106وتار

کەرکوک و هەڵبژاردن

11/26/2023 2:31:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

 بڕیارە ڕۆژی ١٨/١٢ و دوای تێپەڕبوونی ١٨ ساڵ، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام بدرێت. 

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ دا، لیستی لایەنە کوردییەکان ٢٦ کورسییان لە کۆی ٤١ کورسی بەدەستهێنا، بەو پێیەی ئەوکات عەرەبی سونە بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو. 

بەڵام ئەمجارە ژمارەی کورسییەکان لە ٤١ کورسییەوە بۆ ١٥ کورسی کەمکراوەتەوە لەگەڵ کۆتایەکدا بۆ مەسیحییەکان، ڕکابەرییەکەش بەهێزترە، بەو پێیەی هەموو پێکهاتەکان بەچڕی بەشداری دەکەن و لە ناو هەر پێکهاتەیەکیشدا چەندین لیستی جیاواز ڕکابەری یەکتری دەکەن.

پێش ئەوەی بێمە سەر پێشبینییەکان بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی کورسییەکان، دەمەوێت ڕوونیبکەمەوە، ترسێکی گەورە لای هەر پێکهاتەیەک هەیە لەسەر ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانییان لە هەڵبژاردندا،چونکە تا ڕيژەی بەشداریکردن بەرز بێت، چانسی بەدەستهێنانی کورسی زیاتر ئەگەرێکی بەهێزترە.

لە ڕووی کەمی ڕێژەی بەشدارییەوە، تورکمان لەهەموو لایەنەکانی تر زیاتر دەترسێت، ڕەنگە هەرواشبێت دەنگدەری تورکمانی کەمتر بڕواتە سەر سندوقی دەنگدان. دۆخەکە بۆ عەرەب لە هەمووان باشترە، ئەوان ٦ ساڵە دەسەڵاتیان لایە، خزمەتی زۆرێک لەناوچەکانیان کراوەو تێگەشتوون لەوەی تا زیاتر بەشداری سیاسییان هەبێت بۆ پێگەیان باشترە، بۆیە رەنگە بەشداری ئەمان لە هەڵبژاردندا چڕتر بێت.


کورد لە ڕووی بەشداری هەڵبژاردنەوە دۆخی لە تورکمان باشترەو هێشتا نەگەشتووەتە ئاستی عەرەب، خەڵکێکی زۆری کورد لە سندوقی دەنگدان تۆراوەو نائومێدبووە، بۆیە هەڵمەتی چڕی لایەنە کوردییەکان بۆ بردنی خەڵکی زیاترە بۆ سەر سندوقەکان. ڕەنگە فرە لیستی لایەنە کوردییەکان و کێبەرکێی نێوانیان لەمڕووەوە کاریگەری کەم تا زۆری هەبێت.

ململانێ لەسەر ١٥ کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگا !

لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، کورد بە نزیکەی ١٧٦ هەزار دەنگ، ٦ کورسی کەرکوکی لە کۆی ١٢ کورسی پشکی پارێزگاکە بردەوە.

عەرەبیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی ١٦٦ هەزار دەنگ، چوار کورسی بردەوە. تورکمان نزیکەی ٨٤ هەزار دەنگی هێناو دوو کورسی بردەوە.

گەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەوا کورد ٦ کورسی و عەرەب  ٥ کورسییان زەمانە، تورکمانیش سێ کورسی دەبات، یەک کورسی دەمێنێتەوە، ڕێژەی بەشداری دەنگدەر لە نێوان کورد و عەرەبدا یەکلای دەکاتەوە، بەوەی کورد ببێتە ٧ و عەرەبیش ٥، یاخود کورد لە ٦ کورسیدا بمێنێتەوەو عەرەب بۆ ٦ کورسی بەرز ببێتەوە.


رەنگە زۆر دەقیق نەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێتە بنەمای پێشبینیکردن  بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، چونکە دوو نەوەی تر لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان دەبێت، ململانێکە بۆ حکومەتی خۆجێی کەرکوک قورسترەو هەر لایەنەو شەڕی پێگەی خۆی لەدەسەڵاتی داهاتووی کەرکوک دەکات، لە زۆر ڕووی تریشەوە دۆخەکە جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامەکان جیاوازی ئەوتۆیان نابێت.

کەواتە دەکرێت بپرسین، پێشبینییەکان بە چی ئاراستەیەکن؟

کورد شەڕی بەدەستهێنانی ٨ کورسی دەکات، بەڵام پێموایە هێنانی ٨ کورسی موفاجەئەی گەورەیەو قورسیشە، بەڵام ئەمە دەوەستێتەوە سەر ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەری کورد، گەر ڕیژەی بەشداری دەنگدەری کورد لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بێت و ڕێژەی بەشداری عەرەب و تورکمان زۆر لاواز بێت، ئینجا ئەم ئامانجە تەحقیق دەبێت.

بۆیە گەر ئەوەی سەرەوە ڕوو نەدات، کورد لە باشترین حاڵەتدا ٧ کورسی و لە خراپترین حاڵەتدا ٦ کورسی دەبات لە ١٥ کورسییەکە.

عەرەب چاوی لەسەر ٥ کورسییەو شەڕی کورسی شەشەم دەکات،  بۆیە ئەو کورسیانەی کە جێگیر نین، ئەنجامی هەڵبژاردن لە نێوان کوردو عەرەبدا یەکلایان دەکاتەوەو تورکمان لەدەرەی ململانێکەیە.

واتە گەر موفاجەئە گەورەکە ڕووبدات، کورد ٨ کورسی بهێنێت، عەرەب ٤ کورسی بۆ دەمێنێتەوە. گەر دۆخی کورد لەدەرەوەی موفاجەئە باشبێت و ٧ کورسی بهێنێت، ئەوا عەرەب ٥ کورسی دەبات. گەر دۆخی کورد خراپ بێت و ٦ کورسی ببات، ئەوا دۆخی عەرەب باشتر دەبێت و ژمارەی کورسییەکانی بۆ ٦ کورسی بەرزتر دەبێتەوە. 

سەبارەت بە تورکمانیش، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، ٣ کورسی ببات، خۆ گەر ٤ کورسی بهێنێت دەبێتە موفاجەئەی هەڵبژاردن و لە زگی عەرەب دەخوات.

ئەی کورسییەکان چۆن لە نێوان لایەنە کوردییەکان دابەش دەبێت؟

یەکێتی لە کەرکوک هەڵمەتێکی چڕتر بەراورد بە لایەنەکانی تر بەڕێوەدەبات، خەڵکی ناسراوی کاندید کردووە، دەیەوێت ژمارەی دەنگەکانی لە ٨٥ هەزار دەنگەوە بۆ سەرووی سەد هەزار دەنگ بەرز بکاتەوە.

لەم هەڵمەتە چڕە یەکێتی کۆمەڵێک یامانجی هەیە، لەوانە؛ ئەو کورسییانەی لە پەرلەمان لەدەستی دا لە ئەنجومەنی پارێزگا قەرەبووی بکاتەوە.

لەیەکەم هەڵبژاردنی دوای کۆنگرەدا، پەیامی باشبوونی دۆخی ڕێکخستنی حزبەکە بداتە لایەنەکان بە گشتی و ناڕازییەکانی ناوخۆی بەتایبەتی.

هەروەها بیکاتە کلیلێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەدەنگهێنانی زیاتر لە کەرکوک،  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان تەوزیفی بکات.

بۆیە یەکێتی ٣ کورسی زەمانەو ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی چوارەمیش بەهێزە، گەر کورد ٧ کورسی بهێنێت.

پێشبینی کورسییەکیش بۆ نەوەی دەکرێت و ئەگەری بەهێزە. سەبارەت بە پارتی دیموکراتی کوردستانیش تا ساتی ئەم وتارە،هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لاوازە و ڕێکخراو نین لەکەرکوک، ناڕەزایەتی ناوخۆیی لەسەر کاندیدەکانیان هەیە،  بۆیە پارتی لە باشترین حاڵەتدا دوو کورسی و لە خراپترین حاڵەتدا کورسییەک دەبات.

بێگومان ئاستی بەشداری ناڕازییەکانی کەرکوک، کەمکردنی کورسی پارتی و زیادبوونی کورسی نەوەی نوێ یاخود بە پێچەوانەوە یەکلایی دەکاتەوە.

پارێزگاری داهاتووی کەرکوک 

 
هەرچەندە پێموایە شەڕی بەدەستهێنانی پارێزگار بۆ هەر لایەن و پێکهاتەیەک ئاسان نییەو زۆر قورسە، چونکە لە ڕووی سیاسییەوە ململانێی نەک ناوخۆیی کەرکوک و عێراقی بەڵکو هەرێمایەتیشی لەسەرە. پاشان زۆر گروپ ی چەکدارو لایەنی سیاسی عێراقیش بەرژوەندییان لە کەرکوک کەڵەکە بووە، بۆیە پۆستەکە ڕيککەوتنی زۆر لایەن و گروپی دەوێ، ئەم ڕێککەوتنەش قورسە.

با وا داینێین، پۆستی پارێزگا تەنها ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا یەکلایی دەکاتەوە، پۆستەکە بخەینە دەرەوەی ململانێ نێوخۆیی و ئیقلیمییەکان، بیخەینە دەرەوەی بەرژەوەندیە ئابوورییەکان.

کورد بۆ بردنەوەی پۆستی پارێزگار پێویستی بە پەنجا زائید یەکە، واتە ٩ کورسی بهێنێت، یاخود ٨ کورسی بهێنێت و کورسی کۆتای مەسیحییەکانیش بخاتە نێو هاوپەیمانی خۆیەوە، ئینجا بە ئاسانی دەتوانێتە نێو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێکی کورد دابنێت، ئەم ئەنجامەش زۆر قورسە.

پاشان کورد لەناوخۆشی یەکگرتوو نییە، ناتوانێت یەک تیم بێت و شەڕی پۆستی پارێزگار بکات، نەوەی نوێ ڕەنگە کورسی ببات بەلایەکدا دەڕوات. پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگار دانوویان پێکەوە ناکوڵێت و ڕەنگە لایەکییان حەز بکات پۆستەکە لای عەرەب بمێنێتەوە وەک لەوەی بدرێتە ڕکابەرە کوردەکەی.

گەر واداینێین، کورد و لایەنە کوردییەکانیش یەک تیمن، بێگومان دوای هەڵبژاردن عەرەب و تورکمان یەکدەگرن لە پێناو ڕێگەگرتن لە پێدانی پارێزگار بە کورد، دیسانەوە لێرەشەوە کێشمەکێش دروست دەبێت.

بۆیە لەهەر گۆشەیەکەوە لێیدەڕوانیت، بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار ئاسان نییە، کورد چاوی لەسەرییەتی، عەرەبیش نایەوێ دەستبەرداری ببێت، تورکمانیش بەدوای دەرفەتی کێشمەکێشی کوردو عەرەب و دەست لێگیربوونی دەگەرێت، ئەمە جگە لەو هەموو ململانێ ناوخۆیی و ئیقلیمییە، لەو هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەی بەستراوە بەم پۆستەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن