کورد و هەرێمی کوردستان لەبەردەم سی رۆژی سەختی مانگی ئەیلولدا
9/1/2023 11:05:00 AM
د. موئمین زەڵمی
چاوەکان لەسەر پەیوەندی هەولێر-بەغدان و هێشتاش
پرسی گەورە و خەمی گەورەی خەڵک بودجە و موچەی فەرمانبەرانە و بەغداش لە تاو سەرئێشە
و گەندەڵی و چاوسوورکردنەوە بەردەوامەکان و کوڵەفیت و قاچوقوچی ئاغازادەکان دەستی
دەستی بە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم دەکات و ڕەوشەکە لە ئاڵۆزی بەردەوامدایە.
هەرێمی کوردستان لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەرگیز
پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هێندەی ئێستا ناجێگیر نەبوون و هێندەش پێویستی بە پەیوەندییەکی
جێگیر نەبووە، هەروەک دەسەڵاتی هەرێم، لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا زۆر دەرفەتی گرنگیان
هاتەپێشەوە کە پەیوەندی هەولێر-بەغدا لە تاکتیکەوە بگوازنەوە بۆ ستراتیج و لە ئاستی
حزبی و شەخسییەوە پەیوەندییەکان بکەنە فەرمی و حکومی و حزبەکانیان و خەڵکەکەش تووشی
ئەم سەرئێشانەی ئەم رۆژانە نەکەن، بەڵام هەڵپەی پارەی زۆر و قەپاڵی گەورەی خۆتێرکردن
و خۆپڕکردن بەرچاوی سیاسەتکارانی ئەم هەرێمەی گرت و ئاڕاستەکان هێندە بە شێواوی شەن
کران دۆخەکەیان بە ئاقارێکی تەواو خراپ گەیاند.
نەگبەتی کورد و هەرێمی کوردستان هەر ئەوەندە نیە
کە گرفتی ناوخۆیی وخیانەتی ناوخۆیی و شەڕی ناوخۆیی و نالەباری ناوخۆیی یەخەی بەرنادات،
بەڵکو دراوسێ و حوکمڕانانی هەر چوار وڵاتەکەش (کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە)
لە شەڕی سارد و ناکۆکی بەردەوام و ناتەبایی هەمەچەشندان و ئەمەش زیاتر دۆخەکەی بۆ
کورد ناسازتر کردووە و خۆی واتەنی (قوڕەکەی زیاتر خەست کردووەتەوە).
لە ئێستادا ئاڕاستەی سیاسی ناوچەکە بەرەو نالەبارییە
و هەریەک لە ئێران و تورکیا لە هەوڵی جێکردنەوە و جێگیرکردنی زۆرترین بەرژەوەندی و
زۆترین کاریگەری خۆیاندان لە عێراق و سوریادا، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی تۆخکراوە (پرسی
کورد)ە و ناتەبایی و نالەباری دۆخی ناوخۆییش وایکردوە کە قوربانی سەرەکی هەر کورد
بێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەردەوامیی هەژموونی
مەزهەبی و تائیفی خۆی لەسەر عێراق و حزب و حکومەت و هەڵبژاردن و سێکتەرە جیاوازەکاندا
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئێستا زیاتر خاڵەکانی خۆی لە رێککەوتنە ئەمنی و ئابوورییەکانیدا
لەگەڵ عێراق تۆختر دەکاتەوە، لە لایەکەوە تەواوی قەرزەکانی خۆی لە حکومەتی عێراقی
وەرگرتووەتەوە و لە تازەترین لێدوانیدا ئەمیرحسین عەبدولاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران
دانبەوەدا دەنێت کە لە ئێستادا نەک تەنها لە عێراق بەڵکو ئێران هەموو قەرز و پارە
بلۆککراوەکانی خۆی لە تەواوی وڵاتان وەرگرتووەتەوە. لە لایەکیتریشەوە چاوی لە رێککەوتنە
ئەمنییەکەیەتی لەگەڵ بەغدا بۆ چەکداماڵینی هێز و گرووپە چەکدارییەکانی کۆمەڵە و دیموکرات
و کۆتاییهێنان بە چالاکی سەربازی و پارتیزانی ئەو هێزانە لە سنورەکانی هەرێمی
کوردستان بۆ سەر سەربازگە و پاسدارەکانی کە هەمیشە ئەم هێزانە مەترسی بوون بۆسەر گیانی
پاسەوان و هێزە سنوورییەکانی ئێران.
هەرچی تورکیاشە چاوی لە پارەکانی عێراقە، ئەمە
لەو بیرکردنەوە ئابوورییەی ئەردۆگان و سیاسەت و ستراتیجی پاش هەڵبژاردنی رابردووەوە
بە روونی دەردەکەوێت، هاوکات ئەنقەرە لەهەر چوار ئاستی (سیاسەتی حومکڕانی، سیاسەتی
ئاسایش، سیاسەتی وزە و سیاسەتی ئاو)دا چاوی لە سەپاندنی دێڕبەدێڕی بەرژەوەندییەکانی
خۆیدایە لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ بەغدا و کوردیش موهرەیەکی جوڵاوی بەردەستی هەردوولایە
بۆ دەستلەیەخەدان و دەستشکاندنەوەی یەکتر یان تەوقە و باوەشێکی سیاسی. بۆ ئەم مەبەستەش
سەردانی یەکلەدوایەکی وەزیرانی وزە و بازرگانی بە دوای سەردانە جەنجاڵ و پڕ چالاکییەکەی
هاکان فیدان-وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر رەنگی داوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت
لە سەردانە چاوەڕواننکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ بەغدا و بەسرە و هەولێر تورکیا
زیاتر لە ئامانجەکەیە خۆی کە (پارە)یە نزیک بکاتەوە. هاوکات زیادکردنی هێرشە درۆنییەکانی
بۆ سەر ئۆتۆمبێل و فەرماندە و ئەندامان و دۆستانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای
کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا تورکیای وەیلانی بەدەستهێنانی رەزامەندی بەغدا و
دیمەشق کردووە بۆ بڕینی قردێلەیەکیتری بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و سوریا.
ئەگەر وردتر سەیری وێنەکە بکەین دەبینین کە هەر
یەک لە ئێران و تورکیا بەرژەوەندی جیاوازی خۆیان لە عێراقدا زەنگەنهارە دەکەن و لە
خوڵەپۆتێی سیاسەت و حوکمڕانی عێراقدا بە دوای زمڕوتە مێژووییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن.
بۆیەش سی رۆژی داهاتووی ئەیلول لە مانگە قورس و
سەختەکانی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێت بەرزو نزمی و کەوتن و
هەستانەوەی پەیوەندی ئێران-عێراق، تورکیا-عێراق، ئێران-تورکیا، تورکیا-سوریا و عێراق-سوریا
ئاڕاستەی سیاسەت و تێگەشتنە سیاسییەکان بۆ دۆخی ناوچەکە خێراتر بگۆڕن و کورد و هەرێمی
کوردستانیش لە مەدخەلی ئەو ئاڵۆزییانەدان، چونکە کۆبوونەوە ئەمنییە بەردەوامەکانی
عێراق و سوریا لە لایەک و ئێران و عێراق لە لایەکیترەوە و جوڵە و سەردان و کۆبوونەوە
بەردەوامەکانی سەرانی تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا دەرخەری ئەوەیە کە لە (سیاسەتی
دراوسێیەتی ئێران) و لە (سیاسەتی فرەچەشنی و فرەناوچەیی تورکیا)دا ئاماژەی ئەرێنی
بۆ پەیوەندی و پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان ناخوێنرێتەوە، بۆیەش کوردستان لەبەردەم
پابەندکردنێکی فراوانتردا دەبێت و چاوەڕوان ناکرێت بە زوویی پەیوەندی هەولێر-بەغدا
بگاتە ئاستێکی دڵخۆشکەر وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و هەواڵی موچە و قووتی خەڵکی
کوردستانی پێدادەرێژرێتەوە.