907 کوردستان

بانگەوازێکى بەپەلە ئاراستەى سەرۆکایەتى هەرێم و ئەنجومەنى وەزیران دەکرێت

07:16 - 30/10/2024

زەمەن - کوردستانى

 

ژمارەیەک ئەکادیمى و توێژەر و نووسەر و رۆژنامەنووس، بانگەوازێکیان ئاراستەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى وەزیران و حزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەى مەدنى و پیاوانى ئایینى و روناکبیر و ئەکادیمییەکان کردووە، داوا دەکەن پرۆسەى سەرژمێریى دوابخرێت.

 

دەقى بانگەوازەکە:

بانگەوازێک بۆ دواخستنی سەرژمێریی

بۆ سەرۆکایەتی هەرێم
بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران، لەڕێگەی سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
بۆ کوردستانیان بەگشتی و حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و پیاوانی ئایینیی و ڕووناکبیر و ئەکادیمییەکان بەتایبەتی
 
بڕیارە سەرژمێریی گشتی لە 20-11-2024 لە عێراق ئەنجام بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ کە کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم باڵا دەست بوو، هێزە عێراقییەکان ڕێگریان دەکرد لە ئەنجامدانی، کەچی دوای پەراوێزخستنی کورد و گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکان ئێستا پێداگری لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکەن. 
لەو دۆخەی ئێستا کە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم پێیدا تێپەڕ دەبێت ئەنجامدانی سەرژمێریی واتە قەبوڵکردنی سیاسەتی تەعریبی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێراق چونکە بەفەرمی تۆمارکردنی سەدان هەزار عەرەبی هاوردە و ئاوارەی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش بە مانای لەدەستدانی یەکجارەکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و بەعەرەببوونی خودی هەرێمی کوردستان-یش دێت. بۆیە، ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی سەرژمێریی لە عێراق ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئایینیی و مرۆییە. 
سەرچاوەی ئەو ترسەی ئێمە لە سەرژمێریی گشتیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکار و دۆخانە: 
یەکەم: 
 کورد هیچ ئامادە نییە بۆ سەرژمێریی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقی جێبەجێ نەکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکان. 
دووەم:
خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم وەک پێویست بۆ ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. 
سێیەم:
 نەبوونی "حەقلی نەتەوە" لە فۆرمی سەرژمێریی، بە زەقی نیازی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەردەخات کە بێ بەش کردنی نەتەوەی کوردە لە ناسنامەی نەتەوەیی.  
چوارەم:
هەموو ئەوانەی سەدان ساڵە بە هۆکاری تەعریب و شەڕی ناوخۆ و داعش هاتوونەتە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە شوێنی خۆیان ناونووس و تۆمار دەکرێن، تۆمارێک کە هەتا هەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هێز نییە دوای تۆمارکردنیان جارێکی دیکە بیانگێڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە لێوەی هاتوون.
پێنجەم:
 نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەبی تەعریب ئێستا لە شاری کەرکووک و دەوروبەری نیشتەجێ بوون. هاوکات، زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب نیشتەجێی ناو هەرێمی کوردستان-ن. دوای ناونووسکردنیان لە ڕۆژی سەرژمێریی، ئیدی ئەوانە دەبن بە ئەمری واقیع و لە دەنگدانی داهاتوودا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، بەمەش ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە نوێنەری عەرەبەکانی کوردستان.
شەشەم:
 فۆرمی سەرژمێریی هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە کەسێک وەک بەشێک لە پڕۆسەی تەعریب هاتبێتە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەمەش، ئەوەی وەک تەعریب هاتۆتە کوردستان بەتەواوی دیزەبەدەرخۆنەی پێ دەکرێت. 
بۆیە، ئێمە پێمان وایە کە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران بەتایبەتی و کوردستانیان بەگشتیی تەنیا دوو بژاردەیان لە پێشە کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرین:
1- هەموو ئەو لایەنانەی کە ئاماژەمان پێ کردن دەبێت هاوکاری یەکدی بکەن و هەوڵ بدەن کە سەرژمێریی لە عێراق نەکرێت و مەرجی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم وەک ئەوەی لە دەستووری عێراق هاتووە بسەپێنرێت بۆ هەر سەرژمێرییەک لە عێراق.
2- ئەگەر هەوڵەکان سەریان نەگرت و سەرژمێریی دوانەخرا، ئەوا حکومەتی هەرێم بڕیاری بایکۆتی سەرژمێرییەکە بدات و نە‌هێڵێت حکومەتی عێراق لە هەرێم سەرژمێریی بکات و داوا لە کوردستانییان بکات لە هەر شوێنێک هەن بە هیچ شێوەیەک نە‌هێڵن کارمەندانی سەرژمێریی بێن بۆ ماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە. 

لە کۆتاییدا، ئێمە دڵنیاین ئەنجامدانی ئەم سەرژمێریە، واتە کۆتایی شتێک کە پێی دەگوترێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم (کێشە لەسەرەکان) چونکە ئیدی زۆرینەی عەرەب لەو ناوچانە مسۆگەر دەبێت، لەوەش ترسناکتر بەفەرمی و بەیاسایی دەکرێت. لە پاڵ ئەمانە، شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان-یش نامێنێت چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی دەبن بە عەرەب، هەر دە ساڵی دیکەی دەوێت کە کورد لە هەرێمیش دەبن بە کەمینە.


د. شێرکۆ کرمانج، ئەکادیمی و توێژەر و نووسەر
د. محەمەد شوانی، ئەکادیمی و توێژەر و نووسەر
عارف قوربانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس
عەبدولرەحمان عوسمان، ئەندازیار و چالاکوان
محەمەد ئەمین، چالاکوان و نوێنەری جووتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکووک
مەلا فەرمان، چاودێری سیاسی و چالاکوان
عومەر غەریب، میدیاکار و ڕۆژنامەنووس
هەردی محەمەد، میدیاکار و ڕۆژنامەنووس

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن