22وتار

ئەگەر بڕیارە سەرکردە بن!

10/5/2024 9:58:00 AM
مەڵبەند ئەحمەد

مێژووی هەزار ساڵی کورد پڕە لە لە ناکۆکی و دوو لەت بوون و دەستشکاندنەوە. کێ براوە بوو؟ چەند جار گەیشتینە لوتکەو یەکتریمان تلێرکردەوە! هەر فێر نەبووین؟

سەرکردە ئەو کەسەیە کە سەری بەرامبەر دوژمن بەرزو بەرامبەر دۆست و هاڕێکانی نەوی بێت، بە کەسێک ناوترێ سەرکردە کە  هێز لە پلیشانەوەی براکانی خۆی وەربگرێ!

بەدرێژایی مێژوو، هەموو ئەو سەرکردانەی هەڵەیان کردووە، وردە بەناو سەرکردەکانی دەوروبەریان پێیان کردوون، ئەوانەی کە خەمی خۆیان لە خەمی گەلێک پێ گەورەترە، ستراتیژ لای ئەوان خەمی گیرفانە نەک ئامانجی ڕەوای میلەتێک؟

سەرکردە نابێ کورت بین بێت، نابێ لەژێر کاریگەری ئەوانەدا بڕیار بدات کە ئیشیان دەهۆڵ کوتانە!.
گۆڕان وەک بەشێک لە مێژووی سیاسی کورد، سەرکردەشی هەیەو سەرکردایەتیش و دەهۆڵکوتیش!

سەرکردەکان ئەوانەن کە هەوڵی دورینەوەی برینەکان ئەدەن، جێ چەقۆکان ساڕێژ ئەکەن، خۆیان ئەتوێنەوەو خەمی گشتی هەڵدەگرن! نەک ئەوانەی وێنە بە دەهۆڵەکانیانەوە دەگرن و زەماوەندی دوژمن گەرم ئەکەن!

دۆخی گۆڕان وێرانەیە، براوە لە دۆڕاو کەوتوو ترە، پێویستی بەو سەرکردانەیە کە هەر ئەمڕۆ لاپەڕەی هەموو برینەکان دابخەن، پێکەوە دابنیشینەوە، سازش بکەین، خۆمان ببین بە مۆم و خەم و هیوای میلەتێک لەبەرچاو بگرین!

ئەرکی ئەندامانی جڤاتە خوێ بەم برینەوە نەکەن، چونکە خاوەنی خاڵی هاوبەش، دەستوری هاوبەش، ئامانجی هاوبەشین، با هێندەی تر دڵی دوژمن خۆش و دڵی دۆستیش خەمگین نەکەین. تکایە دواین هەناسە بە فیڕۆ مەدەن.

ئێستاش دەکرێت بە یەک ڕۆژ مەکۆکان یەک بخەینەوە، دۆستەکان ئاشت بکەینەوە، ڕەوڕەوەی مێژوو بگرینەوە دەست. هیچی ناوێ تەنها دڵسۆزی نەبێت! دەست لە بەرژەوەندی شەخسی هەڵگرن، ئەگەر سەرکردە بین بێ سەرمایەش هەر سەرکردەین، بێ دەهۆڵ کوتیش هەر دڵخۆشین! تکایە سەر بن بۆ لاشەی بیماری مۆمێکی هیوا ،لەوە زیاتر سەر بڕ مەبن!!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن