92وتار

هاوکێشەی سیاسی !

10/23/2023 2:32:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

دوورخستنەوەی هەر گروپێکی سیاسی لەدەسەڵات پێویستی بە کودەتا یاخود گۆڕانکاری سیاسی و سەربازی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە، وەک لە ناڕەزایەتی ناوخۆیی. 

دیارە ئەم پیوەرە تەنها ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هەڵبژاردنی رووکەشیان تێدا ئەنجام دەدرێ و توێژە سیاسییەکان بە لابردن نەبێت لەدەسەڵات لاناچن،  هەڵبژاردن تێیاندا تەنها ڕووکەشەو گۆڕانکاری سیاسی دروست ناکات.
ڕوونتر ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە، حوکمڕانەکانی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی دەکەنە بیانوو بۆ مانەوەی هەتا هەتاییان لەسەر دەسەڵات.

دروستبوونی هەرێمی کوردستان و هاتنە دەسەڵاتی توێژی ئێستای حوکمڕانی هەرێم دەرئەنجامی سەرکێشیکردنی بەعس و گرتنی کۆیت و ئەو هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بوو، کە بەهۆی پەلاماردانی ئەو وڵاتە لەلایەن بەعسەوە لەناوچەکەدا دروستبوو، دواجار زەمینەی بۆ دروستکردنی هەرێمێکی کوردی لە هەناوی عێراق دا ڕەخساند.

دوای ٣٢ ساڵ، ناڕەزایەتی بەرامبەر شێوازی ئیدارەدانی هەرێم و خراپ بەڕێوەبردنی لە لوتکەدایە، خەڵکیش هێندە ڕژانە سەرشەقام، ئەوەندە ناڕەزایەتییان دەربڕی، قوڕگیان دانوساو ماندوو بوون.

جگە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ کە گۆڕانکاری سیاسی خواستی خۆپیشاندەران بوو، ئەویش لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە قۆسترایەوەو خراپ کەڵکی لێوەرگیرا، باقی ناڕەزایەتییەکانی بۆ داواکاری سنوردار و دیاریکراو بوون.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لیست و بەرەی ناڕازی دەتوانێت گۆڕانکاری سیاسی دروست بکات؟

بێگومان، هەر لیست و بەرەیەکی ناڕازی نوێ دەتوانێت گۆڕانکاری سیاسی سنوردار دروست بکات نەک گۆڕانکاری ڕیشەیی، بۆ نموونە لەمڕێگەیەوە دەتوانرێ دەنگی ناڕەزایەتی لە نێو پەرلەماندا بڵند بکرێ، گەرچی شکۆی پەرلەمانیش بەمەبەست رووشێنراوەو پرسیار لەسەر ڕۆڵ و دەسەڵاتەکانی بەمەبەست جێهێڵراوە.  بەڵام هەمیشە بوونی هێزی ناڕازی لەناو پەرلەماندا گرنگە، هیچ نەبێ ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردن و تێپەڕاندنی ئەجێندای هێزی دەسەڵاتدار بە خشپەیی و بێدەنگی.

بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی ڕیشەیی لە هەرێمدا قورس و گرانە؟
هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دامەزراوەیی یاسایی نییە، تا ڕای خەڵک و سندوقەکانی دەنگدان، گروپێکی سیاسی لەدەسەڵات لاببات و گروپێکی نوێ بباتە سەر دەسەڵات، ئەمە جگە لە بە حزبیکردنی سەرجەم دامەزراوەکان و بەکارهێنانیان لەکاتی هەڵبژاردندا بۆ بەرژەوەندی لایەنی دەسەڵاتدار.

ڕیگەی کودەتا، ئەو ڕێگەیەی ئێستا لە وڵاتانی ئەفریقا پەنای بۆ دەبرێت و زۆر گروپی حوکمڕانی لەدەسەڵات پێ دوور خرایەوە، بەڵام ئەمە تەجروبەیەک نییە لە هەرێمی کوردستان بتوانرێ ئەزموون بکرێت، چونکە کودەتا لەناو سیستەم دا ئەنجام دەدرێ، نەک دەرەوەی سیستەم. بەتایبەت هەرێم وڵاتێکی پڕ لە هێزی چەکداری جۆراو جۆرە، هەر گروپەو سەر بە کەس و لایەنێکی دیاریکراوە، هیچ کەسێک ناتوانێت تەنانەت رای هێزەکانیش یەکبخات و لەسەر پلانێکی گونجاو ڕێکیان بخات.

بۆیە هەرچەندە دۆخەکە خراپە، خەڵک ناڕازییە، ڕیژەی دەنگ نەدەر زۆر زیاترە لە دەنگی هەموو حزبەکان، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن حزبەکان لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە پاشەکشە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانکاری سیاسی ڕیشەیی لەهەرێم پێویستی بە هاوکێشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نوێ هەیە لە ناوچەکەدا.

کاتێک لەساڵی ٢٠٠٩ دۆخی هەرێم شڵەژا، خەڵک بە ڕابەرایەتی گۆڕانی ئەوکات داوای گۆڕانکاری سیاسی ڕیشەیی دەکرد، بەرپرسێکی باڵای هەرێم گوتبووی؛ سەفەرێکی دەرەوە دەکەم و دەگەڕێمەوە، دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، بالفعل دوای گەڕانەوەی، خۆپیشاندەران سەرکوتکران.

لێرەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە، ئەوەی ڕاگری پایەکانی حوکمڕانی هەرێمە، هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکەیە، نەک پایەی ناوخۆیی.

بەنموونە، لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە تا ٢٠١٧  هاوکێشەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بواری بەکورد دا تا حوکمی ناوچە کێشە لەسەرەکان بکات، بەڵام کاتێک لە ٢٠١٧ کورد بێ لەبەرچاو گرتنی هاوکێشەی دەرەکی، بڕیاری ڕیفراندۆم دەدات، لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا هەموو ئەو ناوچانەی لێوەر دەگرنەوەو دەیهێننەوە بۆ سنوری هێڵی ٣٦.

واتە حزبی دەسەڵاتداری کوردی بۆ مانەوەی پشتی بەدەرەوە بەستووە نەک ناوخۆ، بۆیە گۆڕانکاری سیاسی لەهەرێم گرێدراوە بۆ هاوکێشەی دەرەکی و بەرەژەوەندییە دەرەکییەکانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن