38 عیراق

هێرش کرایە سەر کەناڵێکی سعودی لە عێراق

10:19 - 19/10/2024

زەمەن - عێراق

لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق هێرشیان کردە سەر نووسینگەی کەناڵی MBC لە گەڕەکی جامیعەی شاری بەغدا و ئاگریان تێبەردا.

ئەمڕۆ ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە کە دەری دەخەن، ئەو کەسانە ئاڵای حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای لوبنانیان هەڵگرتووە و دەچنە نێو نووسینگەکە، ئامێر و کەرەستەکانی ناوی دەشكێنن و ئاگر لە بەشێکی بەردەدەن.

پێش ئەم هێرشە، کەناڵەکە راپۆرتێکی لەبارەی هێزەکانی ناسراو بە (موقاوەمە)ی لە ناوچەکە بڵاوکردەوە و بەشێکی سەرکردەکانی بە "تیرۆریست" ناوبرد.

لەکاتی هەڵکوتانە سەر نووسینگەی کەناڵەکە، ئەو کەسانە دروشمیان دژی سعودیە دەگوتەوە.

هاوکات لەو بارەیەوە، مستەفا سەند، پەرلەمانتاری سەر بە حەشدی شەعبی لە پۆستێکدا دەنووسێت، "کەناڵی MBC Iraq حکومەت پشتیوانیی دەکات. بابەتەکە بە شکاندن یان سووتاندن کۆتایی نایەت، بەڵکو (پێتان دەڵێین) شوێنتان لە عێراق نییە. کار دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنتان. عێراق شانازی بە بەکرێگیراوان ناکات."

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن