586وتار

كێ چی به‌ ده‌ست ده‌هێنێت؟

9/24/2019 9:40:00 PM
رابەر تەڵعەت

هارۆڵد لاسوێڵ ١٩٣٦، به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی سیاسه‌تی كردووه‌؛ كێ چی به‌ده‌ست ده‌هێنێت؟ كه‌ی و چۆن؟ له‌ باسی سیاسه‌تدا، ئه‌م پرسیاره‌ هه‌میشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری خۆی نیشان ده‌دات، ئه‌گه‌رچی زۆرجار سیاسه‌ت و سیاسه‌تكردن كه‌شێكی ته‌رفیهی و كات به‌سه‌ربردن به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانداو ئه‌و كاتانه‌ش كه سیاسه‌ت‌ ده‌بێته‌ بابه‌تێكی فراوان و بێكۆتایی بۆ راگه‌یاندنه‌كان و راگه‌یاندنكاران، له‌م حاڵه‌تانه‌دا ته‌نانه‌ت په‌رله‌مان و كاری په‌رله‌مانتارانیش كه‌شوهه‌وایه‌كی درامایی و شانۆیی به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت، به‌ جۆرێك هه‌ندێك جار په‌رله‌مان و ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی بڕیاریش زیاتر وه‌ك گۆڕه‌پانێك بۆ خۆنیشاندان دێنه‌ به‌رچاو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ناوه‌ندێك بن بۆ دروستكردنی بڕیارو داڕشتنی سیاسه‌ت. له‌ دۆخێكی به‌م شێوه‌یه‌دا ره‌فتاری سیاسییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بریتی ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵێك لێدوانی ره‌مزی و سه‌رپێی بۆ وروژاندنی رای گشتی و ده‌نگده‌رانی خۆیان. 
هه‌ندێك جاریش سیاسه‌ت وه‌ك رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان پێناسه‌ ده‌كرێت، وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی ئه‌قڵانی بۆ دروستكردنی بڕیارو پێشنیاری چاره‌سه‌ریی و پێشگرتن به‌ رووداوی كاره‌ساتبار. له‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، سیاسه‌ت چۆن ده‌توانێت ببێت به‌و پرۆسه‌ ئه‌قڵانییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییدا به‌ر به‌ روودانی كاره‌سات بگرێت؟ بۆ وەڵامی ئه‌و پرسیاره‌، یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌بێت له‌و دۆخه‌ درامایی و شانۆییه‌ی كه‌ ئێستا ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌ت و سیاسییه‌كان و حزبه‌ كوردییه‌كان تێی كه‌وتوون رزگارمان ببێت، ده‌بێت ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌ت به‌ په‌ر‌له‌مان و حكومه‌ت و حزبه‌كانیشه‌وه‌ له‌ دۆخی شانۆیی و گوتاری ره‌مزی و سۆزداریی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌ گۆڕه‌پانی خۆنیشاندانه‌وه‌ ببن به‌ ناوه‌ندگه‌لێكی چالاك و ئه‌قڵانی بۆ دروستكردنی بڕیارو داڕشتنی سیاسه‌ت وه‌ك بابه‌تێك بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ر. ئه‌مه‌ چۆن ده‌كرێت؟ دیاره‌ بۆ ئه‌مه‌ش دوو ئاكته‌ر هه‌ن ده‌بێت خۆیان چاك بكه‌ن، یه‌كه‌م؛ پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ تێگه‌یشتنی خۆی بكات بۆ چه‌مكی حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن، چونكه‌ به‌ڕێوه‌بردن پێویستی به‌ پاشخان و به‌رنامه‌و ئاراسته‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی وردو ده‌ستنیشانكراو هه‌یه‌، ده‌بێت پارتی له‌ دینامیكی جوڵه‌و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێبگات و رێگا خۆش بكات بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت و به‌شداری به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بۆ گشت ئاراسته‌و هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌بێت رێگا خۆش بكات بۆ دروستكردنی دیدگای هاوبه‌ش و به‌شداری لایه‌نه‌كان له‌ داڕشتنی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و ناوخۆیی و ئابوریدا، به‌ ته‌نها خاوه‌ندارێتی كوردستان، ئه‌مڕۆ نه‌ك به‌ پارتی به‌ هیچ لایه‌نێك ناكرێت، بۆیه‌ سیاسه‌تی قۆرغكاری ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو ببێت. ئاكته‌ری دووه‌م، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی و هێزه‌كانی دیكه‌ن‌، له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی به‌رامبه‌ر پارتی پێویسته‌ خۆیان له‌ گوتاری قوربانی ده‌ستی پارتی رزگار بكه‌ن، چیتر رۆڵی قوربانییه‌كی سیاسی نه‌گێڕن و شیوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ لێیان زه‌وتكراوه‌، چونكه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی به‌تایبه‌ت دوو هێزی كاریگه‌رن‌ و به‌شێكی گرنگن‌ له‌ دینامیكی كۆمه‌ڵگای هه‌رێمی كوردستان و نه‌خشه‌ی هێز تیایدا، ئه‌وان ده‌بێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی تازه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن و بچنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ كێ ده‌توانێت چی به‌ده‌ستبهێنێت و كەی و چۆن؟ بۆ ئه‌مه‌ شیوه‌ن و گوتاری قوربانی‌ داد نادات، به‌ڵكو ده‌بێت خۆیان بۆ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سیاسی و گفتوگۆ ئاماده‌ بكه‌ن و به‌ده‌ر له‌ هیچ هێڵێكی سوورو عاتیفه‌ به‌رنامه‌و دیدگای خۆیان بۆ شه‌راكه‌ت و حوكمڕانی پێشكه‌ش بكه‌ن، ده‌بێت سوود له‌ هه‌موو مه‌وداكانی سیاسه‌تكردن و دانوسان وه‌ربگرن و كار بۆ دروستكردنی بڕیار بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ریی و كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان، له‌مڕۆدا بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شت گرنگتره‌ سوككردنی باری قورسی قه‌یرانه‌كانه‌، كێ چی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كێ چی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌كات؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن