229وتار

دەسەڵاتەکان لە هەرێم سەرگەرمی چین!

10/3/2024 1:20:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

کاتێ حیزب و حکومەت لە میللەت دەسەندرێتەوە وهەردوک بە بنەماڵەیی دەکرێن، لە سیاسەت و بەرنامە و بیرکردنەوە، پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بە کردەیی ون دەبن، لە جێیدا حەزی زۆرانگرتن بەیەکتردا بۆ ناشرینکردن و خستنی یەکتر زاڵدەبێت، پەنابردن بۆ بێگانە و دروستکردنی دوژمنی وەهمی ئاسایی دەبێت، یەکتر تەخوین دەکەن، ئیتر چ جوانەکیان دەمێنێ؟. لە هەرێمی کوردستان بە بنەماڵەکردن و پەیڕەوی سیستەمی بۆماوەیی لە دەسەڵات  بۆتە دیاردەیەکی گشتی.

ئەم دیاردەیە لە ٦٠ ستەکانی سەدەی رابردووەوە لە مەلایی و جەلالیەوە سەرچاوەی گرت، پاشان پەڕیەوە بۆ یەکێتی و قیادەی موەقەتە و پارتی، کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان خنکێندرا، پارتی گەل نەما. ئیسلامیەکانیش جگە لە وابەستەیی ئایینی لە پەیدابونیانەوە بۆ ئێستا توشی ئەم پەتا پیسە بونە، لە شارەزوریش حیزبی سوشیالستی کاکە حەمە و کاکە عەبە دەردەکەیان گرت و گوڵەخانە بو بە دوو. بزوتنەوەی گۆڕانیش دوای کۆچی دوایی دامەزرێنەرەکەی بە شێوەیەکیتر تۆشی پەتای هەستکردن بو بە تەوریسی سیاسی وحەزی پۆست و کورسی لای بەشێک لە سەرکردەکان, دەرئەنجامەکە دورخستنەوە و جیابونەوە و دەرگا لەسەرداخستن بو، ئێستاش ئەوسەری رێگا نادیارە، بزوتنەوەیەک کە جێی ئومێدی کۆمەڵانی خەڵک و خاوەنی پرۆژەی چاکسازی و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمداری بو لە کوردستان. ئێستاش زۆرن ئەوانەی هیوای هەڵسانەوە بۆ بەرنامەی گۆڕان دەخوازن لەو نەخۆشیە. ئەم حیزبانە لەسەرەتا جێی متمانەی زۆرینەی میللەتبونە، بەڵام بە درێژایی رۆژگار و پێگەیشتنی نەوەی سەرکردەکان توشی ئەم پەتایە بون. 

لە رۆژگاری ئێستادا کاریگەری ئەم پەتایە دەردەکەوێت لە:

 

یەکەم: پرۆسەی سەرژمێری لە کەرکوک
بەتەنگەوە نەهاتنی لایەنەکان و دەسەڵات لە پرۆسەی سەرژمێری، پرۆسەیەک گەر بەم شێوەیە لە٢٠/١١/٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت کورد دەستی بەردەبێ لە کەرکوک ناوچە دابڕاوەکان.

دووەم: کەرکوک
بارودۆخی کەرکوک و بەردەوامی پرۆسەی تەعریب لە دوای ٢٠١٧ ، پارتی و یەکێتی لەم شارەش ناتوانن پیکەوە کار بکەن. 

سێیەم: کوردستان و کاریگەری شەڕی ئیسرائیل
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێ و پێشبینی گۆڕانکاری گەورە دەکرێت. کەچی سەرانی حیزبی کوردی لە هەرێم سەرگەرمی یەکتر شکاندن، لە دەنگی ئەو ساروخانەش بە ئاگا نایەن کە بەسەر سەریاندا تێدەپەرن.

چوارەم : سەردانیکردنی سەرۆک خێڵەکان بە دەست و دیاریەوە لە پێناوی دەنگ کۆکردنەوە. کوردەواریش وتۆتی دەست وەردەگرێ و چاو شەرمەکا. سەرۆک خێڵێش بە چاوەخواری خۆی دەدات بەدەستەوە. گەل و نیشتمانیش باجەکەی دەدەن. لەسەر خێڵ و سەرۆک خێڵ لە دەڤەری بادینان دەگێڕنەوە ( لە ٢٠ ستەکانی سەدەی رابردو جەنابی محمود ئاغای زێبار بە مەرجەکانی ئنگلیز رازی نابێت، ئاوارە دەبێت و دەچێتە لای جەنابی سمکۆ ئاغای شکاک. پاش ماوەیەک سمکۆ خوازبێنی کچی محمود ئاغا دەکات بۆ کوڕەکەی . گەورەیی ئەم پیاوە لە وەڵامەکەی دەردەکەوێ، " سمکۆ ئاغا لە کوڕی تۆ پیاوتری نادەم، بەڵام من ئێستا ئاوارەم و بارم خوارە، لای جەنابتم. کچتان نادەمێ، کەی گەڕامەوە سەر هەواری خۆم بە جلی خۆیەوە پێشکەشتان دەکەم."). 

دوا قسە، دەسەڵاتێک ئەمە بەرنامەی بێت، دوای ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی پر لە شکست و نەهامەتی: بەگورگانخواردکردنی کەرکوک، بێ موچەیی، شکستی پەروەردە، کارەبا و تەواوی جومگەکانی ژیان لە هەرێم، هاوڵاتیان بۆ دەنگی پێبدەن؟
ئەی چۆن و بە کێ دەنگ بدەن؟  بۆ ئەوەی حیزب و حکومەت ببێتەوە بە موڵکی میللەت، هەرچۆنێبێ، ئەمڕۆ بی یان سبەی دەبێ بەدەنگدان میللەت ئەم پەتایە چارەسەر بکات.




سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن