بۆچی ئەمریکا هێشتا گرنگە؟
12/22/2024 3:15:00 PM
رابەر تەڵعەت
سەرەڕای هەڵکشانی گومانی ئەمریکییەکان سەبارەت بە کاریگەریی جیهانیی وڵاتەکەیان، فەرید زەکەریا لە وتارێکیدا بەناوی The Self-Doubting Superpower کە پێش ساڵێک بڵاوی کردووەتەوە؛ بەڵگە بۆ بەهێز مانەوەی ئەمریکا دەهێنێتەوە؛ بۆ ئەمەش باسی لەم هۆکارانە کردووە:
هێزی ئابووری ئەمریکا لە هاوتاکانی وەک ئەوروپا و ژاپۆن هێشتا زیاترە و داهاتی تاکەکەس تیایدا بەرزترە. لە داهێناندا پێشەنگە و سەرکردایەتی بوارەکانی وەک زیرەکی دەستکرد و بایۆتێکنۆلۆژی و وزەی سەوز دەکات.
لەڕووی کاریگەریی جیهانییەوە؛ ئەمریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی "ئەوروپا پڵەس" دەکات، کە ٦٠٪ ی کۆی بەرهەمهێنانی جیهان و ٦٥٪ ی کۆی خەرجی سەربازی پێکدەهێنێت!
گەشەی دانیشتوان و دیمۆگرافی ئەمریکا، بەپێچەوانەی رکابەرە بەتەمەنەکانی؛ توانیویەتی سوود لە کۆچ وەربگرێت! بە بەراورد بە وڵاتانی وەک چین و ژاپۆن، ئەمریکا گەشەیەکی دانیشتوانی تەندروستتری هەیە.
ئاستەنگ و چارەسەرییەکانی بەردەم ئەمریکا؛ وەک زەکەریا باسی کردووە؛ ئەو وڵاتە رووبەرووی کێشە دەبێتەوە-قەرزی زیادی کردووە، لە ئاستی ناوخۆییدا توشی جەمسەرگیریی سیاسی و خودگومانیی بووە، بەڵام هێشتا سەرچاوەی نەرمی زۆری بەدەستەوەیە بۆ چارەسەرکردن و رووبەرووبونەوەی ئەو ئاستەنگانە!
بانگەوازی زەکەریا لەم وتارەیدا ڕوونە: ئەمریکا دەبێت بەسەر ڕەشبینیدا زاڵ بێت و سەرکردایەتی خۆی لە سیستەمێکی نێودەوڵەتی تازەدا جێگیرتر بکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە؛ ئایا ئیدارەی دووەمی ترامپ چ رۆڵێک لەم پرسەدا دەگێڕێت؟
ڕێبازی دۆناڵد ترەمپ بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی؛ بە گومانکردن لە هاوپەیمانێتییە جیهانییەکان و جەختکردنەوە لەسەر "ئەمریکا یەکەم" ناسراوە! ئایا ئەمە سیستەمی نێودەوڵەتی لاواز دەکات و دەبێتە هاندەرێک بۆ گۆشەگیری و موحافیزخوازیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا؟ ئایا گەڕانەوەی ترامپ بۆ دەسەڵات بووەتە هۆی نادڵنیایی جیهانی قووڵتر بەتایبەت بۆ هاوپەیمانەکانی؟
ناتوانرێ بوترێ کە ترەمپ پاشەکشەی جیهانیی ئەمریکا قبوڵ دەکات یان دەبێتە هۆی ئەو پاشەکشەیە! بەڵام ئەدای ئەو لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لەوانەیە زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندییە مامەڵەییەکان بکاتەوە، گرنگی بە ڕێککەوتنە ئابوورییەکان و دابەشکردنی بارگرانی بدات لە بری هاوپەیمانێتییە درێژخایەنەکان. ڕێبازی ترەمپ جەخت لەسەر سەروەریی ئەمریکا و کاری تاکلایەنە دەکاتەوە، ئەمەش لەوانەیە دامەزراوە فرەلایەنەکان پەراوێز بخات و سیستەمی جیهانی دووبارە داڕێژێتەوە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئەجێندای "ئەمریکا یەکەم" بێت.