جیابونەوەی بێدەنگی لەژیانی هاوسەریدا
11:03 - 31/01/2025
کنێر عەبدوڵا
جیابونەوەی هاوسەران لە کۆمەڵگەی کوردیدا ؛ وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تر بۆتە یەکێک لە باسە گەرمەکانی هەمیشە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەهۆکاری جیاواز روو دەدات ، و بەپێی ئامارەکان ساڵانە روو لە زیاد بوون دەکات، ولە ئێستادا لەژێر ناوی جیاوازدا شێوەو هۆکاری تری لەخۆگرتووە.
جیابونەوە؛ بە واتای کۆتاییهێنان دێت بە پەیوەندی هاوسەرگیری نێوان هاوسەرەکان بەشێوەیەکی یاسایی ،کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی کۆمەڵگە یان ئاین لەسەر بنەمای خواستی یەکێک یان هەردوو هاوسەرەکە روو دەدات و وەک چارەسەرێک دەبینرێت کاتێک ژیانکردنیان پێکەوە دەبێتە ئەستەم ومەحاڵ.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا لە ووتارێکمدا باسم لەوە کردبوو کە ٩٠٪ی خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی جیابونەتەوە، باسکردنم لەو رێژەیە مشتومڕی لێکەوتەوە وشیکاری جیاوازی بەخۆوەبینی. دەرئەنجامی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لە دادگاکاندا کە ئاماژە بە نزیکەی ٦،٠٠٠ – ٧،٠٠٠ حاڵەتی تەڵاق دەکەن لە هەردوو شاری هەولێر وسلێمانی وهەروەها کێشەکانی لە ئێستادا جێی باسن هەمان واقعی جیابونەوە دەردەخەن ، بەڵام لەژێر ناوی "جیابونەوەی بێدەنگی"دا.
جیابونەوەی بێدەنگی؛ دەستەواژەیەکە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی جۆرێک لە پەیوەندی هاوسەریی کە تیایدا هەردوولا خۆیان لە قسەکردن لەسەر کێشە و ناکۆکییەکان دوور دەخەنەوە و لەژێر یەک بنمیچدا دەژین بێ کارلێک و پەیوەندی سۆزداری راستەقینە، بەڵام پرۆسەکە لە رووی یاساییەوە ئەنجام نەدراوە. ئەم جۆرە پەیوەندییە دەشێت بۆ هەردوولا ئازاربەخش بێت وهەریەکەیان هەست بە دابڕان یان تێنەگەیشتن لەئەویتر بکات کە پاش پێکەوەژیانی مرۆڤەکان وبە تێپەڕینی کات ووردە ووردە دەگەنە ئەو دەرئەنجامە.
جیابونەوەی بێدەنگی مەترسیدارو کاریگەرترە لەسەر تاک وخێزان وکۆمەڵگە لە جیابونەوەی فەرمیی ، چونکە دەشێت نەبینراو بێت ؛هاوشێوەی توندوتیژی دەروونی کە کاریگەروئاسەواری جیاوازتری هەیە لەسەر مرۆڤ ،چونکە نەبینراوەو بە ئاسانی ناسەلمێنرێت؛ بۆیە ئامار وداتا لەمبارەیەوە بەردەست نین.
هۆکارەکان زۆرن لەوانە؛
نەبونی بناغەی راستی هاوسەرگیری، نەبونی پەیوەندی سۆزداری و سێکسی، ناهاوسەنگی کلتوری وفکریی وکۆمەڵایەتی،نەبونی کلتوری گێڕانەوە ویەکترقبوڵکردن، کەڵەکەبوونی کێشە چارەسەرنەکراوەکان، تێنەگەیشتن وگوێنەگرتن لەیەکتر ،تێنگەیشتن لە بیروڕا وهەستەکان بە راستگۆیی وراشکاوی ،گرفتەکانی رۆژانە وبەرپرسیارێتییەکانی خێزان ،گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وفشاری دەرونی ،قەیرانی ئابووری ،گۆڕانکاری رۆڵی کۆمەڵایەتی ناو خێزان، جیاوازی ئاینی، نەبوونی منداڵ ، ناکۆکی ودەستێوەردانی خێزان ،درۆکردن یان جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان، چارەسەرنەکردنی ناکۆکییە بچووکەکان وگفتوگۆنەکردن لەسەر کێشەکان لەکاتی خۆیدا، جیاوازی لە دیدو بۆچوون و ئامانجی هەردوولا لە ژیاندا.
شێوازەکانی جیابوونەوەی بێدەنگ:
- دابڕانی هاوسەرەکان لەرووی سۆزداریی وسێکسەوە کە دەبێتەهۆی ژیانێکی هاوبەشی بێ گەرموگوڕی.
- خۆ بەدوورگرتنی هاوسەران لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتر و هەندێک جار لەگەڵ خێزان و هاوڕێکاندا، کە دەبێتە هۆی ژیانێکی تەریبی بژین، بێ تێکەڵبونی زۆر.
- خۆلادانی هاوسەران لە گفتوگۆ وناکۆکییەکان لەترسی ئەوەی شتەکان بەرەو خراپی نەچێت، و دەبێتە هۆی پشتگوێخستن و تێپەڕبوونی زۆر کێشە بێ چارەسەر.
- کاتێک هاوسەران حەزو بایەخەکانیان وکۆمەڵگەی ناسینیان تەواو جیادەکەنەوە، بەوەش ژیانێکی هاوسەریی دادەمەزرێنن کە خاڵییە لە پەیوەندییە هاوبەشەکان.
- ژیانکردن وەک دراوسێ؛ بە واتایەی ژن ومێرد لە یەک ماڵدا دەژین بەبێ هیچ کارلێک و دۆستایەتیی وپەیوەندییەکی گەرم. هەر لایەنێک پشت بە خۆی دەبەستێت وخۆی بەدوور دەگرێت لە گفتوگۆ و بەشداریکردن لە ژیانی رۆژانەدا.
- کاتێک هاوسەرەکان زۆربەی کاتەکانیان سەرقاڵ دەبن بە کارکردن وئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ؛وەک مۆبایل وکۆمپیوتەرو هتد، کە دەبێتە هۆی نەبوونی پەیوەندی و لەخۆگرتن.
- خۆبەدورگرتنیان لە قسەکردن لەسەر بابەتە هەستیارەکان بۆ خۆدورخستنەوەیان لە ململانێ وکێشە کە دەبێتە هۆی دابڕانی سۆزداری.
- کاتێک هەریەک لەهاوسەرەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر کارو خولیاکانی خۆی ،وەک ئەوەی ژیانێکی سەربەخۆ بژی.
- کاتێک هاوسەران بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سۆزدارییەکانیان کاتەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارو گروپی جیاجیا بەسەر دەبەن.
بەکورتی:
بوونی جیابونەوەی بێدەنگی لە کۆمەڵی کوردیدا بەهۆی هۆکارگەلێکەوە هەیە ،کە دەرئەنجام هاوسەرەکان لەژێر سەقفێکدا تەنها بە جەستە دەمێننەوە و وێڕای دابڕانیشیان لەهەمووهەستێکی سۆزداریی، بەڵام زۆر جار لە دەرەوەی ماڵ و بەبەرچاوی خەڵکییەوە نمایشی جۆربەجۆر دەکەن بۆ شاردنەوەی راستییەکان ، کە ئەمەش دووفاقییە لە مرۆڤدا وفشاری دەروونی دەخوڵقێنێت؛ بۆیە وێڕای ئەوەی چارەسەری پەیوەندییەکان لەم دۆخەدا ئاڵۆزوقورسە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکە ئەرکی دوولایەنەیە، گەر نا کۆتاییهێنان بەشێوەی فەرمیی گونجاوترە، هەوڵەکانیش دەکرێت لەم رێگایانەوە بێت ؛پەیوەندی راستگۆ وکراوە،بەسەربردنی کات بەیەکەوە ، پەنابردن بۆ راوێژکاری خێزانی ودەرونیی ،تێگەیشتن ولێبوردەیی،هۆشیاری وبەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری وگەشەپێدانی کەسایەتی، وکارکردن بە بنەما مرۆییەکان.