ساڵی مان و نەمان بۆ دیموکراسیەت
10/30/2024 11:36:00 AM
د. بەرهەم خالید
ئەمساڵ بە ساڵی هەڵبژاردن ناسراوە بەوپێیەی
زیاتر لە ٤.٢ ملیار کەس کە دەکاتە نزیکەی ٤٧٪ ی دانیشتوانی زەوی لە زیاتر لە ٦٥ وڵات
دەنگدەدەن بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاوە. ئەوەش بە ساڵێکی مێژوویی و بێ وێنە هەژماردەکرێت کە ئەو ژمارە زۆرە هەڵبژاردن
بەڕێوەبچێت. تەنانەت هەندێک لە لێکۆڵەران ٢٠٢٤ یان ناوناوە؛ ساڵی مان و نەمان بۆ دیموکراسیەت A Make-or-Break Year for Democracy Worldwide
هەڵبژاردن گەرەنتی دیموکراسیەت نییەو کەوتوەتە
سەر ئەوەی کێ ئەنجامی ئەدات. لە سەردەمی نوێدا تەنانەت هەرە دیکتاتۆرترین کەس و سیستمەکانیش
هەڵبژاردنیان پێ پەسەندە بۆ ئەوەی لە رێگەی سندوقەکانەوە شەرعیەت وەرگرن کە رێگایەکی
ئاسانترە لە رێگاکانی دیکەی خۆسەپاندن. لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ هەڵبژاردنی پاک و شەفاف
و دروست دیموکراسیەت مانایەکی نامێنێت. هەربۆیە
پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ٢٨ وڵات لە ئیندێکسی دیموکراسیدا چاوەڕوانی ئەوەیان
لێنەکراوە و ناکرێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد ئەنجامبدەن، بەڵام لە زۆرێک
لە هەڵبژاردنەکاندا گۆڕانکاری دروستبوو.
دواترین هەڵبژاردن لە یابان پارتی دەسەڵاتدار
کە بە نزیکەیی لە ساڵی ١٩٥٥ ەوە حوکمی یابان ئەکات، توشی شکست بوو بە هۆیەوە زۆرینەی
پەرلەمانی لەدەستدا هۆکارەکەشی زیاتر بۆ سکانداڵە ئابوورییەکان و گرانی شمەک و کەلوپەلی
رۆژانەبوو.
پێشتریش هەر ئەمساڵ لە فەرەنسا و نەمسا
و بەریتانیا و ئەڵمانیا و مەکسیک و ئەفریکای باشور و ئەرجەنتین و هند و سەنیگال و
بەنگلادیش و چەند وڵاتێکی دیکە کە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان
براوەی هەڵبژاردنەکان بوون و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ئەمریکا ترەمپ بگەڕێتەوە و بایدن
و پارتەکەی دەسەڵات لە دەستبەن.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە لە بەشی زۆری ئەو
وڵاتانەی دەسەڵات دۆڕاوە؛ نە سەنتێک لە موچە بڕدراوە و دواکەوتوەو خوراوە، نە کارەبا
ئەبڕێت و نە کێشەی ئاو هەیە و نە دۆخی خزمەتگوزاری وێرانە و نە ئاستی بێکاری بەرزەو
نە سیستمی تەندروستی و پەروەردە پەکی کەوتووە، بەڵام هێشتا لە وڵاتی خۆشگوزەرانی وەک
بەریتانیا و فەرەنسا و یابان و ئەڵمانیا دەسەڵات ئەدۆڕێت و ئاسایی ئەنجامەکان وەرەگرێت،
بەڵام لێرە سەرەڕای هەموو ئەو گرفت و کێشە و قەیرانانەی هەیە دەسەڵات ئەیەوێت پێمان
بڵێت میللەت هەر ئێمەی ئەوێت و زۆرینەی لەگەڵ ئێمەیە و نابێت و ناکرێت ئێمە بدۆڕێین
و واز لە دەسەڵات بێنین.
کێشەکە لە کوێدایە، بەراست ئەوە خەڵکە
ئەوانی ئەوێت یان ئەوان زۆرینەیەکی ساختە و دروستکراو و دیزاینکراویان لە راستییەکە
پێخۆشترە و بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتیان هەموو رێگایەکی ناشەرعی ئەگرنەبەر کە نازانرێت
دەرەنجامەکەی بەکوێ ئەگات هاوشێوەی دوایین هەڵبژاردنەکان و زۆرینە ساختەکانی بن عەلی
تونس و موبارەکی میسر و قەزافی لیبیا و ئوشرەف غەنی ئەفغانستان و شێخە حسێنەی بەنگلادیش
و ئەوانی دیکە کە دوای چەند مانگ و ساڵێکی کەم لەو هەڵبژاردن و زۆرینانە، دەسەڵات
و حوکمڕانییەکەیان هەرەسی هێنا و رووخان؟