت بەشێوازی جیاواز لە شۆرشی چەکداری درێژە بە خەباتی سیاسی لە پیناوی مافەکاندا بدەین. سەرەتای قسەکانیشی زۆر ڕوون بوو، پەکەکە لە هەلومەرجێکدا دروستبوو کە هیچ ئەگەرێک بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی لەئارادا نەبوو، بە پێچەوانەی ئێستاوە کە ئەو ئەگەرە لەبەردەستە و دەتوانرێت بگیرێتە بەر. ئەوانەشی ئەمە بە ئاشبەتاڵ و تەسلیمبوون دەزانن، لەڕاستیدا سوکایەتیەکی گەورە بە دەیان و سەدان خەباتگێری سیاسی باکور دەکەن کە هەنوکە لە زینداندان و ڕێگەی خەباتی سیاسی و مەدەنیان هەڵبژاردووە. کەسانی وەک لەیلا زانا، سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی، و سەرجەم ئەو کادر و ئەندام پەرلەمانە کوردانەی ئازایانە و بێ ترس و بە بانگی ئاشکرا لەناو تورکیادا بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد دەکەن، لەخەباتی سیاسی و مەدەنیدان دژ بە ستەمکاری دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد.
لەدوای پەیامەکەی ئۆجەلانەوە کێشەی کورد لە باکور چارەسەر نابێت، بەڵکو خەباتێکی دور و دڕیژ و سەختی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەو مافانە دەستەبەر بکات. بەکورتی پەیامەکەی ئۆجەلان نە کۆتایهێنانە بە خەبات و نە ئاشبەتاڵە و نە تەسلیمبوونە، بەڵکو پێشنیارە بۆ شێوازێکی تری خەباتی سیاسی کە ڕێگەی دیموکراتیانە و مەدەنیانە بۆ درێژەدان بە خەبات پێشنیار دەکات. شێوازێک کە لەمڕۆدا ئەگەری سەرکەوتن و پشتگیری و جەماوەری بوونی زۆر لە شۆڕشی چەکداری زیاترە. واتە ئەوەی لەپەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە، پێشنیاری شانۆیەکی تری خەباتی سیاسیە کە لەم سەردەمەدا زۆر دەشێت لە شۆڕشی چەکداری کاریگەری زیاتر و دەستکەوتیشی زیاتر بێت.
لەڕاستیژا هەڵبژاردنی خەباتی چەکداری لە مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا هەرگیز بژاردەیەکی خۆ ویست و تاکە بژاردە نەبووە. کوردەکان زۆر پێش ئەوەی پەنا بۆ شۆڕشی چەکداری ببەن، سەرەتا هەموو ڕێگە و شێوازە بەرگریە مەدەنی و دیموکراتیەکانیان تاقی کردۆتەوە و تەنیا ئەو کاتە پەنایان بۆ شۆڕشی چەکداری بردووە، کە ڕیگەی ئەم ململانێ مەدەنی و دیموکراتیانەیان لێ زەوت کراوە. یەكێک لەو کتێبە گرنگانەی لەم بواردە دەکرێت ئاماژەی بۆ بکرێت کتێبی (سەردەمی قەڵەم و موراجەعات) کە لایەن نەوشیروان مستەفای بەهەشتیەوە نووسراوە. ئەم کتییە بە درێژی مێژووی هەموو خەباتە مەدەنی و دیموکراتیانە دەگێڕێتەوە کە کوردەکان لە باشور پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی چەکداری، پەنایان بۆ بردووە بۆ ئەوەی بە مافەکانیان بگەن. هیچ کاتێکیش وازیان لەم خەباتە نەهێناوە ئەوکاتە نەبێت کە ڕیگەکانی بەکارهێنانی ئەم شێوازەی خەبات دادەخرێن. نەڕیگە بە ئازادی ڕۆژنامە دەدرێت کە ناڕەزیەرکان بڵاو بکاتەوە، نە ڕێگە بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان دەدرێت، و نەڕێگە بە بەیان دەرکرد و کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ داواکردنی مافەکان. سەردەمێک لە ستەمکاری و داخران و زیندانی کردن دەست پێدەکات کە هیچ ڕێگەیەکی بەرگری ناهێڵێتەوە، جگە لە شۆڕشی چەکداری نەبێت. بەتایبەتی کە ئەم شێوازی خەباتە لەو سەردەمەدا لەزۆر شوێنی دیکەی دنیای سێهەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لەئەمەریکای لاتینەوە بۆ چەندان وڵاتی ئەفەریقی و ئاسیایی. ئەو سەردەمە سەردەمی بیرۆکەی پنتی شۆڕشگێرانە بوو کە ڕیجیس دوبرێ و گیڤارا دامەزرێنەری بوون.
ئەو سەردەمە سەردەمی کەمی زانیاری و بەرتەسکی پەیوەندی و سنورداری ڕاگەیاندن بوو. دنیایەکی دابڕاوو بوو کە بە ئەستەم هەواڵی ڕووداوی وڵاتێکی دی بە وڵاتێکی دی دەگەیشت. لەو سەردەمەدا بوون بە هەواڵ لە کەناڵە ڕاگەیاندنە جیاوازەەکاندا خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی گەورە بوو، چونکە بڵاوبونەوەی هەواڵەکان ئەگەری هاوسۆزی ڕای گشتی لەگەڵ داواکاریەکاندا زیاد دەکرد.
بەڵام ئەم سەردەمە لەگەڵ داهێنانی کەناڵە فەزاییەکان و ئەنتەرنێت و کۆمپیوتەردا گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆ هەموو ڕوداوێکی لە کام سوچی دنیادا ڕووبدات بەخێرای بە جیهانی دەبێت و هاوسۆزیەکی جیهانی بۆ پەیدا دەبێت. لەم سەردەمەدا چیدی وەک جاران کردەوەکانی ستەمکاری ناتوانن بشارێنەوە و پەردەپۆش بکرێن، بەڵکو بەخێرای ڕوناکیان دەچێتە سەر، و کاردانەوەی جیاواز چ لە ئاستی جەماوەری و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا درووست دەکەن. دۆخی باکووری کوردستانیش چیدی وەک هەشتاکانی سەدەی پێشوو نیە کە تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی بەتاوان ئەژمار دەکرا. ئەمڕۆ لە ئاستی کلتووریدا زمانی کوردی و کەناڵی کوردی و هونەری کوردی بەشێوەیەکی ئازاد ڕێگە پێدراوە، و تەنانەت لەرووی سیاسیشەوە دەتوانن حیزبی سیاسی و ڕیکخراوی سیاسی درووست بکەن و نوێنەری خۆیان بۆ ناو پەرلەمانی تورکیا بنێرن. ئەو ململانێ و خەباتە سیاسیەی کوردانی باکور لە پەرلەمانی تورکیادا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەیکەن، زۆر کاریگەری لە دەیان شەڕی چەکداری لەو شاخ و گوندانە زیاترە کە تورکیا توانیوێتی لە زۆر ناوەندی جیهانیدا وەک شەڕی دژ بە تیرۆر وێنای بکات. بەپێچەوانەی خەباتی مەدەنیەوە کە تورکیا نەک ناتوانێت وەک شەڕی تیرۆر بە دنیای بناسێنێت، بەڵکو خۆی وەک دەوڵەتێکی ستەمکار بۆ هەموو دنیا دەردەکەوێت. کاتێک لە ساڵی ١٩٩١دا لەیلا زانا بۆ یەکەمجار بە کوردی سوێندی لەناو پەرلەمانی تورکیادا خوارد، و لەسەر ئەمکارەش زیندانی کرا و بە ١٥ ساڵ حوکم درا، تورکیا لە هیچ شوێنێکی دنیا و تەنانەت لای هاوپەیمانە نزیکەکانیشی نەیتوانی ئەم پەرچەکردارە وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریسم وێنا بکات. تا دواجار تورکیا ناچار بوو لە پاش فشارێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپی لەیلا زانا پاش ١٠ ساڵ لە زیندانی کردن ئازاد بکات. سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لەدوای ڕووداوەکانی کۆبانێەوە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئاژاوە نانەوە و پەیوەندی ژێر بە ژێر لەگەڵ پەکەکدا زیندانی کرا، تورکیا نەک نەیتوانی وەک کارێکی یاسایی دژ بە تیرۆر لەهیچ سوچێکی دنیادا وێنای بکات، بەڵکو دادگای ئەوروپی مافەکانی مرۆڤ لەساڵی ٢٠٢٠دا داوای ئازادکردن دەستبەجێی دەمرتاش و قەرەبوو کردنەوەی بە سەروو ٦٠٠ هەزار ێۆرۆ دەکات. بەڵام تەنانەت ئەم زیندانکردنەش نەیتوانی ڕێگە لەوە بگرێت دەمرتاش وەک کاندیدی هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی٢٠١٤ و ٢٠١٨دا بەشداری بکات و بڕیكی بەرچاو دەنگی کوردەکان بۆ خۆی بەرێت.
هەموو ئەم نمونانەی باسکران بۆ کەسیک کە لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی پێشوودا ژیا بێت، وەک مەحاڵ دەردەکەوێت، بەڵام لەمڕۆدا بوو بە وێنەیەکی ئاسایی ناو ژیانی سیاسی تورکیا.
دەمەوێت بڵیم وازهێنان لە شەری چەکداری و پەنابردن بۆخەباتی مەدەنی و دیموکراتیانە، نەک کۆتایهاتن بە خەباتی سیاسی (یان وەک هەندێک هاوڕی دەڵین ئاشبەتاڵ) نیە، بەڵکو چوونە ناو خەباتێکی سەخت و دژواری پڕ لە گێرمە و کێشەیە کە دەشێت گرتن، و زیندانی کردن و ئەشکەنجەدانی زۆری تیا بێت، بەڵام (کە ئەمەش گرنگە) کاریگەری و دەستکەوتی زۆر لە شۆڕشی چەکداری گەورەتر و فروانترە.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا تورکیا و بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی قوڵ لەناو تورکیادا ئامادەیە ئەم ڕێگەیە بگرێتە بەر، یان لە ترسی ئەوەی لەم خەباتەدا ناتوانن وەک جاران بەناوی تیرۆریزمە دژی بجەنگن، هەموو یاریەکە هەڵدەوەشێنەوە و ڕیگە نادەن ئەم پرۆسە دیموکراسیە سەربگرێت.