70وتار

ئۆردۆغان و ئەکەپە لەبەردەم سزای دەنگدەراندا

4/5/2024 10:12:00 AM
عومەر عەلی محەمەد


 ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیادا وەک زەمین لەرزەیەکی سیاسی گەورە بوو بۆ ئۆردۆغان و پارتەکەی، چونکە لە ساڵی دوو هەزار و دووەوە کە پارتەکەی تیایدا دامەزراوە، شکستی بەو جۆرەیان بە خۆیانەوە نەبینیوە.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ئەمە بە سزای دەنگدەری تورکیا لە قەڵەم دەدەن بۆ پارتە حکومڕانەکانی تورکیا، چونکە پێیان وایە ئەم پارتە لە جەماوەر دوور کەوتۆتەوەو ئەو پارتە نییە کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەڵێنی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی دیموکراسی و چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتی دەکرد لە تورکیادا. لە ئێستادا پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئۆردوغان هاوشێوەی ئەتاتورک گەڕاوەتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەمنی و سەربازی و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی دادگا و میدیا و پەڕلەمان و سوپا و دەزگای میت ،ئەویش لە پێناو پاراستنی حوکمڕانی و ترساندنی نەیارەکان لە ئۆپۆزسیۆن بە زیندانی و ئەشکەنجە و نان بڕین، ئەگەر لە بازنەی نەیارەکانی ئۆردووغان دا بن لە ئۆپۆزسیۆن. لە کۆتا وتاری ئۆردووغان پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ سزادانی ئەکەپە بووەو ئە وانیش لە ئەو پەیامەی هاوڵاتییان تێگەیشتوون، پارتی دادوو گەشەپێدان هەرچەند لە هەڵبژاردنەکەی دوو هەزار و بیست و سێ دا بە جیاوازییەکی کەم توانییان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ببەنەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی بە خۆداچوونەوە و گۆڕینی پەیامی سیاسی و بە سزا گەیاندنی گەندەڵکاران، بەڵکوو بە هەمان  ڕیتمی پێشوو درێژەیان بە سیاسەت دا و تەنانەت بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەیان ویست شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ و ئەنتالیا لە دەست ئۆپۆزسیۆن وەربگرنەوە ،ئەمەش مانای ئەوە بوو کە ئەوان لە دۆلێکن و جەماوەریش لە دۆلێکی تر،هاوڵاتییانی ئێستای تورکیا لە بارودۆخێکی خراپدان لە ڕووی ئابوورییەوە ،زۆرینەی گەنجان بێکارن، لیرە لە نزمترین ئاستدایە، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتەوە لە سەدا شەست و حەوت ،بازنەکانی ئازادی و دیموکراسی ڕۆژ بەڕۆژ بەرتەسک دەبنەوە .

لە بەرامبەر کێشەی کوردیشدا بە تەواوی دەرگای دانوستانیان داخستووە و ڕێگە چارەیەکی سیاسی ئەو تۆیان پێ نییە ،تەنانەت باس لەوە دەکەن کە شتێک نییە بە ناوی کێشەی کورد. لە لایەکی تریشەوە نەک هەر لە ناوخۆ بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانیش دەستی داوەتە هێرش بۆ سەر هاوڵاتییانی کورد و لە ڕێگەی درۆن و موشک و فڕۆکە و یەکەسەر بازییەکانی، بەردەوام بە ناوی درێژەپێدان بە سیاسەتی دژایەتی تیرۆر هاوڵاتییانی کورد دەکوژێت و ئەشکەنجەیان دەدات. هاوڵاتییانی تورکیا بە هەموو  پێکهاتەکانیەوە هاوڵاتی هۆشیارن، کوێرانە سیاسەت ناکەن و هەر حوکمڕانێک خزمەت بە  گوزەران و کەرامەتی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە ئازادیەکن نەگرێت یزەکان ، ئامادە نین دەنگی پێ بدەن و بێ دەنگ بن لە ئاست تاوانەکانیدا ،لە ئێستادا ئۆردووغان و پارتەکەی سزای خۆیان وەرگرتووە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەڵبژاردنی 2028، ئایا ئامادەن دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و بە خۆداچوونەوە ئەنجام بدەن و چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانەکان بدۆزنەوە ؟یان ئەمەیان دەبێتە سەرەتایەکی  نوێ و داد و گەشەپێدانیش دەبێتە بەشێک لە مێژوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن