40وتار

پیرۆزە ڕۆژی جیهانی مامۆستایان

10/5/2024 9:21:00 PM
رەهێڵ دزەیى

پیشەی مامۆستا، جوانترین و پیرۆزترین و سەربەرزترین پیشەیە. لە ژێردەستی مامۆستا هەموو پیشەکانی تر دێتەبەرهەم. 
مامۆستایی هونەرە و بەهرەیە، وەک زۆربەی هونەرەکان. ئەو کەسەی دەبێت بە مامۆستا گرنگە ئەو بەهرەیەی هەبێت، بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستاکەی سەرکەوتوو. ئەگەر حەزی پیشەی مامۆستای بوونی نەبێت لە مامۆستا، بە دڵنیایەوە ناتوانێت وەک پێویست ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. 
لە هەرێمی کوردستان، چەند بوارێک هەیە لە ڕێگایەوە دەتوانرێت ببیت بە مامۆستا، بەشێکیان ڕێگا ڕاستەکە نییە( بەشێکی زۆر لە دەرچووانی کۆلێجەکەنی تر وەک مامۆستا دادەمەزرێن، هیچ زانیاریەکیان نییە لە زانستی پەروەردە و فێرکردن، زەرەرمەندی سەرەکی فێرخوازەکانن)، بۆ ئەوەی بتوانرێت مامۆستایەکی پەروەردەیی و شارەزا لە زانستی پەروەردە و فێرکردن بێت. 
پەیمانگای مامۆستایان، کۆلێجی پەروەردە، ئەم دوو شوێنەیە دەکرێ لە ڕێگایانەوە مامۆستای لێهاتووی لێ بەرهەم بهێندرێت، ئەگەر بێتوو بە شێوازێکی زانستی فێرخوازەکان چۆش بکرێن بە میتۆدەکانی وانە بێژی و زانستەکانی تری بواری پەروەردە و فێرکردن. 
کۆلێجی پەروەردە تا ئێستا بە شێوازی کۆن فێرخوازەکان فێردەکات و ئەو بابەتانەی دەخوێندرێت، تا ڕادەیەکی زۆر ناتوانێت مامۆستایەکی پڕ لە زانستی پەروەردە( پێداگوگیک) و زانستی وانەبێژی(دیداکتیک) پەروەردە بکات. لە کۆلێجەکانی پەروەردە زیاتر گرنگی بە زانستەکان دەدرێت، نەک بە شێواز و میتۆدەکانی گەیاندنی زانستەکان بە فێرخوازان. 
کەرتی پەروەردە و فێرکردن گرنگترین کەرتە لە کۆمەڵگادا، لە ڕێگایەوە ئاستی کۆمەڵگا و نەتەوەیەک دەستنیشان دەکرێت. سستمی پەروەردە و فێرکردنێکی باش و سەردەمیانە کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن و گەشەکردن دەبات، پێچەوانەکەشی کۆمەڵگا بەرەو دواکەوتوویی دەبات، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد گرنگیەکی زۆر بەم کەرتە بدەین و نەوەیەکی هوشیار و بە مەعرفەت پێشەکەش بۆ کۆمەڵگاکەمان بکەین. زۆرترین بوجە بۆ ئەم کەرتە تەرخان بکرێت. 
بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت ئەرکەکەی بە باشترین شێوە ئەنجام بدات، دەبێ پێداویستیەکانی بۆ ئامادەبکرێت، وەک پێداویستیەکانی وانەبێژی و ئاشناکردنی بە تازەترین گۆڕانکاریەکانی بواری پەروەردە و فێرکردن. بینای قوتابخانە، پێداویستیەکانی وانەبێژی، مەنهەج و کەمی کاتی خوێندن، زۆری فێرخوازەکان لە پۆلێک، لەو هۆکارانەن کاریگەری زۆریان لەسەر  شێواز و ئەنجامدانی پرۆسەی فێربوون، گرنگترینیان ئاستی بژێوی مامۆستا و دواکەوتنی موچەیە. ئەو کێشانەی لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوەدستان هەیە یاریدەدەر نییە بۆ ئەوەی مامۆستا باشترینی خۆی پێشکەش بکات، بتوانێت بە باشترین شێوە بەو ئەرکە پیرۆزە هەستێت و نەوەیەکی هوشیار و بە مەعرفەت و پرسیارکەر و باوەڕ بەخۆ پێشکەش بە کۆمەڵگابکات. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن