مامۆستایانی ناڕازی و قەیرانی پلان و ستراتیجیەتی کار
2/20/2024 12:13:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی نی ڕابردوو بایکۆتی
مامۆستایانی ناڕازی لە دەڤەری سەوز شکستی هێنا و لە ڕێگەی فشاری جۆر بە جۆرەوە مامۆستایان
ناچار کران کە بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن
.پاش چوار مانگ لە بایکۆت، زیاتر لە حەوسەت هەزار قوتابی خوێندنی وەرزی یەکەمیان لە
دەست چوو،ب ئامەش بووە هۆی بە جێهێشتنی شوێنکاری نێگەتیڤ لەسەر پڕۆسەی خوێندن و بەمەش
قوتابییان تووشی زیانێکی زۆ بوون کە شوێنکارەکەی بۆ ساڵانی داهاتوو بەئاشکرا دەردەکەوێ.
لێرەوە دەکرێت بپرسین بۆچی بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی بە درێژایی چەندان ساڵی ڕابردوو
ئەم ساڵیش نەیتوانی ئامانجەکانی بە دەست بهێنێت و دواجار لە جیاتی ئەوەی ئەم بایکۆتە
ببێتە فشار بۆ سەر وەزیری پەروەردە و حکوومەتی هەرێم، بە پێچەوانەوە ئەوان فشار لە
مامۆستایان دەکەن و دواجار حکوومەت خواستەکانی خۆی فەڕز دەکات و مامۆستایان ناچار
دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستیە تێ بگەین کە خۆپیشاندان
و بایکۆت و ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوازی مەدەنییانە، دەبێت لە چوارچێوەی سیستمێکی
سیاسی وادابێت کە بڕوای بە دیموکراسی و چەسپاندنی
مافەکانی هاوڵاتی و بڕوای بە ڕووی ئیجابی کۆمەڵگەی مەدەنی هەبێت .بەڵام ئەگەر سەیری
سیستمی حوکمڕانی بکەین لە هەرێمی کوردستاندا ، حوکمڕانیەکەی بە دیموکراسی ڕووپۆش
کراوەو لە ناوەڕۆکدا سیستمێکی ئۆلیگاریشی و خێڵگەرا و ستەمکارە و دورە لە هەستکردن
بە مافی هاوڵاتییان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و هەستکردن بەبەرپرسیارێتی لە ئاست پێداویستییەکانی
تاک و بڕوابوون بە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی . کەواتە هەر لە بنەڕەتەوە گرتنە بەری
ئەم ڕێکارە مەدەنییانە بۆ دەسەڵاتێکی نامەدەنی جێی، پرسیارە بەڵام لە لایەکی ترەوە
ئەمە لە گرنگی خەباتی مەدەنی کەم ناکاتەوەو بێ بایەخی ناکات، چونکە هەتا ئێستاش خەباتی
مەد تەنی لەسەر ئاستێکی جیهانی بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و توانیویەتی چەندان دەسەڵاتی
تاکڕە وو گەندەڵ و نادیموکراسی بڕوخێنێت و لە جێگەیدا دەسەڵاتێکی دیموکراسی باش بنیات بنێت.
بەڵام لێرەدا دەکرێت بپرسین ،کەواتە بۆچی خۆپیشاندان
و ناڕەزایەتی و بایکۆتی مامۆستایان ناتوانێت کاریگەر بێت و حکوومەتی هەرێم ناچار
نابێ بۆ ملکەچ بوون بۆ داواکارییەکانی مامۆستایان ؟لە کاتێکدا کە مامۆستایان لە هەرێمی
کوردستاندا ژمارەیان لە سەدو هەشتاو پێنج هەزار مامۆستا زیاترە و بواری پەروەردەش یەکێکە
لە کەرتە زیندووە کاریگەرەکان لە نێو کۆمەڵگەدا؟
ئەگەر
سەرنج لە شێوازی ڕابەرایەتی مامۆستایان و میکانیزمی ناڕەزایەتییەکان و پلانەکان بدەین
دەتوانین بڵێین. خاڵی لاواز تیایدا ئەوەیە کە بە شێوازی مەدەنی هاوچەرخ نەبوو ،نەتواندراوە
ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی ببێتە ئاراستەی ئیجابی سەرنجڕاکێش لە لایەن چین و
توێژ کانی کۆمەڵگە و نەتوانراوە ببێتە خەباتێکی مەدەنی کە وەک ڕایەڵەیەک لەناو کۆمەڵگەی
مەدەنیدا کار بکات و بۆ ئەم مەبەستەش تۆڕێک دروست بکەن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی، چونکە زۆربەی ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی مامۆستایانی گرتووە هاوشێوەیە لەگەڵ
هەموو فەرمانبەرانی تری وەک پزیشک و ئەندازیار و شارەوانی و کارەبا و .....هتد. لێرەدا
دەتوانین بڵێین پارتە حوکمڕانەکان زۆر کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە نەهێڵن کۆمەڵگەی
مەدەنی بەهێز بێت و لە ڕێگەی دوو پارتە سەرەکییەکەی ناوحکومەتەوە توانیویانە زۆرینەی
ڕێکخراوەکان بکەنە ژێر باڵی خۆیان و بە دیدی گرامشی کۆمەڵگەی مەدەنی بگۆڕن بۆ کۆمەڵگ
بێ حیزبی،لە لایەکی تریشەوە توانیویانە بە پێی سیاسەتی ئیپریالیزمی پەرتکەو زاڵبە،زۆرینەی
چین و توێژەکانیان پارچە کردوەو پاشان کردویانن بە دوژمنی یەگتر.هەر ئەم هۆکارەش
بوو کە نەبوە هۆی فراوانبونی خۆپیشاندانەکان و فەرمانبەرانی تر پشتگیریان نەکردن.
لەم ڕوانگەیەوە مامۆستایانی ناڕازیش دەبوایە هەنگاویان
بنایە بۆ قۆناغی کاریگەری مەدەنی بۆئەوەی ببنە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ئەویش بەوە دەبوو سەرەتا خۆیان وەک ڕێکخراوێکی پیشەیی مامۆستایان ڕا بگەیاندایە
،چونکە ڕێکخراو بوون واتە دروست کردنی ڕایەڵەیەکی بەهێز لەناو کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو
کاتەش دەتوانرا لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان وەک پاراستنی ماف و کەرامەتی هاوڵاتی
کوردستانی، لەسەر ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش ڕێکەوتن هەبووایە. لە لایەکی تریشەوە
بوونی شوناسێکی ڕێکخراوەیی دەرگای دەکردەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی پردی پەیوەندی
دروست بکرێت لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندی بڕیار و پەیوەندیدار بە کەیسی
مافەکانی مامۆستا لە حکوومەتی فیدراڵ و قونسوڵ و سەفارەتی وڵاتانی دەرەوەش، چونکە
ئەو ناوەندانە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراودا دەگەن نەک گرووپی مامۆستای ناڕازی .
لە لایەکی ترەوە بوونی ڕێکخراوێکی سەرتاسەری پیشەیی
سەربەخۆی مامۆستایان ،دەبێتە مایەی ئەوەی کە سنوورێک بۆ پارتە سیاسیە کان دابنێن بە
ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە کە نەتوانن بێنە ناو ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیەی مامۆستایانەوە
و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان ببن بۆ مەبەستی سیاسی .پێم وایە ئەو کاتە حکوومەتیش
بە چاوێکی تر سەیری داواکارییەکانی ئەم ڕێکخراوەی دەکردو وەک ئێستا وەڵامی نەدەدایەوە
.چونکە لە ئێستادا بایکۆت و خۆپیشاندانەکان تێکەڵ بووە لەگەڵ هەندێک ئەجێندای سیاسی
،لە لایەک کاریگەری ململانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی پێوە دیارە، لە لایەکی تریش ئۆپۆسیۆن و حکوومەت
.بە هۆی ئەوەش کە تێکەڵ بەم دۆخە قەیراناوییە سیاسییە بووە، دواجار مامۆستایانی ناڕازی
بوونە قوربانی و کپکردنەوەی خۆپیشاندان و کۆتایی بایکۆت یان کرد بە کارتی فشار بۆ
سەر یەکتر و لە کۆتاییشدا هەردوو پارتە حکومڕانەکە ڕێککەو وتن بەبێ وەڵام دانەوەی
داواکارییەکانی مامۆستایان ،بڕیاریان دا مامۆستایان بنێرنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
بۆ ئەوەی ئەمە ڕووی نەدایە ،دەبوایە هەر لە سەرەتاوە
مامۆستایان زۆر لەوە هۆشیارتر بن کە بکرێنە قوربانی ململانێکان و لە سەرەتاوە دەبووایە
پلانەکانیان سەربەخۆیی و پیشەیی بوون و وادەی زەمەنی پێوە دیار بوایە. لە لایەکی
تریشەوە ئەگەر مامۆستایانی ناڕازی لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی پیشەیی مەدەنی مامۆستایان
دا بووایە، دەیتوانی مامۆستایانی هەردوو دەڤەرەکە بە یەکەوە گرێ بدات و ئەو کاتە
مامۆستایانیش بەرچاو ڕوون دەبوون کە ڕێخراوێکیان
هەیە و نوێنەرەیەتییان دەکات و ئەوەش زیاتر متمانەی بۆ پەیدا دەکردن، پێم وایە ئەگەر
لەم کاتەدا دەرگای بە ئەندام بوون بکرایاتەوە جێی بە ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایان لەق
دەکرد و دەبوونە ئەو ڕێکخراوەی کە نوێنەراتی زۆرینەی مامۆستایان بکەن لە هەرێمی
کوردستان ،ئەگە ئەم هەنگاوەش بنرایە ،ئەو کاتە نا ڕەزایەتییەکان ئەوەی تێپەڕ دەکرد
کە لە زۆنێک بێت و زۆنەکەی تر وەک ئاشی ئاوکەوتووی لێبێت. چونکە بەشێکی تر لە نەبوونی
کاریگەری بایکۆت و خۆپیشاندانەکان لەسەر حکوومەت ئەوە بوو کە تەنها لە دەڤەرێک بوو
،بەڵام دەڤەرەکەی تر مێش میوانی نەبوو.
ئەگەر مامۆستایانی ناڕازی بەو شێوەیە نوێنەراتی
مامۆستایانیان بکردایە ،ئەو کاتە بە پلان چالاکییەکانیان ئەنجام دەداو سوودیان لە
ئەنجامی بایکۆتوو خۆپیشاندانی ساڵانی ڕابردوو دەبینی و درێژەیان بەو چالاکیە مەدەنییانە دەدا کە ساڵانی ڕابردوو نەیان کردووەو شتی نوێ و دا داهێنانکارییان
دەخستە ڕوو.
ڕاستییەک هەیە دەبێت هەمووان وەک مامۆستا بیزانین،
ئەویش ئەوەیە کە دروستکردنی دۆخێکی لەو شێوەیە ،دەبێت هۆشیار بین کە پارتە حکومڕانەکان
تەوزیفی نەکەن بۆ خۆیان و دوا جار مامۆستای تیادا تاوانبار ببێت و ڕێکارە مەدەنییەکان
بێ ئەرزش ببن بۆ ساڵانی داهاتوو مامۆستا بێهیوا بکات لەو ڕێکارە مەدەنییانە .لە لایەکی
تریشەوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە دوو پارتە حکومڕانەکە لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری
بەر پرسەکانیان پشکیان هەیە لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا لەبەر ئەوە بە بەرنامە کار
بۆ لاوازکردنی خوێندنی حکوومی دەکەن. لە ئەمساڵیشدا ئەو ڕاستییەمان بە چاوی خۆمان
بینی کە بەشێک لە دایبابی قوتابی منداڵەکانیان گواستەوە بۆ خوێندنی ئەهلی، ئەیش بە
هۆی مەترسییان لە درێژە کێشانی بایکۆت کە ببێتە هۆی لە دەستچوونی ساڵێکی خوێندنی
مناڵەکانیان، بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتە ڕوو نەدات، مامۆستایان دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە
لەگەڵ ئەم دۆخەشدا بکەن و ئەوان نەبنە هۆکار بۆ زیان گەیاندن بەخێزانی فەرمانبەران
و هەژار و کەم دەرامەتەکان، کە بێجگە لە خوێندنی حکوومی هیچ ڕێگە چارەیەکی تریان نییە.
بۆ ئەوەی ئەمەش ڕوونەدات، ئەگەر پلانی بایکۆتیش
لە ئارادا بووایە دەبووایە پابەندی بکەن بە سەقفی زەمەنی و ئەگەر لەم ماوەیەدا
حکوومەت ملکەچ نەبێت ،دەبووایە پەنا بۆ ڕێگەی تر ببرێ نەک درێژەدان بە ستایلێک کە
دوبارەیەو ساڵانی تریش بێ ئەنجام بووە، لەبەر ئەوە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ
ئەم دۆخەدا نەکرێت، لەوانەیە تەوزیف بکرێت بۆ تاوانبارکردنی مامۆستا کە هۆکارە لە
بە فیڕۆچوونی خوێندن و نزمی ئاستی قوتابی لە ڕووی فێربوونەوە، کەواتە ئەگەر مامۆستایانی
ناڕازی لە ئاستی گشتی هەرێمدا دەیانەوێت خەباتێکی مەدەنی کاریگەر بکەن بۆ بەدەستهێنانی
مافەکانیان ،دەبێ سەرەتا بیر لە دروستکردنی ڕێکخراوێکی پیشەیی مامۆستایانی سەربەخۆ
بکەنەوە، پاشان خاوەنی دید و پلانی ڕۆشن بن بۆ داواکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان
،چونکە ناکرێت بۆ ئایندەش هەمان ڕێ کار دووبارە بکرێتەوە.کۆتایی هێنان بەناڕەزایەتییەکانی
ئەمساڵیش ئەوەی سەلماند کە ئەو شێوازە سەرکەوتوو نەبووەو دەبێت بیر لە شێواز و ڕێکاری
تر بکرێتەوە، ڕێکخراوبوونیش سەرەتای ئەو دیدە نوێیەیە کە دەبێت کاری بۆ بکرێت.