23وتار

هەڵبژاردن و دیزاین!

10/23/2024 6:55:00 PM
دڵشاد ئەنوەر

تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەرچاو ڕوون نەبوو، بۆ خۆم نەمدەزانی ئەوەی لە هەڵبژاردندا ڕوویدا چی بوو، بەڵام وردە وردە خەریکە شتەکان ڕوون دەبنەوەو گومان لەوەدا نامێنێت کە هەڵبژاردن دیزاینکراو بوو.
من وەکخۆم شارەزای بواری ئامێرو ئای تی نیم، پێشموایە دیزاینەکە بە جۆرێک کراوە شارەزای لۆکاڵی بە ئاسانی سەری لێدەرناکات و شتەکان زۆر لەوە گەورەترن بگەینە وردەکارییەکەی، بۆیە قسەم لەسەر ئەم بابەتە نییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پێگەیشتووم، ئامێرەکانی دەنگدان مبرمج بوون، بۆ نموونە  گەر وایدانێین ٤٪ بۆ رەوتی هەڵوێست دانراوە، گەر لەکاتی هەڵبژاردندا دەنگی زۆر بۆ رەوتی هەڵوێست چووبێت، ئامێرەکان وا مبرمج کرابوون ئاسایی بوو ڕێژەی دەنگەکانی بگاتە ٥٪و ئامێرەکان لاریان نەبوو.
بەڵام گەر هەڵوێست دەنگی بێ ئەندازەی بۆ ڕۆیشتبێت و زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر بێت کە بۆی دیاریکراوە، ئەوا ئامێرەکان هەموو دەنگەکانی پوچەڵکردووەتەوە، هەر ئەمەش هۆکاری بوونی ئەم هەموو دەنگە پوچەڵە بوو. بۆ هێزەکانی تریش بەهەمانشێوە بووە بەڵام هەر هێزەو بە گوێرەی ئەو دەنگانەی بەهۆی موبەرمەج کردنی ئامێرەکانەوە بۆی دیاریکراوە.
پارتی سەرباری ئەوەی کورسییەکانی کەمیکردووە بەڵام بە دۆخەکە ڕازییە، چونکە وەکو هێزی یەکەم ماوەتەوەو  لەو ترسە رزگاری بوو، کە بەهۆی دیزاینەوە ٣٢ کورسی پێبدرێت، دیارە لەمەدا هاوکێشەی ئیقلیمی رۆڵی هەبوو.
یەکێتی ڕازییە، چونکە هێزی دووەمەو دەنگەکانی زیادیکردووە. نەوەی نوێ هەرچەند بە تەمای چل کورسی بوو، بەڵام هەر رازییەو تەنها دەیویست هێزی سێیەم بێت، ئەمەی دەستکەوت، ماوەتەوە هێزەکانی تر بەشێکییان ناڕازین.
کۆمیسیۆن لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ژمارەی کورسی لایەنەکانی دیاری نەکرد، ڕەنگە ئەمە هێشتنەوەی دەرفەت بێت بۆ کەمکردن و زیادکردنی کورسی هەندێک لایەن.
لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە هاوکێشەکە بەجۆرێ داڕێژراوە لایەنە سەرەکییەکان هەم نیگەران و هەم ڕازیش بن، وەکچۆن بەو جۆرەش داڕێژراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستیان بەیەک بێت و ناچار بن مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن