پەیامەکەی ئۆجەلان لە فەزایەکی سیاسی گۆڕاودا
2/18/2025 12:21:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
بڕیار وا بوو لە ١٥ی ئەم مانگەدا ئۆج ئالان پەیامێک ئاراستەی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی ناو خۆی تورکیا بکات ،دەربارەی نەخشەڕێگای پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوە کانی و ئامانجەکان. لەو کاتەی کە دیاری کرابوو بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکە نەتواندرا ئەو کارە ئەنجام بدرێت و ڕۆژێک لە دوای وادەی دیاری کراو ،وەفدێکی دەم پارتی کە پێک هاتبوو لە پەروین بوڵدان ،سەری سوورەیا و ئەحمەد تورک ،سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد ،ئەم وەفدە دوو جار لە ئیمرالی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کردووەو کۆبوونەوەیان لەگەڵدا ئەنجام داوە ،هەمان وەفد لە ١١ی مانگ سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوسکداغ یان کردووە. شایەنی باسە لە ئێستادا هەردووکیان لە زینداندان.لە ساڵی ٢٠١٥داپڕۆسەی ئاشتی پێشو کۆتایی هات و لەنێوان هەردولادا جەنگ دەستی پێکردەوە،بەبڕوای زۆر لە چاودێرانی سیاسی هەردولایان گەیشتونە ئەو ئەنجامەی کە درێژەدانی شەڕو توندوتیژی هیچ ئەنجامێکی نیەو دواجار هەر دەبێت لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.
لەبەر ئەوە هەردوو لایان جارێکی تر ئامادەییان نیشاندا کە گەڕێکی تری پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکەنەوە. دەستپێکردنەوەی ئەمجارەی گەڕی ئاشتی لە بارودۆخێکی جیاوازدایە و لە ڕووی ناوخۆی تورکیاو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گۆڕانی گەورە ڕوویان داوە ،ئەم گۆڕانکارییانەش بوونە هۆی دروستکردنی فشار لەسەر هەردوو لایان کە بێجگە لە دەستپێکردنەوەی دانوستان و چەسپاندنی ئاشتی هیچ ڕێگە چارەیەکی تر نیە.
باخچەلی لە یەکی دەی دوو هەزار و چواردە دا کاتێک کە چووە پەرلەمانی تورکیا و تەوقەی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی کرد وتی :کوردەکان پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگای تورکین، دەمانەوێت برابین و بەشدار بن لە گەشەپێدانی تورکیادا، هەموومان بە یەکەوە دژ بە هەوڵەکانی پەرتکردن بوەستین و دژی ئیرهاب بین و هەموومان بە ئاشتی بەیەکەوە بژین. پاش دیدارەکە
پێشنیاری کرد وەفدێک سەردانی ئۆجەلان بکات و بێتە پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی پارتی pkk ڕابگەیەنێت .لەدوای ئەوەش ئۆردووغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا پشتیوانی لە داواکەی بەخچەلی کرد و ئەویش داوای پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی کورد و تورکی کرد و داوای پێکەوە ژیان و کۆتایی هێنان بە ئیرهاب و توندوتیژی کرد.
جەختکردنەوەی هەردوو جەمسەرە بەهێزەکەی حکومڕانی لە تورکیادا مانای وایە کە وەک دەوڵەت ئەم پرۆسەیان بە لاوە گرنگە و مانەوەی ئەم دۆسیەیە بە چارەسەر نەکراوی بە مەترسی بۆ سەر ئایندەی دەوڵەتی تورکیا دە بینن، بەرپرسانی تورکیا ئێستا وا دەزانن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری و هەڵوەشان و سەر لە نوێ بنیادنانەوە هەنگاو دەنێت.
گۆڕانکارییەکان خێران و لە دوای ٧ی ئۆ ئۆکتۆبەری جەنگی غەزە لە ٢٠٢٣وە، ئەم گەردەلولە هەڵی کردووە ،بەم هۆیەوە بەرەی مقاوەمەی سەر بە ئێران تەواو بەرەو لاوازی ڕۆیشتووە، ڕژێمی ئەسەد لە سووریا ڕووخاوە و عێراق لە لەبەر دەم مەترسیدایە و تورکیاش لە نەخشە نوێیەکەی نەتەنیاهۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکە لەو دەوڵەتانەی کە دەکەوێتە بەردەم ئەم شاڵاوە.
لە لایەکی تریشەوە ڕۆژ بۆ ڕۆژ دابەزینی کێرڤی دەنگەکانی ئەکەپەو دابەزینی نرخی لیرە و قووڵبوونەوەی تەنگژە ئابوورییەکان و هاتنە پێشەوەی ئۆپۆزسیۆن، هەموو ئەمانە فاکتەری ئەوەن کە دەبێت حوکمڕانانی تورکیا هەنگاو بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ کورد دابنێن. لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا ئۆجەلان بە کلیلی چارەسەری ئەو ئەو کێشەیە دەزانێت، چونکە هەتا ئێستاش وەک کاریزمایەکی گەورە دەردەکەوێت و پاش ٢٦ ساڵ لە زیندانی توانیویەتی لەسەر ئاستی هە چوار پارچەکەی کوردستان خاوەنی زۆرترین لایەنگر و هەوادار بێت. ئۆجالانیش هاوشێوەی سەرۆکی هەردوو جەمسەری حوکمڕانی باس لە گەشەپێدانی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی گەلی کورد و تورک دەکات و ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە توانای ئەوەی هەیە خز مەتی گەورە بەم پڕۆسەیە بکات.
پرۆسەی ئاشتەوایی ئەم جارە کە ئەندازیارەکەی لە ئیمراڵیە،
دەیەوێت ببێتە خەمێکی گەورەی نیشتمانی تورکیا ،ئەویش بە وەرگرتنی ڕای هەمووان بێت لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان کۆمەڵگەی مەدەنی و دواجاریش لە پەڕلەمان دانی پێدا بنرێت،لە لایەکی تریش وەرگرتنی ڕا و سەرنجی هەردوو پارتە حوکمڕانەکەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی کە زەمینە خۆش بکات بۆ ئەو پەیامەی کە ئۆجەلان دەیەوێت ڕای بگەیەنێت، لە ئێستادا پارتی کرێکارانیش ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان بڕوایان بە پەیامو بۆچوونەکانی ئۆجەلان هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە بەشێک لە پەیامەکەی ئۆجەلان داواکردن بێت لە PKK کە چەک دابنێن،ئەمەش خاڵی جەوهەریە لەم پڕۆسەیەداو مەرجی سەرەکی تورکەکانیش بۆ بەرەو پێشچوونی پرۆسەکە ئەم خاڵەیە،بەڵام ئایە وەڵامی قەندیل چی دەبێت و چۆن لەگەڵ ئەم داوایەی ئۆجەلان مامەڵە دەکات ؟،ئایە ئامادەن ملکەچی ئەو داوایەی ببن و دەست بدەنە خەباتێکی سیاسی مەدەنی کە ئۆجەلان ڕابەرایەتیان بکات؟،ئەگەر زاڵ بن بەسەر ئەم ئاستەنگەداو ئامادەی گۆڕانکاری ببن ،بە دڵنیاییەوە ئاسۆیەکی نوێی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتی بەڕوی کوردانی باکوردا دەکرێتەوە ، ئەگەر سەرانی دەوڵەتی تورکیش پڕۆسەکەیان لەباربرد، ئەوکاتە وەک تاوانبار خۆیان نمایش دەکەن و درێژەدان بە خەباتی چەکداری دەبێتە تاکە ڕێگە بۆڕزگاری کوردانی باکور.