697وتار

دادپەروەری یان یەكسانی؟

12/22/2020 12:04:00 PM
د. بەرهەم خالید

حكومەتی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ دا باجی لەسەر موچەی موچەخۆران داناوە. جگە لەوەش موچەی سەرۆكایەتییەكان بە رێژەی ٤٠٪‏ و موچەی پەرلەمانتار و وەزیرەكان بە رێژەی ٣٠٪‏ی كەمكردەوە. بەدەر لە ھۆكارەكانی بڕینی موچە و باجدانان لەسەری، حكومەتی عێراق دادپەروەرانە و ھاوشێوەی ئەو سیستمی باجەی لە وڵاتانی دیكە ھەیە بڕینەكە ئەنجامدەدات و دادپەروەری لە بڕینەکەدا ھەیە بەمشێوەیە:

 - ٥٠٠ ھەزاری یەكەمی موچە ھیچ بڕێكی لێنابڕدرێت.
- ٥٠١- ١ ملیۆن  رێژەی ١٠٪‏ لێدەبڕدرێت.
- ١ ملیۆن - ١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار رێژەی ٢٠٪‏ لێدەبڕدرێت.
- ١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرەوسەر رێژەی ٣٠٪‏ لێدەبڕدرێت.

واتە ئەگەر  فەرمانبەرێک موچەکەی ٥٠٠ ھەزار دینار بێت ھیچ لێبڕینێك نایگرێتەوە. 

ئەگەر فەرمانبەرێك ٦٠٠ ھەزار موچەی بێت تەنھا  ١٠٠ ھەزاری دوای ٥٠٠ ھەزارەكەوە رێژەی ١٠٪‏ باج دەدات و ٥٩٠ ھەزار وەردەگرێت.

موچەیەكی ملیۆن دیناری ٥٠٠ی یەكەمی ھیچ نابڕدرێت لە ٥٠٠ ھەزاری دووەم ١٠٪‏ دەبڕدرێت و ٩٥٠ ھەزار وەردەگرێت.

موچەیەكی ٢ ملیۆن دیناری لێبڕینەكەی بەم شێوەیە دەبێت؛
٥٠٠ ھەزاری یەكەم سفر٪‏. ٥٠٠ ھەزاری دووەم ١٠٪. ٥٠٠ ھەزاری سێیەم ٢٠٪‏. ٥٠٠ ھەزاری چوارەم ٣٠٪‏. بە كۆی گشتی بڕینەكە دەكاتە: .+٥٠+١٠٠+١٥٠=٣٠٠ ھەزار دینار واتە لە كۆی ٢ ملیۆنەكە ١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دینار وەردەگرێت. 

سەرەڕای تێبینییەكان‏ ئەگەر بەراوردبكەین ئەم بڕینە جۆرێك لە دادپەروەری تێدایە و سیستم و ھاوشێوەی وڵاتانی دیكەیە بۆ نمونە بەریتانیا موچەی ساڵانەی ١٢ ھەزار و ٥٠٠ پاوەند باج نادات بەڵام ھەر بڕێكی زیاتری دوای ئەوە ٢٠٪‏ دەدات ھەتا ٥٠ ھەزار پاوەند لەوە زیاتریش ٤٠٪‏ باج دەدەن.

ئەمەش رێكخراوو دادپەروەرانەیە بەراورد بەوەی لە ھەرێم بە بێ رەچاوكردنی بری موچە ٢١٪‏  لە موچەی ھەموو كەس دەبڕدرێت كە بێگومان كاریگەرییەكەی لەسەر خاوەن موچە كەمەكان زۆر زیاتر دەبێت. 

بەپێی ئەم ھاوكێشەیە:
- موچەیەكی ١ ملیۆنی لە ھەرێم بە لێبڕینی ٢١٪‏ ٧٩٠ ھەزار دینار وەردەگرێت بەڵام لە عێراق بەم سیستمە ٩٥٠ ھەزار وەردەگرێت.
- موچەیەكی ٢ ملیۆنی لە ھەرێم بە بڕینی ٢١٪‏  یەك ملیۆن و ٥٨٠ ھەزار دینار وەردەگرێت بەڵام لە عێراق ملیۆنێك و ٧٠٠ ھەزار دینار وەردەگرێت. 

واتە كاریگەرییەكە لەسەر موچە كەمەكە كەمترە بە بەراورد بە موچە بەرزەكە بەڵام لە ھەرێم یەكسانە و موچە كەمەكە زیاتر كاریگەر دەبێت بە لێبڕینەكە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن