188وتار

بۆچی هەژماری من جێگەی گومانە؟

7/8/2024 3:56:00 PM
عومەر عەلی محەمەد

لە ڕاستیدا سیستمی بانکی دیجیتاڵی، سیستمێکی ئابووری پێشکەوتوەو لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا و لەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دەوڵەت خاوەنی دامەزراوەی ئابووری پێشکەوتووە و خەڵکی متمانەی بە بانکەکان هەیە، لە ئێستاشدا بوونی سیستەمێکی بانکی دیجیتاڵی لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوەتە پێوەر بۆ ئاستی گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵات لە  ئابوورییەوە، هەر ئەوەش کە باسمان کرد پەیوەستە بە سیستمی سیاسی وڵاتەکەوە، چونکە لە ژێر سایەی سیستیمێکی دیموکراسی و کراوە و بازاڕی ئازاددا زیاتر ئەم جۆرە سیستمە گەشە دەکات. بەڵام ئەگەر سەیری سیستمی حکومڕانی بکەین لە هەرێمی کوردستاندا پاش تێپەڕبوونی سی و سێ ساڵ بە سەر تەمەنیدا ئێستا لە خراپترین و دواکەوتوترین قۆناغیایەتی، چونکە سەرەڕای ئەوەی هەموو دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و حکوومەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە کار خراون، تا ئێستاش پێنج جار هەڵبژاردنی پەرلەمان دوا خراوە و حکوومەت کار بە ڕێکەرە و لە بواری ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتیشدا تەواو وێرانە و هەردوو حیزبی حوکمڕان دەستیان بە سەردا گرتووە.ئەوەش کە دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە لە لایەن دوو حیزبەکەوە خێری پێ دەکرێت، بەم هۆیەشەوە ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەدرێتە حکوومەت نەک حکوومەت خۆی سەرپەرشتی داهاتەکان بکات. لەبەر ئەوە لە کوردستاندا بە هۆی وێرانی سیستمی حوکمڕانیەکەی سیستمی ئابوورییەکەشی بە هەمان شێوە وێران بووەوتەنانەت شتێک نیە بەناوی سیستمی ئابوری یان بانکی. هەموو مووچە خۆران بە گومانەوە سەیری هەوڵەکان و بەڵێنەکانی هەژماری من دەکەن و ئەوەش کە پڕی کردۆتەوە لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بە ناچاری بووە.

 

  سەرۆکی حکوومەت دەڵێت ئێمە دەبێت قۆناغێکی نوێ دەست پێ بکەین و کۆتایی بە قۆناغە کۆنەکە بهێنین، بەڵام دەکرێت بپرسین چۆن ئەو قۆناغە تازەیە دەست پێ بکەین؟ چونکە سەرەتای گۆڕانکاری دەبێت لە سیستمە سیاسییەکەوە بێت و هەرێمی کوردستان خاوەنی حکوومەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو بێت، ئایا لە کاتێکدا کە ئێستا جۆرێک لە دوو ئیدارەی هەیە و سەرچاوەی داهاتەکان برایانە بەش دەکرێن و حکوومەت خاوەنی بانکێکی نیشتیمانی نیە ،چۆن دەتوانین ئەو هەنگاوە بنێین؟

 

  کێشەی ئێستای فەرمانبەران لەگەڵ هەژماری من بێ متمانەییە بەرامبەر بە بەڵێنەکانی حکوومەت ،چونکە لە ڕابردوودا مووچە خۆران زۆرترین تاڵاویان بە دەست ئەم حکوومەتەوە بینیوە لە پاشەکەوت و لێبڕین و دواکەوتنی مووچە. لە ئێستادا حکوومەت بیست و شەش ترلیۆن دیناری فەرمانبەران قەرزارە، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەشدا یەک بەڵێنی نەداوە بۆ گێڕانەوەی. لە لایەکی تریشەوە فەرمانبەران ترسی ئەوەیان هەیە کە بە بڕیارێکی سەرۆکی حکوومەت لەو ڕێگەیەوە تەواوی قەرز و باج و پێشینەکان لەو مووچەیە ببڕدرێت، بەڵام بۆ مووچە پاشەکەوتکراوەکان حکوومەتی ناوەند تاوانبار بکرێت٠واتە خۆی نەکات بەخاوەنی موچە نەدراوەکان.فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاڵاوی زۆریان چەشتووە بە دەست ئەم حوکمڕانانە و متمانەیان پێی نەماوە، چونکە بە ئەزموون بینیویەتی کە حیزب چ کارێکی  بە حکوومەت کردووە و چۆن خستوویەتیە ژێر هەژمونی خۆی. لە ڕابردووشدا بە تایبەتی لە ساڵانی دوو هەزار و چواردە بۆ دوو هەزار و شازدە ،ئەوەی بینیوە کە بانکەکان تاڵان کراون، دەست گیراوە بە سەر پارەی بازرگان و بەڵێندەران و تەنانەت هەشت ملیار دۆلاریان لە بانکی TBI بردووە و ئێستا شەش ملیار قەرزارن.فەرمانبەرانی هەرێم دەیانەوێت مووچەکەیان بخرێتە سەر هەژماری بانکێک کە دوور بێت لە ململانێی سیاسی ،بۆنمونە ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا یان هەرێم و ئێران یان یەکێتی و پارتی ،لە ئێستاشدا بانکە فیدراڵییەکان باشترین شوێنن بۆ ئەو کارە ،چونکە بە ئەزموونی چەندان ساڵی ڕابردوو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دوا نەکەوتووە وەک

 

هەرێمی  کوردستان پاشەکەوت و لێبڕینیان نەبووە و نزیکەی حەڤدە خزمەتگوزاریشیان پێشکەش بە فەرمانبەران کردووە .ترسەکە لەوەدایە کە بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بانکی ئەهلین و پشت ئەستوور نین بە بانکی مەرکەزی و لە کاتی هاککردن یان ئیفلاسدا کێ زەمانەتی گەڕانەوەی مووچەی مووچە خۆران دەکات؟ لە لایەکی تریشەوە دەکرێت بپرسین لە کاتێکدا کە حکوومەتی هەرێم نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە و دەبێت داهاتی ناوخۆ و گومرگەکانیش ڕادەستی بەغدا بکات ئیتر بۆچی ئامادە نییە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت؟ مووچە خۆران لەوە دەترسن کە لەم ڕێگەیەوە حکوومەت درێژە بە سزاکانی بۆ سەر مووچە خۆران بدا ت و نەهێڵێت لە ڕوو داراییەوە ئازاد بن, لە لایەکی تریشەوە لە لایەکی تریشەوە ئێمە دەبینین بە هۆی ژمارەی زۆری فەرمانبەران کە بەشێکی زۆریشی بن دیوارن ئەوە پەردەپۆش بکات و چاکسازی تیا نەکات ، بەمەش زیاتر گەشەی ئابووری هەرێم دەمرێت و هیوایەک دروست نابێتەوە بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن