هەرێمی کوردوستان لەژێر سایەی دیزاینێکی سیاسی ئاراستەکراودا
4/12/2025 1:28:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو فە زایەی بۆ کاری سیاسی دروست بووە ،لەسەر دەستی یەکێتی و پارتی فەزایەکی ناتەندروست و بنەمایەکی چەوت بوو. چونکە ئەوان کە لە شاخەوە دابەزینە ناوشار هیچ ئەزموونێکی حوکمڕانییان نەبوو، بەڵکوو ئەوان لە دۆخی شۆڕش و توندوتیژی و نامەدەنیدا ژیابوون ،لەبەر ئەوە فەلسەفەی حوکمڕانی بە لای ئەوانەوە ،شتێک نەبوو هەتا هەوڵی چەسپاندنی بۆ بدەن. ئەوان کۆمەڵێک گرووپی شۆڕشگێڕ بوون
کەوتن بە سەر دۆخێکدا کە هەر گیز خۆیان بۆ ئامادە نەکردبوو، لەبەر ئەوە ئەوان خاوەنی پلانی ستراتیجی نەبوون بۆ حوکم ڕانی. هەر لەبەر ئەوە دۆخە سیاسییەکەیان بە ئاقارێکدا برد پڕە لە وێرانی و گەندەڵی و تاکڕەوی و دەستگرتن بە سەر سامانی نیشتمانیدا. بۆ درێژەدان بە ئەم دۆخەش فەزایەکی سیاسی نادیموکراسییان خوڵقاند ،بۆئەوەی بتوانن بە دەیان ساڵ لە حوکمدا بمێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەش باسکردن لە دیموکراسی هەمووی کرایە شتێکی ڕووکەش ،چونکە نەیان هێشت دامەزراوە دیموکراسییەکانی وەک پەڕلەمان گەشە بکات و ڕۆڵی چاودێری بە سەر دامەزراوەی جێبەجێکردن دا ببینێت ،دادگاکانیان بە حیزبی کرد و کۆمەڵگەی مەدەنییان لاواز کرد و میدیای ئازادیشیان نزیک کردەوە لە نەبوون.لە هەموو فەزای دیموکراسیدا تەنها هەڵبژارد نیان هێشتەوە، ئەویش تەنها کایەیەک بوو بۆ بردنەوە، لە هەڵبژاردنەکاندا هەموو جومگەکانی حوکمڕانییان بە کار هێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، دەیان هەزار دەنگیان تەزویر کرد، فشاریان لەسەر خەڵک دروست دەکرد، حیزبە ئۆپۆسیۆنەکانیان خستە کەنارەوە،
وە وایان لێ کردن کە هەرگیز توانای کێبڕکێیان لەگەڵ حیز بە حوکمڕانەکاندا نەبێ، تەنانەت دەستیان خستە ناو فەزای ئۆپۆسیۆنیش و ئۆپۆسیۆنی سێبەریان دروست کرد کە ڕێگەیان خۆش کرد دەنگێکی زۆر بهێنن، بەڵام لە کۆتادا پشتیان لە خەڵک و هیواکانی کردوو،چون بەشداری حوکمڕانیەکی گەندەڵیان کردو زۆربەیان خۆیان فرۆشت .بەم هۆیەشەوە بازنەی بێ هیوای یەکانی خەڵک زیاتر بوو ،وایان لێهات کە بڕوایان بە ئۆپۆزسیۆن زۆر لاواز ببێت،
. دواجار فەزایەکی سیاسی دیزانکراوی وایان دروست کرد کە بتوانن دەیان ساڵ لە حوکمدا بمێننەوە ئەگەر گۆڕانکارییەکی هەرێمی ڕوو نەدات وەک کە بەسەر ڕژێمە شکست خواردوەکانی ناوچەکەدا هات. یەکێتی و پارتی لە لایەک دیزاینێکی ئامادەکراوی باشیان هەیە بۆ درێژەدان بە فەزای حوکمڕانی خۆیان، لە لایەکی تریش بۆ ناوخۆی حیزبەکانی خۆشیان دیزاینێکی تریان هەیە کە ئەویش تۆخکردنەوەی حوکمی بنەماڵە و کوشتنی فەزای دیموکراسیە لەناو حیزبداو کاڵکردنەوەی مۆرکی حیزبی بوونە بە مانا مۆدێرنەکەی لەناو پەیکەری ڕێکخستنی حیزبدا، لەم ڕێگەشەوە ڕێگەیان خۆش کرد بۆ هاتنە پێشەوەی گرووپێکی سیاسی کە کەمترین لێهاتنی سیاسییان هەبێت،ئەمانە سیاسەتیان لەبەر پرسیاریەتی ئەخلاقی دوور خستەوەو زیاتر بوونە گرووپێکی بەرژەوەندی خواز.
لە لایەکی ترحیزبە ئۆپۆسیۆنەکانیش لە جیاتی دروستکردنی نموونەیەکی جوانی حیزبایەتی،، ئەوانیش کەوتنە ژێر کاریگەری یەکێتی و پارتی و لە ڕ پێگەی کۆنگرە حیزبییەکانیانەوە بە جۆرێک دیزاینی سیاسییان کرد کە بە ئاراستەی بنەماڵەیی بوون و هێشنەوەی گرووپێکی دیاری کراو لە سەرکردە، کە لە چواردەوری سەرۆکن کاریان کرد،ئەمەش بوە پلانی ستراتیجی حیزب ،، واتە لە جیاتی بە دەمەوە هاتنی کێشەکانی خەڵک و دروست کردنی نموونەیەکی جوانی دیموکراسی، هاوشێوەی پۆتین و ئۆردوغان و سەرۆکی پارتی شیوعی چینی و هاوشێوەی کۆنگرەکانی یەکێتی و پارتی، ئامانجیان بوە هێشتنەوەی سەرۆک لە پۆستەکەیدا هەتا مردن. دوایەمین نموونەی ئەو فەزاسیاسیە دیزاینکراوەش کۆنگرەی نەوەی نوێ بوو کە لە ئوتێل فەڵەستین لە بەغدا لە ١٩/١٢/٢٠٢٠ ئەنجام درا ،لەم کۆنگرەیەدا نزیکەی
٥٠٠ عەرەبی عەگال بەسەر بەشدارییان کردووە و هیچ کوردێکی تێدا بەشدار نەبووە و لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانەوە هیچ کوردێک بەشداری لەو کۆنگرەیەدا نەکردوە، ئەم کۆنگرەیە لەژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و چەند دادوەرێکی عەرەبی عێراقیدا بەڕێوە چوە، هەر بەم
کۆنگرە تەزویرەش نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ٢٠٢٤ی کردووە، لە ڕاستیدا ئەمەش گەورەترین فەزیحەیە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادگاکانی بەغدا کە ئەم کۆنگرەی بە فەرمی ناساندووە و ڕێگەی داوە نەوەی نوێ بە هۆیەوە بەشداری دوو هەڵبژاردن بکات و بۆ هەڵبژاردنی سێهەمیش هەر بە هەمان کۆنگرە بەشدار دەبێت .لە کاتێکدا ئەمە یەکەم لایەنی سیاسی ئۆپۆزسیۆنەو لە ئێستادا خاوەنی ١٥ کورسیەو دەڵێت دەتوانم ببمە بەدیلی یەکێتی و پارتی.
بە هۆی ئەم دۆخە ناهەموارەی ئۆپۆسیۆن، ئەوان ناتوانن بەرەیەک بۆ هەڵبژاردن دروست بکەن یان حکوومەتێکی سێبەر ڕابگەیەنن. ،بەم هۆیەوە زۆرینەی ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ بۆ ڕۆژ لە جەماوەر دوور دەکەوێتەوەو لە هەڵبژاردنەکانیشدا تەنها دەنگێکی سنووردار بە دەست دەهێنن. کەواتە لە ژێر سایەی ئەم دۆخە سیاسیە دیزاین کراوەدا گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستاندا ئەستەمە و ئەگەر بێتو ئۆپۆسیۆن گۆڕانکاری لە خۆیدا نەکات و وەرچەرخانێکی سیاسی گەورە دروست نەکات .زۆر زەحمەتە گۆڕانکاری سیاسی لە هەرێمدا دروست ببێت.