70وتار

هێلکە بارانەکەی شاسوارو قسەیەکی تر...

1/2/2025 12:15:00 PM
عومەر عەلی محەمەد

 

ئەو دیمەنانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاو کرانەوە لە سەر هێلکە بارانەکەی شاسوار عەبدولواحید،شتێکی نوێی تێدا نەبوو، جگە لە ئەخلاقی پارتە سیاسیەکان کە بۆ ناشیرین کردنی نەیارەکانیان پەنای بۆ دەبەن،کە شێوازێکی بازاڕی و نا لۆژیکی و نا ئەخلاقیەو لە ئەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت کار لەسەر ڕای گشتی بکەن.

پارتە دەسەڵاتدارەکان لە مێژوی دەیان ساڵەی خۆیاندا هەموو جۆرە توندو تیژیەکیان بەکار هێناوەو لە گەڵیدا هەموو سوکایەتیەکیان بە ئەندامانی یەکتر کردوە،لە ئێستاشدا ڕاستە کە هۆکاری توندوتیژی لە ئاستێکی نزمدایەو شەڕی خوێناوی لە نێوانیاندا نیە،بەڵام ئێستا شەڕەکە چوەتە بواری میدیاو سۆشیال میدیاو جۆرەها شێوازی تر، کە زۆر جار لەلایەن دەزگا جاسو سیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.لە ڕاستیدا ئیدارەی ئەم جۆرەی ململانێی سیاسی، ئاستی سیاسەت کردنی هێناوەتە نزمترین ئاست و ئەمەش وای کردوە کە زۆرینەی هاوڵاتیان نەفرەت لە سیاسەت بکەن،چونکە لە جیاتی دیبەیت و گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوەی عەقڵانی ،کۆمەڵێک کاراکتەر بەناوی سیاسەتەوە کاردەکەن کە خاوەن هیچ تێگەیشتنێکی سیاسی نین و لە ئاستی سەرۆکایەتیشدا کەمترین سیفەتی سەرکردەیان تێدا نیە وەک ئەوەی لە گەشەپێدانی مرۆیدا باس کراوە..من پێم وانییە شاسوار بەم جۆرە سیناریۆو ڕەفتارانە زیان بکات ،بەڵکو بە  جۆرێک لە جۆرەکان وەک جوڵانەوە پۆپۆلستیەکەی سود مەند دەبێت لێی،چونکە ئەو لە بواری میدیا و سۆشیال میدیادا خاوەنی تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی بەهێزەو دەتوانێت بە قازانجی خۆی تەوزیفی بکات،

پێم وایە لە ئێستادا بۆ ئەوەی سیاسەت و ململانێ سیاسیەکان بخرێنەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستی،ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و سیاسیە پڕۆفیشناڵە کان و میدیاکاران و کەسایەتیە نیشتمانیە دڵسۆزەکانە ،کە ڕێنمایی پارتە سیاسیەکان بکەن بۆ ئەوەی لە جیاتی تەخوین و سوکایەتی و ناوزڕاندنی یەکتر ،پەنا ببەن بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەو کارکردن لە سەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و کەموکوڕیەکان ،لەڕێگەی داتاو زانیاری دروست و باوەڕ پێکراو ،لە هەمان کاتدا فرەیی و جیاوازی ببێتە هۆکاری گەشەپێدانی دیموکراسی و لێبوردەیی و یەکتر قبوڵ کردن.چونکە لە ئەم ڕێگەیەوە هێزی سیاسی کاراو لێهاتوو خزمەت گوزار دەر دەکەوێت و لەم ڕێگەیەشەوە سەرکردەی لێهاتوو دەناسرێت

.لە ئێستای هەرێمی کوردوستاندا سیاسەت لە گرێژنە دەرچووە، ئەوەی پیادە دەکرێت سیاسەت نیە،چونکە بە مانا زانستییەکەی پارتە سیاسیەکان لە مانا جەوهەریەکەی خۆی لایانداوە ،یان بوونە خێڵی سیاسی یان تەکیەو خانەقا بە دەستی شێخێکەوە،پێم وایە ماکی گەندەڵیەکانی حوکمڕانیش لە هەرێمی کوردوستان هەر ئەوەیە ،هەتا پارتە سیاسیەکان نەچنەوە سەر جەوهەری کاری سیاسی ئەو قەیرانەش چارەسەر نابێت و هەر بەردەوام دەبێت.

ئەگەر بمانەوێت ڕاستی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدول واحید بناسین .دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت پەلکێش بکرێن بۆ نێو گفتوگۆو دیبەیتی فکری و عەقڵانی ،چونکە لێرەوە دەتوانیت  کارەکتەرە فیکری و عەقڵانیەکانی خۆی و گروپە سیاسیەکەی بناسیت ،بە تایبەتی ئەندام پەڕلەمانەکانی ،چونکە لە ئێستادا نەوەی نوێ هیچ دامەزراوەیەکی سیاسی نیە هەتا بەشداری گفتوگۆو دیبەیتەکان بکەن، زۆرینەی ئەندام پەڕلەمانەکانیشی کەمترین ئەزمونی سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەییان هەیەو بێجگە لە داگیرکردنی کورسیەک لە پەڕلەمان ناتوانن هیچ ڕۆڵێکیتر ببینن،ئەمەش تەنها تایبەت نیە بونەوەی نوێ بەڵکو زۆرینەی ئەندام پەڕلەمانی لایەنەکانی تریش بە هەمان شێوەن و نە لە پەڕلەمان و نە لە دەرەوەی پەڕلەمان هەست ناکەیت هیچ چالاکیەکیان هەبێت.لە  کاتێکدا لە وڵاتە دیموکراسی و پێشکەوتووەکاندا لێهاتوترین کەسایەتی کۆمەڵگە لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا دەبنە ئەندامی پەڕلەمان.بەو هۆکارەش لە هەرێمی کوردوستاندا پەڕلەمان لە دامەزراوەیەکی گەورەی دیموکراسی و چاودێریەوە بوەتە دامەزراوەیەکی گاڵتەجاڕی.

 بەسیفەتی ئەوەی کە چەند ساڵێک ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئەو جوڵانەوەیە بووم ، لاوازترین خاڵی ئەو جوڵانەوەیە ئەوەیە کە بەتەواوی دابڕاوە لە هەموو چالاکیەکی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەیی ،تەنانەت بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی حیزەکانیشدا ناکەن و بەتەواوی دابڕاون لە کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداری هیچ دیبەیت و کۆبونەوەیەک ناکەن و ئەمەش بە فەرمانی سەرۆکی جوڵانەوەکەیە، لەبەر ئەوە ئەگەر سەرنجی هەمو میدیاو چالاکی ڕێکخراوەکان و دیبەیتە جیاوازەکان بدەیت لە میدیاکان و زانکۆکان و سەنتەرە جیاوازەکان ، نابینیت هیچ ئەندامێکی نەوەی نوێ بەشداری تێیدا هەبێت، ئەمە لە لایەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەندام پەڕلەمانەکان توانای بەشداری ئەو جۆرە فەزایەیان نیە ،لە لایەکی ترەوە سەرۆکی جوڵانەوەکە پێی وایە ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەو گوتارە نیەو بەچەند لێدوان و پۆستێکی سادە دەتوانیت کاریان تێ بکەیت و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگت پێ بدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن