9وتار

هەمان تاس و هەمان حەمام

10/24/2024 9:37:00 AM
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

پارتی دوو لەو سەرۆكایەتیەی هەرێمی دەوێت، ئەگەرنا توشی كێشەی ناوخۆ دەبێت
ئەگەر یەكێتیی دەیەوێت باڵانس راستبكاتەوە، فەرموو رێنەدات دوو سەرۆكایەتی ببات
لەم دیزاینە هەر پارتی میرمحێ یە، كەوایە دیسان یەكێتی پارتی كردەوە زۆرینە
ئەم هەڵبژاردنە، هیچ لەواقعی حوكمڕانی كوردستان ناگۆڕێت چونكە هەمان تاس و هەمان حەمامە

ئەنجامی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، خەڵكی كوردستانی ئەوەندەی دیكە بێئومێد كرد. ئەگەر ئەمجارە هەڵبژاردن بكرێت، بڕوا ناكەم نیوەی ئەو رێژەیە بچنە سەر سندوق كە ئەمجارە چوون، چونكە ئیدی یەكلابویەوە كە چوون و نەچوون وەكو یەك وایە. جاران بەزۆر خەڵكیان دەبردە سەر سندوق و پەنجەمۆرو تۆماری دەنگدەرانیان ساختەدەكرد، ئێستا ئەو ماندووبوونەیان لەكۆڵ بۆتەوەو رێككەوتنی پێشوەختە بۆ دابەشكردنی كورسیەكانی دەكرێت. ئەو هەڵبژاردنەی دەكرێت تەنها رێوڕەسمێكە خەڵك بەجلی كوردیەوە دەچن وێنە دەگرن و هیچیتر، ئەویدی گاڵتەكردنە بەشەرعیەتی دەنگدان و پرۆسەی دیموكراسی و ئیرادەی خەڵك. ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنیش كەوتۆتە دەست وڵاتانی دراوسێ‌، كەوایە بەدڵنیاییەوە پێكهێنانی حكومەت و كابینەكەش دەكەوێتە بەر رەحمەتی دەرو دراوسێ‌.
 ئەمجارە پێكهێنانی حكومەت زۆر زەحمەت دەبێت، بەپێی پێشبینی هەموو چاودێران، وەك دەگوترێت "باژۆ بۆ ساڵێك" واتە بەچەند مانگێك دروستنابێت. پارتی دوو لەو سێ‌ سەرۆكایەتیەی دەوێت، چونكە ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت وەرنەگرێت كێشەی ناوخۆ بۆ پارتی دروست دەبێت، بۆیە ئەگەر یەكێتیی راستدەكات دەیەوێت هاوكێشەكە راستبكاتەوە، فەرموو با رێنەدات پارتی هەردوو سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت بۆخۆی ببات.
لەم دیزاینی پێشوەختەی كورسیەكانی پەرلەمان، پارتی سودمەندترین هێزە، چونكە ئێستا هەموو حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بەدەستخۆیەتی و پەرلەمانیش داخراوە، ئیدی پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت یان نا هیچ گرفتی نییە، چونكە تەواوی جومگەكانی حكومڕانی بەدەستەوەیە، كەوایە یەكێتیی كە دروشمی راستكردنەوەو هاوسەنگی حوكمڕانی بەرزكردۆتەوە، لەبەردەم تەحەدییەكی گەورەیە، تۆ بڵێی پێی بكرێت؟!
ئەنجامی دیزاینی ئەمجارەی هەڵبژاردن، كە لەدەرەوەی ئیرادەو ویستی خەڵكی كوردستان بوو هیچ لەواقعی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم ناگۆڕێت. 4 ساڵی داهاتوو هەمان تاس و هەمان حەمامە، تەنانەت هەمان جەماعەت دەبنەوە حوكمڕان. پارتی هێزی یەكەمەو هەر هەژموونی بەسەر ئەم حوكمڕانیەدا هەیە، هەر خۆی خاوەنی بڕیارو زۆرینەی پەرلەمانییە، كەوایە ئەوانەی بەشداری ئەو دیزاینكردنەی ناو پەرلەمانیان كرد، چ سودێكیان لەم دابەشكردنەی كورسیەكانی بینی؟ دیسان پارتی میرمحێ یە، كەوایە دیسان یەكێتیی پارتی كردەوە زۆرینە.
.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن