535وتار

١٦ ی ئۆکتۆبەر !

10/17/2022 6:26:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

زۆر لەسەر ١٦ ی ئۆکتۆبەر دەوترێ و دەنوسرێ، زۆربەی وتار و بابەتەکان لۆژیکی نین، بەوپێیەی بەرژەوەندی حیزبی یاخود پشت بەستوو نین بە زانیاری دروست و بابەتی.
١٦ ی ئۆکتۆبەر گەر لە ڕواڵەتدا کشانەوەی کورد یاخود تێکشکان هەر ناوێکی تری لێ بنرێ، بەڵام دیوی پشتەوەی ڕووداوەکە دونیایەک شتی باسنەکراوی تێدایە، هەوڵ دەدەم لە خواردەوە هەندێک زانیاری بخەمە ڕوو.

پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر!

عێراق شەڕی گرتنەوەی حەویجەی خستە دوای شەڕی کۆنترۆڵکردنی موسڵ، پلانی هەبوو دوای موسڵ، هێز بە پاساوی شەڕی حەویجە لە دەوروبەری کەرکوک کۆبکاتەوە، بێگومان لەمەدا ئامانجی گرتنی کەرکوک نەبوو، بەڵکو ئامانجی بیرە نەوتیەکانی بای حەسەن و هاڤانا بوو.

یەک دوو مانگێک پێش ریفراندۆم، وەفدێکی چوار کەسی عێراق سەردانی هەولێریان کرد، پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاو و بێ منەتانەیان گەیاندبووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری نەوت.

لە پەیامەکەدا، وتبوویان” هاتووین پێتان بڵێین، بە ئاشتی بێت یاخود شەڕ، نەوتی کەرکوکمان دەوێ.”

ئەوکات بەشێک لە ئابووری هەرێم پشتی بە نەوتی کەرکوک دەبەست، بەرپرسانی هەرێم باش لە پەیامەکە تێگەشتبوون، هەندێک خیاری تریان خستبووە بەردەم وەفدەکەی عێراق، با نەوتەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمە و لە ڕێگەی بەسرەوە هەناردە بکرێ و چەند خیارێکی تر، عێراق هەمووی ڕەتکردبوویەوە، وتبوویان نەخێر نەوتەکەمان هەر دەوێ و دوای گەیاندنی پەیامەکە ڕۆیشتبوون.
هەرێم تێگەشت، دوای شەڕی موسڵ، گڕی ئاگرەکە لە دەوروبەری کەرکوکەوە هەڵدەستێت، چونکە چەندین جۆر گفتووگۆی تر لە شێوەی ئەوەی باسمکرد ڕوویدا، بەڵام هەرێم ئامادەکاری بۆ نەکرد، یاخود خوێندنەوەی هەڵەی بۆ پێشهات و ڕووداوەکان هەبوو.

١٦ ی ئۆکتۆبەر!

تا بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی عێراق پلانی گرتنی کەرکوکی نەبوو، پلانەکەی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتییەکان و چەند شوێنێکی سەربازی دەوروبەری شارەکە بوو، پێشتریش عەبادی کاتێک سەردانی دەوروبەری کەرکوکی کردبوو لەسەردەمی شەڕی داعش، داوایکردبوو، ڕێگە بە گەڕانەوەی سوپا بدرێت بۆ دەوروبەری کەرکوک، بەڵام هەرێم ڕەتیکردبوویەوە.

چەند ڕۆژێک پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر، خۆم لە ڕۆژئاوای کەرکوک دکتۆر کەمال کەرکوکیم بینی، تازە لە هەولێر گەڕابوویەوە، بە ڕووخساریەوە دیاربوو، هەستی بە مەترسی دۆخەکە کردبوو، پێیوتین؛ عێراق ٩٠ هەزار چەکداری هێناوە و بەم نزیکانە هێرش دەست پێدەکات.

ئەوکات نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ئیدارەدانی کەرکوک خراپبوو، یەکێتی پێیوابوو دکتۆر نەجمەدین لە پارتی نزیک بووەتەوە و حساب بۆ ئەمان ناکات، ناوخۆی یەکێتیش خراپبوو، بەشێکیان لەگەڵ پارتی دا، بڕیاری شەڕیان دابوو، بەشەکەی تریش لەگەڵ شەڕدا نەبوون و لە گفتووگۆدا بوون لەگەڵ عێراق.

عێراق پەیامەکەی چەند مانگ پێشوتری گەیاندبووە بەرپرسانی یەکێتی، بەشەڕ بێت یان ئاشتی نەوتی کەرکوک کۆنترۆڵ دەکەین، لەسەر ئەمە ڕێککەوتن لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی دروستبوو، ئەمان شەڕ نەکەن لە گەڵ عێراق ، عێراقیش دوای کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتی و ئەو جێگانەی مەبەستیەتی، پێشڕەوی زیاتر نەکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ئەم ڕێککەوتنە تێکچوو، پێشمەرگە بەشێکی لە ژێر ئەوامری سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی دا بوو، لەگەڵ پارتی بڕیاری شەڕیاندابوو، بەشەکەی تریشی لە ژێر ئەوامری ئەمانیتردا بوو، کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق هەبوو، بۆیە نەمانی بڕیاری موەحەد، پێشمەرگەی دووچاری گرفت کرد، لە لایەک شەڕ بوو، لە لایەک کشانەوە، دواجار پێشمەرگە توشی شپرزەیی بوو.
شپرزەیی و نەمانی بڕیاری موەحەد، وایکرد تەنانەت ناو کەرکوکیش کشانەوەی هێز ڕوو بدات، نەک لەدەوروبەر، ئەوکات میدیا و هات و هاوار و باوکەڕۆی میدیایی کاریگەری خراپی هەبوو لەسەر هێزەکان لە پاڵ فرەیی ناوەندی بڕیاردا، وایکرد هێز ناو کەرکوکیش بکشێتەوە، دۆخەکە بۆ هەندێ لە بەرپرسان هێندە چاوەڕوان نەکراو بوو، بە پەلە پەل، باخ و ڤیلای گرانبەها و حەقلی پڕ لە ئەسپیان جیهێشتبوو، بەرەو هەولێر ڕۆیشتبوون.

عێراق پێشتر دەترسا، هێز داخلی کەرکوک بکات و ترسی لە ڕووبەڕوو بوونەوە هەبوو، بەڵام کاتێک بینی هێزی کوردی لە کەرکوک کشایەوە، دەرفەتەکەی قۆستەوەو هێزی داخلی کەرکوک کرد.
هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی خێرا خۆیان گەیاندە کەرکوک و بەبەرپرسانی عێراقیان وت، چۆن هێزتان هێناوەتە ناو شار و کەرکوکتان کۆنترۆڵکردووە، وەڵامی ئەوانیش ئەوەبوو، ڕێککەتنەکەتان پێشێلکردووەو ڕوو بە ڕوو بوونەوە ڕوویداوە، ئێمەش کەرکوکمان گرتووە.

ئەم شپرزەییەی نێو کورد و پچڕانی پەیوەندی نێوان هێزە کوردییەکان وایکرد، عێراق بە کەرکوکیشەوە نەوەستێت، بەڵکو هێز بەرەو ناوچە کێشە لەسەرەکانی تریش بجوڵێنێت و بیانگرێتەوە.
واتە گەر لە ڕۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، ئەو فرە بڕیاری و نا نیزامییەی هێزە چەکدارەکان نەبا، کە لەمەدا هێز تاوانی نەبوو، بەڵکو تاوانەکە لە ئەستۆی سیاسییەکان بوو، ئەوا عێراق بە گرتنی بیرە نەوتییەکانەوە دەوەستا.

ریفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر!

ئەوانەی خاوەنی ئەو جۆرە خیتابەن، کە دەیانەوێ پەیوەندی نێوان ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ریفراندۆ بپچڕێنن، ئەوە تێگەشتنیان بۆ ڕووداوەکە نییە، یاخود هەوڵی شێواندنی دەدەن، ئەسڵەن هێرشەکان بە کەمتر لە مانگێک دوای ریفراندۆم ئەنجامدران. 

هەفتەیەک پێش ریفراندۆم، سەرکردەیەکی شیعەم بینی بۆ کاری رۆژنامەوانی، ئەو ڕای وابوو ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێ و کورد لەساتەکانی کۆتاییدا لێی دەکشێتەوە، وتی” گەر کورد ریفراندۆم بکات، دواتر دەبینن، چی بەدوایدا دێ.” بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی تر بدات.

ریفراندۆم، هەڵوێستی تورکیا و ئێرانی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق و ئەنجامدانی لەشکرکێشییەکان یەکخست، ڕیفراندۆم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کورد توڕە کرد، کاتێک کورد گوێی لێنەگرتن و ریفراندۆمەکەی ئەنجامدا، ئەمەش بووە هۆی بێدەنگی کردنیان لەبەربەر هێرشەکان.

سەرکردەکانی کورد خويندنەوەی هەڵەیان بۆ لێکەوتەکانی ریفراندۆم هەبوو، پێیانوابوو، هات و هەڵایەک دروست دەبێ و دواتر دۆخەکە هێور دەبێتەوە، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک بە خۆمی وت، کاتێک پرسیارم لەبارەی مەترسی گەلەکۆمەی سەر کورد بەهۆی ریفراندۆمەوە لێکرد، وتی” چەندین وڵات هەبووە، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی ناڕازی بووە، ڕیفراندۆمی کردووە و دواتریش ریفراندۆمەکەی بووەتە ئەمری واقیع.”

یاخود نموونەیەکی تر، کاک مەسعود چەند ڕۆژێک دوای ریفراندۆم، هەستی بە مەترسی دۆخەکە کرد، کاتێک درەنگانێکی ئێوارە لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا، پەیامەکەی ئاراستەی عەبادی کرد و پەیامی برایەتی ڕاگەیاند.

پێش ریفراندۆم، جگە لە هۆشداری ئەمەریکاو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، چەندین پەیامی هەڕەشە ئامێز لە ئێران و تورکیاو گەشتنە بەرپرسانی هەرێم، بەڵام پەیامەکانیان وەکخۆی وەرنەگرت، چەندین توێژەری گەورە وتاریان بڵاو کردەوە، کە دوای ریفراندۆم، هەرێم دەبێتە “ هەرێمۆچکە”

هەندێک لە پەیامەکانی ئێران و تورکیا ڕوو بەڕوو بوون، هۆشداری درابووە کۆسرەت رەسوڵ، بە بەرپرسێکی تری یەکێتی کاتێک باسی لە دەوڵەت کردبوو، پێیوترابوو” ناگاتە مانگێکی تر، خانووەکەی خانەقینت دەکەینە مقەری خۆمان.”

یاخود کاتێک باڵیۆزی تورکیا پەیامی هەڕەشە ئامێزی تورکیای گەیاندبووە بەرپرسانی پارتی، پێیوترابوو” ئێمە لە پشتەوە ڕێککەوتووین.”

باڵیۆز وتبووی” من نوێنەری تورکیام، بۆ شێتم ئەکەن، لەگەڵ کێ ڕێککەوتوون؟!”

کورت و پوخت، هۆکاری ١٦ ی ئۆکتۆبەر و گەلەکۆمەی سەر هەرێم ریفراندۆم بوو، هۆکاری گرتنی کەرکوکیش، رێککەوتنی بەشێک لە یەکێتی و نەمانی ناوەندی بڕیار بوو لە نێو هێزە چەکدارەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن