هەرێمی کوردستان لەبەردەم خوردبوونەوەی سیاسیدا!
3/15/2024 11:11:00 AM
رابەر تەڵعەت
خۆردبوونەوەی سیاسی، یان ئەتۆمیزەکردنی سیاسی، ئاماژەیە بۆ پارچە
پارچە بوونی کۆمەڵگا بۆ یەکەی بچوکتر و گۆشەگیر، بە تایبەت لە چوارچێوەی بەشداریی
سیاسی، ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا. لە قۆناغی خوردبوونەوەی سیاسیدا، گروپ
و تاکەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و کەمتر پەیوەستن بە
ئامانجە کۆمەڵایەتی و سیاسییە فراوان و گشتگیرەکانەوە. لە پشت خوردبوونەوەی سیاسیدا
چەندین فاکتەر هەیە؛ دیارترینیان بریتین لە نایەکسانی لە دابەشکردنی سامان و
ئابووریدا، گۆڕانکاریی کلتوری و تەکنەلۆژی، ستراتیژ و سیاسەتی بێدەسەڵاتکردنی ناڕەزایەتیی
سیاسی و ئۆپۆزسیۆن.
نزیکبوونەوە لە ئەگەری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی زەق
و بەرچاوی ئەو خوردبوونەوە سیاسییەمان پیشان دەدەن، کە کۆمەڵگا و سیاسەتی هەرێم ڕووبەڕووی
بۆتەوە! دیارە هەرێم ساڵانێکە پێی ناوەتە ناو ئەو قۆناغەوە، بەڵام بوونی ڕووداوێکی
وەک هەڵبژاردن، وا دەکات پڕۆسەکە بەرچاوتر و ڕوونتر خۆی نیشان بدات.
تەکنەلۆژیای میدیای دیجیتاڵی و پەیوەندیکردن، گۆڕانکاریی گەورەی لە شێوازی
دەستڕاگەییشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری و پەیوەندیدا هێناوەتە کایەوە، ئەمە لە کاتێکدایە،
کە ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێ بەشداریی لە دروستکردنی یەکگرتووییدا بکات، بەڵام لە
خوردکردنەوە و ئەتۆمیزەکردنیشدا هێزێکی کاریگەریی هەیە؛ ژووری بەتاڵی زۆر بۆ دەنگدانەوە
و بڵقی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ، بوار دەدات تاکەکان و بڵقەکان و دەنگدانەوەکان،
لە ژێر فلتەری جیاجیادا، مەودای خوردکردنەوە و دابەشبوون و لێکدوورکەوتنەوە فراوان
بکەن. ئەنجامی پڕۆسەکە، دەستکەوت و بایەخی گروپ و تاکەکەسیی تەسکە و هیچ خزمەتێک بە
ئامانجە گشتییەکان ناکات. کۆمەڵگا بەهێز ناکات، بەڵکوو ئەتۆمەکانی ناوی بەرانبەر بە
یەکتر تیژتر دەکاتەوە، ئەوانەی تەنها بانگەشەی هێز دەکەن!
سیاسەتی دابەشبوون و ململانێ لەسەر بنەمای، شوناس
و حزبایەتی، ململانێ تاکەکەسییەکان، بنەماڵەیی و دەستەگەرییەکان، هێزی خوردبوونەوەی
سیاسی فراوان دەکەن، بەڵام ناتوانن لەسەر هیچ ئامانج و بەرنامەیەکی گشتی و ستراتیژی
کۆک بن، وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات؛ ململانێی نێوان ئەو گروپ
و کەسایەتییانەی کە ئیدیعای باشی و فەزیلەت، ئۆپۆزسیۆن بوون دەکەن، لە ململانێی نێو
خودی بازنەی دەسەڵات توندتر و تیژترە بەرانبەر بە یەکتری. ئەنجامەکەش؛ زیاتر
خوردبوونەوە و لاوازی، نائومێدی و لەباربردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتییە، کە ڕەنگ بوو
لە هەبوونیدا، کۆمەڵگا توانایی خۆڕێکخستنەوە و بەرەنگاری زیاتر بوایە. ئەوەی لە هەرێمی
کوردستاندا ڕوودەدات؛ ستراتیژی خوردبوونەوەیە، نەک بونیادنانی کۆدەنگی و هاوکاریکردنی
خەڵک و کۆمەڵگا بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت