492وتار

كۆرۆنا لەمەككە

4/15/2020 5:39:00 PM
د.یاسین تەها

كۆرنا بەپێی پەرەسەندنی بایۆلۆجیانەی خۆی بەردەوامە لەپەلاماردانی مرۆڤ لەسەرانسەری دنیا، زیانە دارایی و ئابوورییەكانی ئەم نەخۆشییەش رۆژ لەدوای رۆژ بە ملیارەها و ترلیۆنەها دۆلار كەڵەكە و زیاتر دەبن، بەڵام لەعەرەبستانی سعودیە جگە لە زیانی دارایی مەترسی لەسەر ناوبانگی بەڕێوەبردنی شاری مەككە دروستكردووە كە یەكێكە لەپایە و شانازییەكانی سیستمی حوكمڕانی وڵات.
بەپێی پێوەرەكانی WHO، كۆرۆنا بەڵایەكی جیهانییە، ئەم ڤایرۆسە تەنانەت گەشتووە بە كۆشكی سپی و پنتاگۆن و بارەگای UN، بەڵام بڵاوبونەوەی لەشارەكانی مەككە و مەدینە، جۆرێك لەمەترسی لای حوكمڕانانی سعودیە دروست كردووە كە بەشكستخواردوو یان كەمتەرخەم لەئاست بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكە بێنە بەرچاو، بەتایبەت ئەگەر تا رەمەزان و دەستپێكردنی وەرزی حەج سنورێك بۆ نەخۆشییەكە دانەنێن.
ژمارەی دانیشتوانی مەككە دەگاتە دەوروبەری دوو ملیۆن كەس، شارەكەش دابەش بووە بەسەر هەژارنشین و دەوڵەمەند، بەپێی ئامارە تەندروستییە متمانەپێكراوەكانیش تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ژمارەی توشبوانی مەككە بە كۆرۆنا سەروو هەزار كەسی تێپەڕاندووە، بەشی هەرە زۆری حاڵەتەكانیش هی گەڕەكە هەژارنشینەكان بوون كە زۆرێكیان لانەو پەناگەی كرێكار و خزمەتكار و خەڵكانی بیانین بەتایبەت كرێكارە پاكستانی و هیندییەكان.
ئەگەر كۆرۆنا لە مەككە كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوە ناكرێت حەرەمەكان بەرووی گەشتیاران و حاجیاندا بكرێنەوە، ئەم لێكەوتەیەش جگە لەوەی دەوروبەری 7 ملیار دۆلار زیان لە ئابووری سعودیە دەدات، دەبێتە پێشینەیەكیتری مێژویی وەستانی حەج لەكاروانی مێژووی ئیسلام كە 40 جاریتر حەجی تێدا وەستاوە لە ماوەی 14 سەدە، بەڵام مەترسی ئەم جارەیان لەوەدایە دەكرێت ببێتە هۆكارێك و پاساوێك بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە دەسەڵاتدارانی سعودیە لالوتن و داوای بەنێودەوڵەتیكردنی بەڕێوەبردنی وەرزی حەج دەكەن؛ ئێران و قەتەر.
لەكۆتاییەكانی ئازاری رابردوو ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە مەككە تەنها 5 كەس بوون كە لەكۆمپانیای بن لادن كاری فراوانكردنی حەرەمیان دەكرد، بەم هۆیەشەوە 8 هەزار كرێكاریتر كەرەنتینە كران.
لە ئێستادا مەراسیمی نوێژەكان و نوێژی هەینی لەهەردوو حەرەمی مەككە و مەدینە تەنها لەلایەن ستاف و تیمێكی تایبەتەوە بەجێ دەهێنرێن كە پێشنویژ و بانگبێژ و كارمەند و پاسەوانەكانن، ئەوانیش ناوبەناو پشكنینی سەلامەتییان بۆ دەكرێت و ئەمەش وەهایكردووە پەخشی نوێژەكانی حەرەمەکان بەردەوام بن بەپێچەوانەی مزگەوتەكانیتری وڵاتەوە كە سەرجەمیان داخراون و لەبانگەكاندا بە "الصلاە فی الرحال" ناهێڵن كەس روویان تێ بكات وەک زۆرێکیتر لە وڵاتان.
رێگرییەكی گەورە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی عەرەبستان بۆ كردنەوەی مەككە یان بیركردنەوە لەوەرزی حەج، گەشتیار و میوانە دەرەكییەكانن، چونكە شیكاری ئامارەكانی ناوخۆ ئەوەیان دەرخستووە لەدەوروبەری پێنج هەزار توشبووی كۆرۆنا لەكۆی 30 ملیۆن دانیشتوان و نیشتەجێی وڵات، دەوروبەری 80% یان هاوڵاتی نیشتەجێكراو و بیانین، لەحاڵەتی كردنەوەی دەرگای حەجیشدا ئەوە بیانییەكان و میوانەكانی وڵاتانی توشبوو چەند قات دەبن و رەنگە ببنە هۆی كارەساتی گەورە، هەر ئەمەش وایكرد وەزارەتی حەجی سعودیە دەرگای گومان بكاتەوە لەسەر ئەنجامدانی فەرزی حەج بۆ ساڵی 2020 لەكاتێكدا لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە قورس و ئازاربەخش و رەنگە مەترسیداریش بێت بۆ دەسەڵاتێك كە چەندین ساڵە سەروەری گەورە و شانازییەكانی لەوەدا چڕ كردووەتەوە كە "خادم الحرمین" ـە و بەباشی و رێكوپێكی سەرپەرشتی گەورەترین كۆبوونەوەی موسوڵمانانی دنیا دەكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن