411وتار

خەڵک و حیزب و دوو ئیدارەیی

4/23/2022 2:26:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

ئەبراهام لینکۆڵنی شانزەهەمین سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی یەکخستنەوەی ویلایەتە جوداخوازەکان و پاراستنی یەکڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، بووە ئەو سەرۆکە مێژووییەی هەرگیز ڕۆڵی لەبیر ناکرێت.

لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا لە مانگی تەموزی ساڵی ( ١٨٦٣) و دوای ڕوودانی شەڕێکی قورسی ناوخۆیی لە شاری ( گێتیس بێرگ)، لینکۆڵن کە ئەوکات سەرۆکی ئەمەریکا بوو، خۆی دەگەیەنێتە شوێنی شەڕەکەو لە وتارێکی مێژوویی کورت دا، دەڵێت( بەهۆی خوێنی ئەو سەربازانەمان، نەتەوەیەک لەدایک دەبێت کە دەبێتە پێشەنگی دیموکراسیەت بۆ هەموو جیهان.)

دەربارەی سەربازە باشوریەکانیش کە لەجەنگەکەدا دژی بوون، لینکۆڵن وتی ( ئەوانیش دەگەرێنەوە بۆ باوەشی ئەو نەتەوەیەی دروست دەبێت.)

ئەوەی لینکۆڵنی کردە ئەو سەرۆکە گرنگە مێژووییەی ئەمەریکا، لە پاڵ هەنگاوەکانی بۆ پێدانی ماف بە ڕەشپێستەکان و جێبەجێکردنی سستمی بانکی نیشتیمانی لە وڵات و ..هتد، ئەو ڕۆڵە گرنگە بوو کە گێڕای لە ڕزگارکردنی ئەمەریکا لە کەرتبوون.

لینکۆڵن شەڕی کرد تا وڵاتەکەی لە بەش بەشبوون بپارێزێ، ئەو شەڕەی بووە هۆی پاراستنی یەکڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکان، تا گەیشتە گواستنەوە لە قۆناغی گیرۆدەبوون بەدەست شەڕی ناخۆییەوە بۆ قۆناغی حوکم کردنی جیهان.

خۆ گەر ئەمەریکا ئەو سەردەمە بەهۆی ناکۆکی نێوان ویلایەتەکانەوە دابەش بایە، ئەم ئەمەریکا زلهێزەی ئێستا بوونی نەدەبوو، بۆیە کاتی خۆی لینکۆڵن شەڕی کرد، تا ئەمەریکا لەکەرتبوون بپارێزێ، گەر ئەوکات نەیاری هەبووبێ، خۆ ئێستا هەموو گەلی ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی لینکۆڵن پاڵەوانی مانەوەی ئەمەریکایە بەیەکگرتوویی.

هەرچەندە بەراوردکردنی ئەمەریکای سەردەمی لینکۆڵن بە هەرێمی ئێستای کوردستان لە زۆر ڕووە ناواقعیە، بەڵام بەراوردەکە لەچەند ڕوویەکیشەوە لۆژیکیە، بەتایبەت هاوشێوەی گیرۆدەبوونی ئەمەریکای ئەوسا بە دەست جیاوازی شێوەی پێستی خەڵکەکەی، هەرێمی ئێستای کوردستانیش گرفتاری جیاوازی ڕەنگەکانە، نەک ڕەنگی پێست، بەڵکو ڕەنگی ئاڵای حیزبەکان.

گەر لەئەمەریکای ئەوکات، جوداخواز و دابەشبوو خواز دەنگی بیسترابێ، ئەوا لە هەرێمی کوردستانیش کە هێندەی شارێکی ئەمەریکای پەنجا ویلایەتیە، دەنگی دابەشبوون و دوو ئیدارەیی و دابڕاندنی سێ پارێزگای بێ هێز و ئابووری لاواز بڵندە.

جیاوازیەکە ئەوەیە، گەر خوێن ڕشتن لەپێناو هێشتنەوەی ئەمەریکا بەیەکگرتوویی بووبێتە دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی بۆ لینکۆڵن، ئەوا لێرە پێچەوانەکەیەتی، دۆخێک خوڵقێنراوە، دڵسۆز ئەوانەن لەگەڵ دابڕاندنی ئیدارە لەقە سێ پارێزگاییەکەدان لە یەکتری، بێ ئەوەی بپرسرێ، گەر هێزە پەڕۆ جیاوازەکان لەسەر پارەو نەوت و گومرگ و بەرژەوەندی شەڕیانەو ڕۆژێک ڕیفراندۆم و باسی دەوڵەت دەکەن، ڕۆژێکیش بانگەشەکردن بۆ دوو ئیدارەیی، ئەی منێکی گەرمیانی و تۆیەکی زاخۆیی چی بەرژەوەندیەکمان لە کەرتبوون و دروستکردنی شورادایە لە نێوانمان؟

لە بری هەڵپەڕین بە ئاوازی حیزبەکان، ڕۆژێک شایی بۆ دەوڵەت و ڕۆژێکیش گۆرانی وتن بۆ دوو ئیدارەیی، دەبێت ئەو تێگەشتنەمان لا دروست ببێت، هەرێم موڵکی باوکی هیچ حیزبێک نیە بە ئارەزووی خۆی دابەشی بکات، ئەوان لەسەر دزی ناکۆکن، ئەی چی ناکۆکیەک لە نێوان منی گەرمیانی و تۆی زاخۆییدا هەیە؟

ڕاستە گەر لینکۆڵنێکیش لە نێو کورددا دروست ببێت، هەل و مەرجە ئیقلیمیەکە ڕێی پێنادات حیزبە کوردیەکان ڕابماڵێت و هەرێم یەکبخاتەوە، چونکە وڵاتانی دەوروبەرمان هەریەکەو لە پشت لایەکیانن و لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم بەربەرەکانێدان، تا هێدی هێدی هەرێم دەپوکێتەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە بە تەپڵی دوو ئیدارەیی یەکێتی و پارتی هەڵپەڕین، لەکاتێکدا منی نیشتەجێی زۆنی سەوز چەنێک بێزارم لەدەست خراپ بەڕێوەبردنی زۆنەکە، ئەوی دهۆکیش هێندە بێزارە لە واقیعە سەپێنراوە حیزبیەکە.

ئەی منی نیشتەجێی ئێرەو تۆی دانیشتووی ئەو زۆنەکە، گەر هەردووکمان بێزاربین، حیزبەکانیش لەخراپیدا کۆپیکراوی یەک بن، کەواتە دابڕان و کەرتبوونمان چ سودێکی هەیە، حیزب لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گۆرانی بۆ پێکەوە بوون یان دابەشبوون بچڕێت، ئەی من و تۆی نیشتەجێی دوو زۆنە جیاوازەکە چی بەرژەوەندیەکمان لە دابڕان هەیە، تا بە ئاوازی حیزبهەڵپەڕین؟!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن