ئەرێ بۆ خەڵک بە دژی بڕیارەکانی مەحکەمەی فیدڕاڵی ناڕژێنە سەر شەقام؟
1/28/2023 5:27:00 PM
رابەر تەڵعەت
کێشەکانی ناوەخۆ، لەنێوان سەرجەم حزبەکان و بەتایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا؛ لە یەک بازنەی داخراودا دەخولێتەوە: ( دابەشکردنی دەسەڵات و سامان) ئەمەش وایکردووە:
یەکەم/ شێواز و فەلسەفەی ئیدارەی ئەم کیانە لە رووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، هەرگیز جێگای مشومڕ و ناکۆکی نێوان هێزەکان نەبووە، بۆیە کایەی گشتی (شەقام) بەتەواوی دابڕاوە لەو موناقەشەیە، هاوڵاتی و نوخبەی ئەم هەرێمە هیچ بەشدارییەکی لە چالاکی و موناقەشەیەکدا نیە کە ئامانجی پێشخستنی فەلسەفەی ئیداریی و ئابووری، دامەزراندنی نەتەوە و گەشەپێدانی ژیانی گشتی بێت!
دووم/ هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی سیاسی روونە. خاوەن دەزگای ئیداریی و بیرۆکراسی خۆیەتی. پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگای ئاسایش و پۆلیسی هەیە، هێزی پێشمەرگە ناوکی دامەزراندنی سوپایە. خاوەنی خاڵی گومرگ و کۆکردنەوەی سەرچاوەی داهات و ژێرخانی وزەیە، وەک دەوڵەت؛ تەنها لە دانپێدانانی فەرمیدا کەمیی هەیە. بەڵام کورتکردنەوەی هەموو ئەو دەسکەوتانە، لە ململانێ دەسەڵاتدا، وایکردووە خەڵک و شەقام لە حکومەتی خۆیان نامۆ بن، مەترسیەکانیش بۆ سەر ئەم قەوارەیە نەک هەر بە هەند وەرنەگرن، بەڵکو هەندێکجار پێی دلخۆش بن؛ نمونەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق!
ئەنجام؛ نوخبەی حاکم دەبێ بە گرنگیەوە بڕوانێتە تێگەیشتنی خەڵک بۆ ژیان و داهاتووی خۆی لەم هەرێمەدا. ترسناکە خەڵک هاوسۆزییان نەبێ بۆ کیانەکەیان، ئەمە ئاماژەیە بۆ بوونی کەلێنێکی گەورە لەنێوان حاکم و مەحکومدا. هەڕەشەی دەرەکی دەتوانێ گڕ بەربداتە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ. لە غیابی فەلسەفەیەکی روون بۆ سیاسەت، ئیدارە و حوکمڕانی کە خەڵک دڵنیا بکاتەوە لە داهاتووی خۆی، هەموو بومەلەرزەیەکی ئابووری و سیاسی، یان کۆمەڵایەتی دەتوانێ دۆخی ناوخۆی وڵات بشڵەقێنێ. ئەوەندە بەسە پرسیار لەخۆمان بکەین؛ ئەرێ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان رۆژێک بیریان لەوە نەکردەوە بەدژی یەکێک لە بڕیارەکانی بەغدا، بڕژێنە سەر شەقام و خۆپیشاندانی سەرتاسەی بکەن؟!