وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی پێنج مانگی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە
04:36 - 14/07/2024
زەمەن _ عێراق
وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی پێنج مانگی ساڵی ٢٠٢٤ی عێراقی بە(نەوتی و نانەوتی)ەوە ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، لە ڕاگەیەندراوێکدا داهاتی پێنج مانگی ساڵی ٢٠٢٤ی عێراقی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆی گشتیی داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق، 54 تریلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار دینار بووە.
هەروەها لەو بڕە پارەیە، 48 تریلیۆن و 455 ملیار و 60 ملیۆن و 171 هەزار دینار، داهاتی نەوتی بووە کە دەکاتە سەدا 88.5ـی کۆی گشتیی داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق.
لەبارەی داهاتی نانەوتیش، وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، شەش تریلیۆن و 788 ملیار و 431 ملیۆن و 731 هەزار دینار داهاتی نانەوتیی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق بووە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 11.5 لە کۆی گشتیی داهاتیی وڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ساڵی 2023ـدا، عێراق ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە؛ واتا لەو ساڵەدا، عێراق بە تێكڕا مانگانە 102 ملیۆن و 680 هەزار و 843 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێكڕا دەکاتە سێ ملیۆن و 422 هەزار بەرمیل نەوت.