کابینەی دەیەم – هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، یان نوێکردنەوەی گرێبەستی دابەشکردنی دەسەڵات؟
3/24/2025 12:46:00 PM
رابەر تەڵعەت
هەرێمی کوردستان بە ٣٣ ساڵ تەمەنەوە، دیسانەوە لە لێواری پێکهێنانی کابینەیەکی حکومی نوێدایە – ئەمجارەش وەک هەمیشە، پارتی و یەکێتی دوای چەند مانگێک لە گرژی و مانۆڕی سیاسی، پیدەچێت نزیک بن لە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دەبێ بپرسین؛ ئایا ئەمەش خولێکی دیکەی هاوبەشیکردن، دابەشکردنی وەزارەت و بودجە و نفوزە – یان بوار و دەرفەتێکی تازەیە بۆ گۆڕانکاریی لە سیستەم و میکانیزمی حوکمڕانیدا؟
پێکهێنانی کابینەی دەیەم تەنها پرسێکی تەکنیکی و ئیداری نیە... بەڵکو قۆناغێکی یەکلایی کەرەوەی سیاسییە لە هەرێمێکدا کە ساڵانێکە لەگەڵ نادڵنیایی، بێهیوایی و خواست بۆ چاکسازیی و ریفۆرم دەجەنگێت!
ئەگەر راستگۆبین؛ دەبێ بپرسین ئایا هاوبەشی و هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتی تا ئێستا چی لێ بەرهەم هاتووە؟
سی ساڵ زیاترە هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی هاوسەرگیرییەکی بەرژەوەندی فشۆڵە - هەندێکجار هەماهەنگ و زۆربەی جاریش کێبڕكێکاری یەکتربوون! ئەوەی لەم نێوانەدا نابینرێ؛ مۆدێلێکی حوکمڕانی یەکگرتوو، هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی نیشتیمانی هاوبەش و بوێریی هەنگاونانە بەرەو دامەزراندن و بەهێزکردنی یاسا و دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی، لەبری تەنها هەوڵدان بۆ پاراستنی هەژموون و دەسەڵات!
دەسکەوتەکانی ئەم هاوسەرگیرییە فشۆڵەی نێوان ئەم دوو حزبە تا ئێستا، لەبری حکومەتێکی نیشتیمانی بەهێز و یەکگرتوو، ئەمانە بووە:
1. بیرۆکراسییەکی لاواز و دوو ئیدارەیی
2. هێزگەلی ئەمنی ژێر دەسەڵاتی حزبی
3. پەرلەمانێکی ئیفلیج
4. ئابوورییەکی لاواز و ناکارا
5. بێمتمانەیی لەنێوان خەڵک و حکومەت
کەواتە؛ کابینەیەکی نوێ پێکدێت، بەڵام بۆ چییە؟ ئایا بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، یان درێژکردنەوەی دۆخی ئێستایە؟
جیهان و ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی خێرادایە، هەرێمی کوردستانیش ناتوانێ تەنها تەماشاکار بێ!
لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاکتۆرەکان خەریکن بیر لە مۆدێلی جیاجیای حوکمڕانی دەکەنەوە، وڵاتانی کەنداو خۆیان ئامادە دەکەن بۆ قۆناغی ئابووری دوای نەوت. حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هەوڵی بەهێزکردنی مەرکەزییەت و جێگیرکردنی پایەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی مەرکەزی دەدات. تەنانەت تورکیا و ئێرانیش هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بگونجێنن!
لەم نێوەشدا؛ گەنجەکانی کوردستان بەردەوام کۆچ دەکەن یان بیر لە کۆچ دەکەنەوە، هیچ شتێک ئەوان بە خاک و سیاسەتەوە نابەستێتەوە، باوەڕیان بە دامەزراوەکان نەماوە و لە تاراوگەدا بەدوای کەرامەت و ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن! کەواتە، ئەو مۆدێلەی ئێستای سیاسەت و حوکمڕانی ناتوانێ وڵامگۆی پێداویستییەکانی ئەم نەوەیە و خەڵکی کوردستان بێت!
کابینەی دەیەم دەبێت دووبارە رێکخستنەوەی ستراكچڕاڵی سیاسەت و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت!
1. کارنامەیەکی راستەقینەی دژەگەندەڵی، نەک کۆمەڵێک لیژنەی بەتاڵ و بێ دەسەڵات!
2. بیرۆکراسییەک لەسەر بنەمای توانایی و لێهاتوویی کادیرەکان، نەک مەحسوبییەت!
3. هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، نەک هی حزب!
4. هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات.
5. لێپرسینەوە و سەروەری یاسا.
دروستکردنەوەی کابینەیەکی نوێی حکومەت لەسەر بنەمای دابەشکردنەوەی وەزارەت و دەسەڵات و ئیمتیازەکان، هیچ شتێک بۆ باشتر ناگۆڕێ! پارتی و یەکێتی ئەگەر داهاتووی خۆیان و میللەت و هەرێمی کوردستانیان بۆ گرنگ بێ، دەبێ بیر لە گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی بکەنەوە، کوردستان لەو چەقبەستووییە رزگار بکات!
کۆمەڵگا لە گۆڕاندایە – تەنانەت ئەگەر سیاسەتیش پێی نەگاتەوە!
خەڵک لەجاران وشیارترن، چاوکراوەترن و دەنگیان زیاتر دەگات. خەڵک داوای ماف و ژیان و کەرامەت دەکەن – دروشم و هوتاف و شانازی حزبی چیتر بەس نیە!
پارتی و یەکێتی دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە:
1. بەخۆیانابچنەوە و حوکمڕانیەکی باش دامەزرێنن.
2. هیچ نەکەن، تەماشاکار بن و سەیری مێژوو بکەن چۆن بەجێیان دێڵێ!
بژاردەکە هی ئەوانە، بەڵام عاقیبەت و دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستانە کە دەبێ بەرگەی بگرن!