128وتار

گوتاری نالۆژیکی پڕ لە شپرزەیی!

2/23/2025 2:29:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

هێشتا چەند هەفتەیەک بەسەر تەخوین کردنی مامۆستایان و تۆمەتبارکردنیان بە شکاندنی بایکۆت بەدەستی یەکێتی لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ مامۆستایان ڕێگەیەکی تری فشاریان تاقیکردەوە کە ڕێگرتنە لە تانکەرە نەوتییەکان.

تانکەرە نەوتییەکان یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی یەکێتی و پارتی، بەڵام ئەمڕۆ مامۆستا تەخوینکراوەکان دەستیان برد بۆ ئەم کارتە فشارو هەستیارە، لەکاتێکدا بەدرێژایی چەند ساڵی تەمەنی سیاسی شاسوار جگە لە قسەو گوتاری منداڵانەو پۆپۆلیستیانە، هیچ هەنگاوێکی کرداری لێ نەبینراوە.

لەهەمووی سەیرتر، کە ئاماژەیە بۆ هەرزەکاری، بۆ تێنەگەیشتن لەسیاسەت، بۆ ئەجێندای گوماناوی،  بۆ هەڵپەهەڵپ و ترس لە پەراوێزکەوتن، ئەو کەناڵەی کە بەئیعازی خودی شاسوار مامۆستایانی بەدەست تێکەڵکردن لەگەڵ یەکێتی تەخوین کرد، ئێستا ڕێک بەگۆشەی هەزار پلە ئاراستەکەی گۆڕیووەو بایداوەتەوەو دەڵێت،”مامۆستایان ڕێگایەکیتری فشار دژی دەسەڵات بەکاردەهێنن و ناهێڵن تانکەرەکانی سوتەمەنی هاتووچۆ بکەن.”

پرسیارەکە ئەوەیە؛ خۆ هەر مامۆستایانە بوون تۆمەتبارتان کردن بەدەست تيکەڵکردن لەگەڵ یەکێتی، خەیرە ئێستا دژی دەسەڵاتن و ڕێگەی تر تاقیدەکەنەوە؟

ئاراستەکاری گوتاری ئێن ئارتی کە خودی شاسوارە نازانێت میدیاکەی لەسەر گوتارێکی هاوسەنگی جێگیر ڕاوەستێنێت، بۆیە زوو زوو دەکەوێتە نێو باقلەکەوە، ئەگینا ئەو دێڕەی ئێن ئارتی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە هەرچی قسەی خودی شاسوارە هەمووی پێچەوانە کردوەوەو دانی نا بەوەی شاسوار راستی نەکردووە، ڕەنگە بپرسن، چۆن؟

دەڵێت،” مامۆستایان رێگەیەکی تری فشار دژی دەسەڵات تاقی دەکەنەوە.” ئەزانن ئەمە واتای چییە؟

واتای ئەوەیە ئەم فشارەی ئەمڕۆ درێژکراوەی فشارەکانی ترە بە مانگرتنی نێو خێوەتەکەوەشەوە. ئینجا دەڵێت دژی دەسەڵات واتە فشارەکانی رابردووش دژی دەسەڵات بوون و ئەمە درێژکراوەیە، واتە لێرەدا دان دەنێن بەوەی فشارەکان دژی دەسەڵات بوون، لەکاتێکدا پێشتر ئەم ناڕەزایەتییانە لەو کەناڵەوە بە دەستی یەکێتی ناوبرا، لەڕاستیدا مایەی پيکەنینە.

پاشان مامۆستایانی مانگرتوو بە شکاندنی مانگرتن بە رێنمایی یەکێتی تۆمەتبار کران، گوایە سەرچاوەیەک لە یەکێتی پێیوتوون، پرسیارەکە ئەوەیە خەیرە شاسوار دەڵێت: یەکێتی و پارتی چیان وت درۆ دەکەن، بەڵام بۆ ناشیرینکردنی فشاری مامۆستاو لە نێو کۆشکەکەی و بەجلە گرانبەهاکەی پشت بەقسەی سەرچاوەی یەکێتی دەبەستێت؟!

ئەپرسم؛ کاتی ئەوە نییە دەوروبەرەکەی کەمێک ئامۆژگاری شاسوار بکەن؟

 کەمێک ڕێنمایی بکەن و دۆخی دەروونی جێگیر بکەن، با چیتر بە پێکێک ئاو نەکەوێتە مەلە.
کاری سیاسی قسەی منداڵانەو سناپ و ڤیدیۆ نییە، کاری ئۆپۆزسیۆنی سیاسی پلان و جوڵەی سیاسی شۆکهێنەرە بە جۆرێک دەسەڵات ناچاری بەخۆدا چوونەوەو بەهەند وەرگرتنی  جوڵەکانی بکات، نەک ڕۆژێک لای ئاخوڕی بزن و رۆژێک ناو بەفرو رۆژێک لەسەر قەنەفەی گرانبەها قسەی منداڵانە بکات.

نەوشیروان مستەفا دەجوڵایەوە زنۆقی یەکێتی و پارتی دەبرد، بەڵام  ئەم دوو حیزبە  چێژ لەسەیرکردنی تیکتۆک و سناپ و ڤیدیۆی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا دەبینن.

تێبینی؛ فشاری رێگرتن لەتانکەر  فشارێکی کاریگەرە گەر سەرکەوتوو بێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن