دوژمنی یه‌كه‌می دیكتاتۆره‌كان!
8/29/2019 12:26:00 PM
رابەر تەڵعەت
ساڵی ٢٠١٠، ماڵپه‌ری ویكیلیكس ٢٥٠ هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی دیپلۆماسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای بڵاوكرده‌وه. بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه بووه هۆی توڕه‌كردنی ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی جیهان. ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه، ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه گرت، كه توانای پاراستنی نهێنی و به‌ڵگه دیپلۆماسییه‌كانی نییه.
ساڵی ٢٠١١، ویكیلیكس توانی ١٣٠ هه‌زار دۆكیۆمێنت و نوسراوی دیكه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دزه پێبكات بۆ ده‌ره‌وه‌و بڵاوی بكاته‌وه. ئه‌م رووداوه‌ش جارێكی دیكه قه‌یرانی دیپلۆماسی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی دروستكرد. له به‌ڵگه‌نامه‌كاندا ناوی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی بواری جیاجیا له شوێنه جیاوازه‌كانی جیهاندا هاتبوو كه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌بوو. یاسادانهرو رۆژنامه‌نووس و خه‌ڵكی چالاكوان ناویان هاتبوو، به‌و هۆیه‌وه‌ش زۆریان له وڵاته‌كانی خۆیاندا مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان دروست ده‌بوو.
به‌بێ نهێنی پارێزیی، هیچ پرۆسه‌یه‌كی سهربازییو هه‌واڵگریی، یاخود دیپلۆماسی ناتوانێت كاری خۆی بكات، ئه‌گه‌ر چی له نهێنی پارێزیشدا سنور هه‌یه، به‌ڵام ویكیلیكس ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه‌ی شكاند‌و ویستی بڵێ، مه‌رج نییه هه‌موو نهێنی پارێزییه‌ك شه‌رعی بێت. ئه‌مه تێگه‌یشتنی ویكیلیكس بوو بۆ زانیاریی.
به‌لای ویكیلیكس و خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌سانج ه‌وه؛ شه‌فافیه‌تی زانیاریی گرنگتره له مۆراڵی رۆژنامه‌وانی. ره‌خنه‌گرانی ویكیلیكس باس له ترسناكی ئه‌و كاركردنه‌ی ماڵپه‌ره‌كه ده‌كه‌ن. بۆ نمونه له جه‌نگی هاوپه‌یمانان له دژی تاڵیبان له ئه‌فگانستان، ویكیلیكس ئه‌و زانیارییانه‌ی زیاتر بڵاوده‌كرده‌وه كه زیان به هاوپهیمانانو به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكا ده‌گه‌یه‌نن وه‌ك ئه‌وه له تاڵیبان، به‌لای ئهسانجهوه وه‌ك رەخنهگرانی ده‌ڵێن؛ سزادانی ئه‌مریكا گرنگتره وه‌ك له دژایه‌تیكردنی دیارده‌كانی زوڵم و گه‌نده‌ڵی.
هێزی ئینته‌رنێت له‌وه‌دایه كه حكومه‌ته‌كان هه‌رچه‌ند هه‌وڵه‌كانیشیان به‌هێزو چڕوپر بێت، ناتوانن كۆنترۆڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاریی و هه‌واڵ و نهێنی بكه‌ن تیایدا. ئه‌م تۆڕه جاڵجاڵۆكه‌ییه، هێزی پاراستنی خۆی له فره‌یی سه‌رچاوه‌و پهنجهرهكانیدایهو زیاد له شوێنێك و ده‌روازه‌یه‌كه‌وه ده‌ستی به خه‌ڵك ده‌گات و خه‌ڵكیش ده‌ستیان پێی ده‌گات.
١٧ی دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٠، محه‌مه‌د بوعه‌زیز، گه‌نجێكی ٢٦ ساڵی ده‌سگێڕ له شه‌قامه‌كانی تونس‌دا له داخی پۆلیس و ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه گه‌نده‌ڵه‌كانی شاره‌كه‌ی، گڕ به‌ر ده‌داته جه‌سته‌ی خۆی. وێنه‌و ڤیدیۆی سوتانی جه‌سته‌ی بوعه‌زیزی به خێرایی ئه‌و كڵپه‌ی ئاگره‌ی كه به‌ر ببووە جه‌سته‌ی، به‌ناو تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت و تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆوه. حكومه‌تی تونس به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ و ئینتهرنێتو ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دا، به‌ڵام به ماوه‌یه‌كی كورت دوای ئه‌وه، له ١٤ ژانوهریی ٢٠١١دا، رێژێمهكهی بن عه‌لی رووخا‌و خۆی‌و داروده‌سته‌كه‌ی هه‌ڵاتن.
سۆشیال میدیا بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی نه‌بوو له شۆڕشی تونس‌دا، به‌و پێیه‌ی كه ته‌له‌فزیۆن هێشتا سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی زاڵ بوو. ته‌نها له ٢٠%ی خه‌ڵك ئینته‌رنێتیان به‌كارده‌هێنا، له‌ناو ئه‌وانیشدا ٥% سۆشیال میدیا، له‌كاتێكدا ٨٠%ی خه‌ڵكی ساده‌و هه‌ژاره‌كه بینه‌ری ته‌له‌فزیۆن بوون، به‌ڵام ته‌له‌فزیۆنه‌كانیش هه‌ر له سه‌رچاوه ئهلكترۆنییهكانهوه خۆراكی میدیایی خۆیان وه‌رده‌گرت.
٢٥ی ژانیوهریی ٢٠١١، چالاكانی فه‌یسبووك له میسر بانگه‌شه‌یان بۆ رێكخستنی ناڕه‌زایی ده‌ربری له دژی رژێمه‌كه‌ی موباره‌ك. زیاتر له ٨٠ هه‌زار كه‌س له رێگای ئه‌و تۆڕه‌وه ئیمزایان كرد‌و ئاماده‌یی خۆیان بۆ چوونه‌پاڵ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌ربڕی. حكومه‌ت بۆ چه‌ندین رۆژ ئینته‌رنێت و مۆبایل و هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی سۆشیال میدیای داخست. به‌ڵام؛ ١١ی فێبریوه‌ریی ٢٠١١، موباره‌ك و رژێمه‌كه‌ی دوای ٣٠ ساڵ له حوكمڕانیی، رووخا.
له میسر‌و تونس و لیبیا، له به‌هاری عه‌ره‌بیدا. بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ره‌نگ و ڤیدیۆ، تێكست و نوسین و زانیاریی له رێگای سه‌رچاوه ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه. رۆڵێكی گرنگیان له كۆتایی هاتنی سه‌رده‌مێك و ده‌سپێكی سه‌رده‌مێكی تر له وڵاته‌كانی خۆیاندا گێڕا.
له باسی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، فه‌یسبووك و تویته‌ر ره‌نگه زیاد له پێویست رۆڵیان پێ درابێت و گه‌وره كرابنه‌وه. له‌كاتێكدا (كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره)، گه‌وره‌ترین رۆڵی هه‌بوو له په‌خشكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه رۆژانه له‌سه‌ر شه‌قامه عه‌ره‌بییه‌كاندا روویان ده‌دا. ئه‌لجه‌زیره وه‌ك تۆڕێكی هه‌واڵ، له هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنییه‌وه هه‌وڵی په‌خشكردنی رووداوه‌كانی ده‌داو ببوو به میدیای به‌هاری عه‌ره‌بی.
فه‌یسبووك و تویته‌ر، هانده‌رێك و میكانیزمێكی گرنگ بوون به ده‌ستی گه‌نجه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان رێكبخه‌ن و ده‌نگیان له ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا بگه‌یه‌نن به زۆرترین خه‌ڵك. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بایه‌خی ئه‌م تۆڕانه‌ی زیاتر‌و كاریگه‌رتر كرد، زانیاریی بوو. زانیاریی‌و ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیاریی، دوژمنی یه‌كه‌می هه‌موو سیستمێكی دیكتاتۆر‌و سه‌ركوتكاره. مرۆڤه‌كان ئه‌وكاته‌ی كه ده‌زانن و زانیاریان هه‌یه، بوێرترو چاوكراوهترو دڕترن له‌وكاته‌ی كه هیچ نازانن و ئاگایان له هیچ نییه. له ویكیلیكسه‌وه تا به‌هاری عه‌ره‌بی، هه‌موو ئه‌وه‌ی تا ئێره روویاندا‌و له داهاتووشدا رووده‌ده‌ن، په‌یوه‌ندییان به ئه‌ندازه‌ی زانینه‌وه هه‌یه. ده‌بێ چه‌نده بزانین، چی بزانین و چۆن زانین و زانیاریی به‌كاربهێنین، ئه‌و پرس و پرسیارانه‌ن كه ئه‌مڕۆ سه‌رتاپای ناوه‌نده سیاسی و ئه‌كادیمییه‌كانیان به‌خۆیانه‌وه سه‌رقاڵكردووه. ئایا زانین ترسناكه؟ بۆ ئه‌وه‌ی زانیاریمان هه‌بێ، تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاماده‌ی قوربانیدانین؟ ئه‌وه نهێنی و نهێنی پارێزییه كه پارێزگاریی له ژیان و سه‌لامه‌تی ئێمه ده‌كات له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، یان ئه‌وه نیعمه‌تی نه‌زانینه؟