111وتار

گریمان وابوو…هەڵبژاردن ساختە بوو!

10/23/2024 12:28:00 PM
رابەر تەڵعەت

چاوەڕوانکراو بوو ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ژمارەیەک پارت و لیست و قەوارەی سیاسی، لەنێویاندا ئەوانەی بۆ یەکەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن وەک (بەرەی گەڵ و هەڵوێست)، جۆرێک لە ناڕەزایەتی و شۆک لەلای ئەو هێزانە دروست بکات! بۆ؟ چونکە چاوەڕوانییەکانیان بۆ حەجمی ناڕەزایەتی لە هەرێمی کوردستان و بۆ دەنگی خۆیان لەوە بەرزتر بوو کە لە ئەنجامەکاندا دەرکەوت. دیارە ئێستا نامەوێ قسە لەسەر ئەوە بکەم، کە تاچەند لەسەر هەقن یان نا! 

باسەکە؛ گومانی ئەو هێزانە و ژمارەیەکی دیکەی حزبەکانە وەک (گۆڕان و کۆمەڵ) لە ساختەکاریی هەڵبژاردن و دزرانی دەنگەکانیان. هەروەک چۆن نامەوێ قسەش لەسەر ئەوە بکەم؛ کە ئەو هێزانە چەند لایەنگر و بانگەشەکاری بەشداریی و هەڵبژاردنێکی بێگەرد بوون! گوایە " کۆمسیۆنی بەغدا بەڕێوەی دەبات و رۆڵی پارتی و یەکێتی سفرە و ساختەکاریی مەحاڵە". 

لێرەدا دەمەوێ قسە لەسەر دوو خاڵ بکەم: 

 یەکەم/ ژینگەی هەڵبژاردن: هەڵبژاردن لە ژینگەی ئاڵۆزی ژیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تەنها پڕۆسەیەکی ناوخۆیی نیە کە داینامیکی دەنگ و بەشداریی و ناڕەزایەتی خەڵک بیجوڵێنێ، بەڵکو پڕۆسەیەکە تێکەڵە بە داینامیکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. هێزەکان؛ بەتایبەت ئەوانەی ئیدیعای گۆڕانکاریی دەکەن، دەبێ لەوە تێگەیشتبن و هەوڵ بدەن خەڵک و دەنگدەری خۆشیان لەوە تێبگەیەنن، کە سەرباری هەموو ئەمانەش؛ باوەڕبوون بە پڕۆسەی گۆڕانکاریی وەک رێگایەکی دوورودرێژ، هەڵبژاردن وەک باشترین بژاردەی ناتوندوتیژی و بەشداری سیاسی و دەنگدان، پرسێکی جەوهەریی و جێگیرە، بەڵام بارودۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی گۆڕاو و ناجێگیرە. پرانسیپ ئەوەیە باوەڕ بە پڕۆسەکە لەدەست نەدەین، بەڵام لە ناجێگیریی و گۆڕانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش تێبگەین. 

دووەم/ نامابوون و نائومێدکردنی دەنگدەر: بۆ هەموو ئەو هێزانەی خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسی دەزانن، هەموو ئەو هێزانەی خۆیان بە نەیاری (پارتی و یەکێتی) دەزانن، رەنگە ناڕەزایەتی و گومانەکانتان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن رەوایەتی هەبێ، بەڵام لەکاتێکدا کە ناتوانن بە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە (حاسم)، راستی و دروستی گومانەکانتان بسەلمێنن، خەریکن خەڵک و لایەنگر، دەنگدەرەکانی خۆتان نامۆ و بێئومێد دەکەن! لەکاتێکدا کۆمسیۆن رێگاوشوێنی یاسایی بۆ داناون بۆ سکاڵا لە ئەنجامەکان، خەریکن بە دەنگە دەنگ و هەرای میدیایی سەر لە خۆتان و خەڵک و دەنگدەر تێکدەدەن! 

ئەی چی بکرێ؟ هەموو ئەو هێزانەی خۆیان بە مافخوراو دەزانن لەم هەڵبژاردنەدا، لەبەردەم هەڵبژاردنی دووەمدان بۆ پەرلەمانی عێراق! بەشداریکردنتان لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بونیادنەر، دەبێتە مایەی پاراستنی متمانەی دەنگدەرەکانتان و نیشاندانی پابەندبوونتانە بە پڕۆسەی گەشەپێدانی دیموکراسی لە دیمەنێکی ئاڵۆز و سەختی ژیۆپۆلەتیکی ناوچەکە، بەتایبەتتریش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن