2070 کوردستان

ئەنجومەنی فەتوا: خۆتان لەم کارە حەرامە بپارێزن

12:15 - 29/01/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایگەیاند: وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر پەشیمانبوونەوە لە گرێبەستی کڕێن و فرۆشتنی خانووبەرە حەرامە.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە پرسیاری ژمارەیەك لە خاوەن نوسیگەكانی خانووبەرە بڵاوکردەوە، کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە (كە لە دەقی قەواڵەی گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە بووەتە عورفی نوسینگەكان مەرجی ئەوە دەنوسرێت كە هەر یەكێك لە كڕیار یان فرۆشیار پەشیمان بێتەوە دەبێت بڕێك پارە بدات بە لایەنی بەرامبەری، ئایا وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە دروستە، لە كاتێكدا ڕەنگە (جاری وا هەیە) هەردوو لایەن دوای پەشیمان بوونەوە بەڕەزامەندی خۆیان ئەو بڕە پارەیە دەدەن بە بەرامبەرەكەیان)؟

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی فەتوا بەم سێ خاڵە وەڵامی ئەو پرسیارە دراوەتەوە:

 دانانی ئەو مەرجە لە مامەڵەكاندا دروست نییەو، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەش بەرامبەر بە پەشیمان بوونەوە دروست نییە و دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵك بە بەتاڵ و بێ بەرامبەر، ئەصل ئەوەیە مرۆڤ لە مامەڵەكردندا لێبوردە بێت و بەبێ بەرامبەر و لەبەر ڕەزاەمەندی خودا چاوپۆشی بكات لە بەرامبەرەكەی ئەگەر پەشیمان بووەوە.
‎وە ئەگەر لایەنێك سوور بوو لەسەر ڕواندنی مامەڵەكە و وەرگرتنی ئەوە بڕە پارەیە دەرچەی شەرعی ئەوەیە سەر لەنوێ كڕیارەكە بە فرۆشیارەكەی بفرۆشێتەوە بەكەمتر یان زیاتر یان بە پێچەوانەوە.
‎وە لە كاتی پەشیمان بوونەوەی كڕیار یان فرۆشیارو قبوڵكردنی پەشیمان بوونەوەكە دروستە نوسینگەكە كرێی دەڵاڵی وەربگرێت، مەگەر پەشیمان بوونەوەكە لە مەجلیسی مامەڵەكەدا بێ یان مەرجی پەشیمان بوونەوەیان لە نێوانیاندا دیاریكردبوو بە كەمتر لە سێ ڕۆژ پەشیمانیش بوونەوە لەو كاتەدا نابێت كرێی دەڵالی وەربگیرێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن