162وتار

تورکیا بۆ بۆردومانەکانی لەسەر سلێمانی چڕ کردووەتەوە؟

8/12/2023 5:29:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

خەریکە بۆمباران و ئۆتۆمبێل کردنە ئامانج لەلایەن تورکیاوە دەبێتە ڕووداوێکی ئاسایی، کەم ڕۆژ هەیە هەواڵی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلێک لەلایەن تورکیاوە بەرگوێمان نەکەوێت. 

پرسیارە وەڵام نەدراوەکە ئەوەیە، تورکیا بۆ وا دەکات؟
وەڵامەکە ڕەنگە بۆ خەڵکی عام ڕوون نەبێت، بەڵام بۆ ئەوانەی بە قوڵی چاودێری دۆخەکە دەکەن ڕوونە، تورکیا لە چڕکردنەوەی بۆمبارانەکانی نەک یەک ئامانج و یەک پەیام، بەڵکو کۆمەڵێک ئامانج و پەیامی هەیە، بە وردی دێمە سەری.

درۆنی تورکی زۆر پێشکەوتووە، پە . کە. کە سەرباری ستراتیژی بوون و هەنگاوی وردی گیرۆدە بووە. ئاخر، پێشتر تورکەکان گیرۆدەی دەستی پە. کە. کە بوون، دەیانگوت؛ هەر هەنگاوێک دەنێین، ئەوان چوار هەنگاوی ئەولاتر بیریان کردووەتەوە، بەڵام درۆن پە.کە. کەی بێزار کردووە.

هێرشی درۆن پە.کە.کەی هێندە بێزار کردووە، لە پێناو خۆ بەدوور گرتن لە زیانی زیاتر هەندێک لە هێزەکانیان بڵاوەپێکردووە، بەڵام تورکیا بەسود وەرگرتن لە درۆنی پێشکەوتوو، هەواڵگیری بەهێز و جاسوسی ناوخۆ بە دوایانەوەیە، ئەمە هۆکارێکی چڕکردنەوەی هێرشەکانە.

هۆکارێکی تر، تورکیا لەم ڕێگەیەوە نمایشی درۆنە پێشکەوتووەکانی دەکات، ئەو پەیامە دەگەیەنێتە وڵاتان کە هێندە بەهێز بووە لەدەرەوە شەڕی نەیارەکانی دەکات، بێگومان سود لەمەش دەبینێت بۆ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی چەک. 

خاڵێکی تریش، تورکیا هەست دەکات لە پارێزگای سلێمانی جێ نفوزی ئێران ئەو لاوازە، دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە بوونی خۆی لە سلێمانیش بچەسپێنێت. 

لەپاڵ ئەو فاکتەرانەدا، کۆمەڵێک فاکتەری تری پەیوەندیدار بە عێراقیش هەن، کە تورکیا هاندەدات بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی لە پارێزگای سلێمانی. 

گەر لە یادتان بێت، پێشتر لە وتارێکدا باسی ئەوەمکرد کە هۆکارێکی سەردانەکەی وەفدی پارتی بۆ بەغدا  بۆ تێگەشتنە لەو ڕێککەوتنەی بڕیارە لە نێوان عێراق و تورکیادا بێتە ئاراوە، ئەم بۆردومانەش گرێدراوی هەمان مەسەلەن.

بڕیارە ئەردۆگان سەردانی بەغدا بکات، وەک دەوترێ هەر لایەنێک پێش دانوستان هێرش دەکات، تا بەهێزەوە بچێتە سەر مێزی دانوستان، لێرەشدا تورکیا هەمان سیاسەتی گرتووەتەبەر.

تورکیا پێش سەردانەکەی ئەردۆگان هێرش دەکات، دەیەوێ کارتی ئاو، ئابووری، سنورەکان، پەکەکەو شەنگال بکاتە یەک دۆسیەو گفتووگۆی لەسەر بکات، ئامانجییەتی عێراق ناچار بکات پە.کە.کە بە تیرۆرست بناسێنێت و بیکاتە بەشێک لەو شەڕە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن