554وتار

موبارەك مرد

2/25/2020 7:03:00 PM
د.یاسین تەها


ئەمرۆ محەمەد حوسنی موبارەك لەتەمەنی 91 ساڵیداو بەنەخۆشی و كەنارخراوی كۆچی دوایی كرد. ناوبراو 30 ساڵ حوكمڕانی گرنگترین وڵاتی عەرەبیی كرد كە كۆماری میسرە، سەركردەو سەفیر و وەزیرە بیانییەكان بەپۆل دەهاتنە سەردانی چونكە جگە لەوەی وڵاتەكەی لەنێوان كیشوەرەكانی ئاسیاو ئەفەریقاو ئەوروپا بوو، بەدڵی جیهانی عەرەبی و دەمڕاستی كێشەی فەلەستین لەقەڵەم دەدرا كەچی گەلەكەی 40% یان لە ژێر هیڵی هەژاری و لە سایەی سیستمێكی دیكتاتۆریی گەندەڵدا دەیانناڵاند و بۆ دەستخستنی پارووی نان رۆژ تا ئێوارە چنگەكڕێیان دەكرد.

 لە ساڵی 1981 كاتێك ئەنوەر سادات تیرۆركرا ئەوانەی تەقەیان لێكرد لەكەرنەڤالێكی سەربازی (خالد ئیسلامبولی) حوسنی موبارەكی جێگریان هیچ پێ گرنگ نەبوو ئەگینا ئەیانوانی ئەویش بەئاسانی بكوژن كە لەتەنیشتی بوو. لەماوە حوكمڕانی خۆشیدا موبارەك لە شەش هەوڵی كوشتن رزگاری بووە، بەڵام كاتێك هەژاری و خۆخواردنەوەو توڕەیی خەڵكی میسر لە یەنایەری 2011 گەشتە لوتكە بە 18 رۆژ لە كورسی حوكمڕانی هێنایانە خوارەوە و ناردیان بۆ ڤێلاكەی لە شەرەم و دواتریش شوققە كۆنەكەی سەردەمی ئەفسەریی لە سوپای میسر.

 میسرییەكان زۆرجار جیاوازیی ئەكەن لەنێوان ساڵانی سەرەتای حوكمڕانی موبارەك و ساڵانی كۆتایی كە دەوری گیرابوو بە بزنسمانی گەندەڵ و هەموو ژیانی تەرخانكردبوو بۆ تەوریسی سیاسی تا جەمال ـ ی كوڕی بخاتە سەر كورسییەكەی خۆی. ئێستاش سەیر ئەوەیە بەشێك لەو میسرییانەی ئاهەنگیان گیڕاو خۆشحاڵ بوون بۆ راماڵینی موبارەك و 800 قوربانییان لەو پێناوەدا بەخشی، ئاوات بەسەردەمی ئەو دەخوازن نەك لەبەر ئەوەی كە ئەو چاك بوو بەڵكە بەهۆی بێزاری و خنكان و وێران بوونیان بەدەستی جێگرەوەو میراتگری رژێمەكەی كە فەتاح سیسی ـ یە و وەك كورد دەڵێت "تا بەد نەبینی بەدخانە بەیاد ناكەیت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن