مانگرتن و تەخوین و درۆ!
2/12/2025 10:38:00 PM
دڵشاد ئەنوەر
١٣ مامۆستا بۆ ماوەی دوو هەفتە مانیان لە خواردن گرت، ئازارێکی زۆری جەستەیی خۆیان و ئازارێکی گەورەی ڕۆحی کەسوکاریان دا، بەڵام ئێستا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی فەیکەوە خەریکە تەخوینیش دەکرێن.
پێش ئەوەی خاڵ بە خاڵ شتەکان ڕوون بکەوە، دەمەوێت بپرسم؛ ئەرکی ئۆپۆزسیۆن چییە؟ گەر خەڵک خۆی مان بگرێ ، خۆی خۆپیشاندان بکات و شەڕی مافی خۆی بکات، ئایا بوونی ئۆپۆزسیۆن زەرورەتی لە کوێدایە؟
ئایا ئەرکی ئۆپۆزسیۆن تەنها کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و چەلەحانێ یە؟
خۆ ئەگەر وا بێت هەموو تاکێکی کورد، دەتوانێت بچێتە پشت مایک و قسە بکات.
ئایا ئەرکی ئۆپۆزسیۆن چەلەحانێ و قسەکردنی بێ سودە؟ ئایا هەموو ئیشێکی ئۆپۆزسیۆن تەنها لەوەدا کورت دەبێتەوە بڵێت پارتی و یەکێتی گەندەڵن؟
خۆ گەر وابێت هەموو کورد وا دەڵێت، ڕۆژ تا ئێوارە، خەڵک جنێو بەو دوو حزبەو سەرۆک و کەسوکاریان دەدات و زۆر لە هەندێک حزبی ئۆپۆزسیۆن زیاتریان وتووە، بەڵام ئەوان هەر باکیان نییە.
دێمە سەر ئەسڵی مەقسەد…
* مامۆستایانی مانگرتوو لە نێو خۆیان و دەوروبەریاندا، کاتێک لە خراپی دۆخی تەندروستییان دڵنیا دەبن و تێدەگەن لە نەجوڵانی خەڵک، تاوتوێی تەوقیتی هەڵپەساردنی مانگرتن دەکەن. بێگومان قسە کرا لە نێوان چەند کەسێکدا، ئەمە دزە دەکات و دەرەچێت، دەرچوونی ئەم قسەیەش حاڵەتێ ئاساییە.
بۆیە ئەم قسە دەگاتە کول فی کولی نەوەی نوێ، ئەمیش دێت دەیکاتە ناوی سەرچاوەیەکەوەو بڵاوی دەکاتەوە و بە ئارەزووی خۆی زیادەش دەخاتە سەری، گوایە یەکێتی پێیشکاندوون و سەرچاوەیەکیش لە یەکێتی هەواڵەکەی پێداون.
ئایا بەڕاست، خۆ ئێوەو یەکێتی نەیاری یەکترین، ئەی چۆن هێندە دڵسۆزتانەو زانیاری واتان پێدەدات؟ ئەی گەر وابێت، بەڵکو ئامانجی سەرچاوەکەی یەکێتی شکاندنی کەسایەتی مانگرتووە برسی و ڕەنگ هەڵبزرکاوەکان بێت، بۆچی تۆی بەناو ئۆپۆزسیۆن ئەبێتە داردەستی؟
ئەی مەگەر لە میدیادا باڵانس و وەرگرتنی ڕاو ڕای پێچەوانە نییە، ئەی بۆچی لەپاڵ قسەی سەرچاوەکەدا، ڕای مانگرتوویەکتان دانەنا؟
* لەهەمووی نوکتەتر، لەهەمووی مایەی گاڵتەجاڕی تر، ١٥ ساڵە ئەم ئۆپۆزسیۆنە فەیکەو کەناڵەکەی پشتگیری بایکۆت و ناڕەزایەتی مامۆستایان دەکات و دۆخێکی پار لەهاندانیان بۆ دروست دەکات، کەچی ئێستا کابرا هاتووە دەڵێ هەمووی بە ئیعازی یەکێتی بووە!
دەی وەڵا بە قسەی تۆ بێت، یەکێتی لە ئەوجی قوەتدایە، نەمانزانی ئەم هەموو توانا مرۆییەی لە نێو مامۆستاو فەرمانبەردا هەیە.
ئەی هۆکاری توڕەیی ئۆپۆزسیۆنی فەیک چییە؟
* ئۆپۆزسیۆنی فەیک دەترسێت گۆڕەپانەکەی لە بن دەست دەربهێنرێ، لە لێواری کەشفبوونی دەستەکەیدایە، ئەترسێت بەدیلی بۆ دروست ببێ و سەردەمی کۆتایی بێت، بەتایبەت دوای ئەو هەموو دانوستانەی لەگەڵ پارتی پێکهێنانی حکومەت و دواتر دەرچوونی دەستی لە بن هەمبانەکەوە.
* ئۆپۆزسیۆنی فەیک دەیەوێ خەڵکی برسی و مافخوراو لە بن خێوەتدا لە برس و لەسەرما بمرن، دواتر ئەمیش بە جلی مارکەو لێوی فوتێکراوەوە موزایەدە بکات، نایەوێ ناڕەزایەتی ئەنجامی هەبێت، نایەوێ خەڵک خەباتی جیاوازتر بکات، بەڵکو دەیەوێ خۆی لە ژێر چەتری ناوی ئۆپۆزسیۆن دا هەمیشە مامەڵە بکات.
کاری ئۆپۆزسیۆن چییە؟
کاری ئۆپۆزسیۆن چەلەحانێ و پشتەوەی مایک نییە، کاری ئۆپۆزسیۆن دانانی پلانە بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە بەخۆدا چوونەوە، کاری ئۆپۆزسیۆن بوون بە بەدیلی دەسەڵاتە لە ڕێگەی خستنەڕووی بیرۆکەو پلانی ورد، کاری ئۆپۆزسیۆن پێشڕەویکردنی جەماوەری ناڕازییە نەک سەنگەر لێگرتنیان.
کاری ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتارەکانی مانگرتنە، ئەبدەیتکردنەوەو گۆڕینی شێوازی خەباتیانە، نەک چەقبەست لە فۆخی چەلەحانێ و بەرنەدانی مەنەسەی مایکەکان.
مانگرتووان بۆ ئۆپۆزسیۆنی فەیکیان توڕە کرد؟
ئۆپۆزسیۆنی فەیک بانگەواز بکات، ناتوانێت سەد کەس کۆ بکاتەوە، بانگەواز بکات ناتوانێت چوار دوکان دابخات، بەڵام مانگرتنی ١٣ مامۆستا، ناڕەزایەتی ئەمجارە جارێکی تر ئومێدی بۆ شەقامی خامۆش گێڕایەوە،. بۆیە ئەمجۆرە لە ئۆپۆزسیۆن ناحەقی نییە شێت و هار ببێت.
ناڕەزایەتی ئەمجارە، هەرێمی ناچار بە ڕێککەوتن کرد، سیخە گەرمەکەی لەهەولێر گیر کرد، موچەی پێشخست، دەنگیان گەیشتە تەواوی ناوەندە جیهانی و ناوخۆییەکان، دەنگە ناڕازییەکانی یەکخست، دەی ئەمە قابیلی تانە لێدانە یان ستایشکردن.
هەڵەی ئۆپۆزسیۆنی فەیک و داماو ئەوەیە نەیتوانی ئەم ناڕەزایەتییە تەوزیف بکات، بەڵکو هات سەنگەری لێگرت، بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی هەڵەشەیی و نا ئاگایی و تێنەگەیشتنە لە سیاسەت.