ڕاپەڕینێک بەڕێوەیە
3/6/2024 6:29:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو ، کۆتا قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی بوو، کە بەهۆیەوە شۆڕشی گەیاندە قۆناغی حوکمڕانی، دەیان ساڵ بوو شۆڕش بەردەوام بوو ،بەڵام هەتا ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵک دروست نەبوو نەیتوەنی کۆتایی بەدەسەڵاتی بەعسیەکان بهێنێت لە کوردوستان.
لە سەرەتاکانی ڕاپەڕیندا شۆڕش لە لاوزترین قۆناغیدابوو، ئەگەر چەند ساڵێکی تریش ئەو دۆخە درێژەی بکێشایە دور نەبوو ئاشبەتاڵێکی سەرتاسەری هەموو پارتە شۆڕشگێڕەکان دروست ببێت،لەبەر ئەوە دەبێت هەمو لایەنە سیاسیەکان ئەوڕاستیە بزانن کە دروست بوونی هەرێمی کوردوستان بەرهەمی ڕاپەڕینی گەلە نەک حیزبە شۆڕشگێڕەکان،بەڵکو ئەو حیزبانە سواری شەپۆلی ڕاپەڕین بوون و کردیانە سەرەتایەک بۆ دزیو و تاڵانی و وێرانکردن،ئەمەش خۆی لە بەرەیی کوردوستانیدا دەبینیەوە،گەل بە ئەمانەتەوە حوکمیان تەسلیمی بەرەی کوردوستانی کرد،بەرەیەک بێ پلان وبێ ستراتیجیەت حوکمی کوردوستانیان گرتە دەست،پاش ئەوەی ڕاپەڕین ڕویدا هەتا هەڵبژاردن خەڵک ئامادەبوو،بەزۆرینەی دەنگ بەشداری هەڵبژاردنیان کرد،بەڵام سەد مەخابن لەو کاتەوە یەکێتی و پارتی پەنجا بە پەنجا حوکمیان بەشکردو دەستیان دایە دزی و گەندەڵی و وێرانکردنی کوردوستان لە هەموو بوارەکاندا.
۳۳ ساڵە ئەودۆخە بەو شێوەیە دەڕوات، گەل لەو کاتەوە تا ئێستا چاودێریان دەکات بەجۆرەها شێوەی مەدەنی دنگە خۆی بەرزکردۆتەوە، وەک ڕێپێوان و بایکۆت وخۆپیشاندان و چەندان شێوازیتر، بەڵام حوکمڕانان وەک کەڕەی شەربەت مامەڵەی کردوە، پاش ۳۳ ساڵ لە ڕاپەڕین ئێستا هەمان زەمینە دروست بوەتەوە،خەڵک لەژێر پەستانێکی زۆردایە،هەموان لە ئاستێکی سیاسی باشدان،خەڵک نایەوێت دۆخی ئاسایشی هەرێم تێک بچێت،بەڵام دڵنیابن کەخەڵک بەشێوازیتر تۆڵە لەم حوکمڕانە بێ باکە دەکاتەوە،گرنگترین پێگەش بۆ دەربڕینی هەڵوێستێکی کەمەر شکێن هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردوستانە چونکە هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە جارەکانیتر، لە ئێستادا دادگای فیدراڵی لە سەر هێڵەو بەتەواوی یەکێتی و پارتی لاواز کردوەو کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات. بەمەش بچوکترین بوار نەماوە بۆ تەزویر، ئەمەش هیوایەکی گێڕاوەتەوە بۆ خەڵک کە ئەمجارە باشترین هەل دروست بوە بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمڕانی یەکێتی و پارتی ئەویش لە ڕێگەی بەشداری لە هەڵبژاردن و دەنگ دان بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. نەک ڕاپەڕین وەک ئەوەی لە ۹۱دا ڕویدا.