ئایندەی سووریا لە ململانێی جەمسەرە جیاوازەکاندا
12/4/2024 9:55:00 AM
عومەر عەلی محەمەد
ئەوەی ئێستا لە سووریادا ڕوو دەدات درێژەپێدەری ئەو جەنگ و ململانێیەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە ،ئەم جەنگە سەرەڕای ڕەهەندە هەرێمایەتییەکەی ،تەنانەت ڕەهەندێکی جیهانیشی هەیە، هەنوکە،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەوەی کە سەرچاوەیەکی گرنگی وزەی جیهانییە، لەبەر ئەوە لە لایەن زلهێزەکان و کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانەوە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە.
لە ئێستادا ئیسرائیل وەک چاوی ئەمریکاوایە لە ناوچەکەدا. ئەوەی دەیەوێت بە پشتیوانی ئیسرائیل و بە نوێنەرایەتی ئەو دەیکات ،لەبەر ئەوە درێژە پێدانی جەنگەکە هەتا ئەو ئاستە دەڕوات کە ئامانجەکانیان دێنێتە دی. ئەم جەنگە لە دوای لێدانی گەورەی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان هات، کە بە پێی لێدوانی ئیسرائیلیەکان ئیتر مەترسی نییە بۆ سەر قەوارەی جوولەکە.پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست ،ئیتر جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە ،ئەویش ڕۆیشتنە بە ئاراستەی سوریا ، نابێت سوریا بەم شێوەی ئێستای بمێنێتەوە کە ڕێڕەوی گەیشتنی چەک بێت لە عێراقەوە بۆ باشووری لوبنان، دەبێت میلیشیاکانی ئێران لە سووریادا وەدەربنرێن و ئێران لە سووریا بکرێتە دەرەوە ،لەبەر ئەوە سیناریۆیەک داڕێژراوە کە ئەویش گۆڕینی پێگەی سووریایە لەبەرەی ڕووسیا و ئێرانەوە بۆ بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا ،ئەمەش ناکرێت بە شێوەی ئاشتی و دیپلۆماسی ئەنجام بدرێت ،بەڵکوو دەبێت بە پرۆسەیەکی سەربازی و توندوتیژی بێت.
بۆ ئەوەش کە ئیسرائیل و ئەمریکا بە دوور بن لەوەی ڕاستەوخۆ ئەم کارە بکەن ،هێزە ئۆپۆزسیۆنە سوورییەکان لە دەستەی ئازادکردنی شام و سوپای ڕزگاری سووریا و هێزە چەکدارەکانی تر بە کار دەهێنرێن. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا پشتیوانی ئەم پرۆسەیە دەکات، چونکە ئەویش لە ئێستادا لە جەنگدایە لەگەڵ هەسەدە و هێزەکانی ناوچەی خودسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لەم قۆناغەدا ئەمریکا و هەوپەیمانان دەتوانن ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا بە کار بهێنن و پشتیوانیان بکەن، چونکە لە ئێستادا خاوەنی نزیکەی سی هەزار چەکدارن و خاوەنی دیدێکی سەلەفی جیهادین، زۆر دژی بوونی میلیشیاکانی حیزب وڵاو ئێرانن لەناو خاکی سووریادا و لە دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی سووریەش لە ٢٠١٤دا تاکە ڕێگەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژێمی سووریا شۆڕش و بەکارهێنانی توندوتیژییە، ئەم توندوتیژیانە لە ئێستادا درێژەیان هەیە و ئۆپۆزسیۆنیش بە بێدەنگی ئەمریکاوهاوپەیمانان و پشتیوانی ناڕاستەوخۆ، لە پێشڕەویدایە ،ئەمەش بەرەو ئەوە دەچێت یان سووریا دابەش دەبێت بۆ سێ ناوچەی فیدراڵی و بەمەش سووریا ئەو وڵاتە بەهێزە نامێنێت کە مەترسی بێت بۆ سەر ئیسرائیل . یان دەبێتە وڵاتێکی وێران و پڕ لە ناکۆکی و ئاژاوە بۆ کاتێکی نادیار، یان هاوشێوەی تاڵیبان سووریا دەکەوێتە دەست هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەمریکاش پشتیوانی لە حکومڕانییان دەکات، یان بە مەرجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕازی دەبێت و دەبێتە بەشێک لە ئەم هاوپەیمانێتیە و ڕازی دەبێت بە وەدەرنانی حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریادا.