52وتار

ڕه‌وشی ئێستای چه‌پ و سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانی چه‌پ له‌ فه‌ره‌نسا چیمان پێ ده‌ڵێت؟New Title

8/14/2024 2:29:00 PM
کاوە مەحمود

به‌شی یه‌كه‌م/

 هاوپه‌یمانی چه‌پ له‌ فه‌ره‌نسا، ( هاوپه‌یمانی نوێی میللی) له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی فه‌رنسا (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی)، سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی به‌رچاوی دژبه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان به‌ده‌سهێنا. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ شێوازی جۆراجۆر شیكردنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرا، به‌ جۆرێك له‌ هه‌ندی شیكردنه‌وه‌دا به‌ سه‌ركه‌وتنی سه‌رجه‌م ڕه‌وتی چه‌پ له‌ ئه‌وروپا و جیهان دانرا و، ته‌نانه‌ت به‌ ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ نوێبوونه‌وه‌ی چه‌پ له‌ جیهاندا ژمێردرا. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ شیكردنه‌وه‌دا به‌ بابه‌تێكی ئاسایی دوور له‌ گۆڕینی ته‌رازوی هێز نێوان چه‌پ و ڕاستدا ئاماژه‌یپێكرا، وا باسكرا كه‌ له‌ قورسایی ڕاسته‌ڕه‌وه‌كان و گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وامیان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی فه‌ره‌نسا و سه‌رجه‌م ئه‌وروپای كه‌منه‌كردۆته‌وه‌.

گومان له‌وه‌دا نییه‌، كه‌ سه‌رجه‌م لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ میتۆد و ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی لایه‌نی لێكۆڵه‌وه‌ر نێوان ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ تا ئه‌و په‌ڕی ڕاست جیاناكرێته‌وه‌.

بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاكامه‌كانی دوا هه‌ڵبژاردن له‌ فه‌ره‌نسا، له‌ چوراچێوه‌ی خسته‌ڕووی كۆمه‌ڵێك پرسیار سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی سیاسی گشتی له‌ جیهان و وانه‌كانی سه‌ركه‌وتنی چه‌پ له‌و وڵاته‌ بۆ چه‌پی جیهان و چه‌پی كوردستان و، هه‌وڵدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، باس له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی فه‌ره‌نسا و ڕه‌وشی چه‌پ ده‌كه‌م.

پرسیاری یه‌كه‌م/ ئایا ئه‌و هۆكارانه‌ چین، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی بوژانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی ڕاستڕه‌وه‌كان له‌ زۆربه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتی ئه‌وروپا؟

له‌و ه‌ڵامدا، هۆكاره‌كان له‌م خاڵانه‌دا ده‌بینمه‌وه‌:

 1ـ شكستی سیاسه‌تی تایبه‌ت به‌ ڕاگواستن و وه‌رگرتنی په‌ناهه‌نده‌ و، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان و كاركردن بۆ گونجاندانیان له‌گه‌ڵ كه‌لتور و ریتمی ژیانی كۆمه‌ڵگا نوێكان، كه‌ په‌نایان بۆ هه‌ێناوه‌ و، ئه‌مه‌ش دڵه‌ڕاوكێ و ناڕه‌زایی ده‌نگده‌ری له‌و وڵاتانه‌دا درووستكردوه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ی، كه‌ هۆكاری كێشه‌ و گرفته‌ بابه‌تییه‌كان، له‌وانه‌ بێكاری و گرانی، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ت گشتییه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ بواری سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ بوون و زیادبوونی په‌ناهه‌نده‌ له‌و وڵاتانه‌دا بگه‌ڕێننه‌وه‌.

2ـ هه‌ژموونی ئۆلیگارشی ده‌سه‌ڵاتدار و ئاراسته‌كانی نیولیبرالیزم و سه‌قامگیربوونی تێڕوانینی زاڵبوون و به‌رده‌وابوونی تاكه‌ جه‌مسه‌ری به‌ جۆرێك ڕاده‌ی به‌رزی پۆپۆلیستی به‌كاردێت به‌و مه‌به‌سته‌ی نیولیبرالیزم و تاكه‌جه‌مسه‌ری تاكه‌ بژارده‌ له‌به‌رده‌م ڕای گشتی و په‌نتایی گشتی كۆمه‌ڵكادا بێت.

3ـ زیادبوونی كاری تیرۆریستی له‌ ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی گرۆپه‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامییه‌كان و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشی گشتی، كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاوه‌ هاتوون ئه‌نجامده‌درێن، هۆكارێكه‌ بۆ ئاراسته‌بوونی ده‌نگده‌ر به‌ره‌و حزبه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر توندكردنی ڕێوشیوێنه‌كانی پاراستنی ئاسایش ده‌كه‌ن.

4ـ بێهوده‌یی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی حزبه‌ كلاسیك و نه‌ریتییه‌كانی ژیانی سیاسی و هه‌ستكردن، كه‌ سیاسه‌تی ئه‌و حزبانه‌ هیچ ئاسۆیه‌كی كراوه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دووباره‌وونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابووییه‌كان نییه‌ و، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ ده‌نگده‌ر به‌دوای جیگره‌وه‌ی سیاسی نوێ بگه‌ڕێت.

5ـ لێكه‌وته‌كانی جیهانگیری و دڵه‌ڕاوێكیی ناوه‌ندێكی فراوان به‌ هۆی مه‌ترسییه‌كانیان له‌سه‌ر شوناس و كه‌لتوری نیشتمانی، هۆكارێكه‌ بۆ درووستبوونی خولیا و ئاراسته‌ی پارێزگاری و پشتگیریكردنی خه‌ڵك بۆ ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ و پاراستنی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی به‌ بازنه‌یه‌كی داخراو ده‌كه‌نه‌وه‌.

6ـ هه‌ڵوێستی نه‌رێنی خه‌ڵك له‌مه‌ڕ بیرۆكه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و، هه‌ستكردن به‌ كارانه‌بوونی دامه‌زراوه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروبا هۆكارێكه‌ بۆ پشتگیری ئه‌و حزبه‌ ڕاستڕه‌وانه‌ی، كه‌ بانگه‌شه‌ و كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و هه‌ژموون و كارتێكردنی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆیی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، ده‌كه‌ن.

پرسیاری دووه‌م/ ئایا هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌كردنی چه‌پ چین؟

 1ـ بوونی ناكۆكی هزری نێوان لایه‌نه‌ چه‌په‌كان و زاڵبوونی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌ركه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئاكامه‌كه‌شی به‌ له‌تبوونی هێزی چه‌پ كۆتایی هاتووه‌.

2ـ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازی و ناكۆكییه‌ هزرییانه‌ له‌سه‌ر ڕێنه‌كه‌وتن ده‌رباره‌ی بابه‌تی گرنگی ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تی. هه‌ر بۆ نموونه‌ هه‌ڵوێست سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕ له‌ ئۆكرانیا.

3ـ كه‌مه‌ی به‌دواداچوون بۆ بابه‌تی ریزبه‌ندی چینایه‌تی نوێ له‌ كۆمه‌ڵگا و بایه‌خدان به‌ بزافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێكان و توێژینه‌وه‌ له‌م بواره‌دا، به‌تایبه‌تی دیارده‌ی زیادبوونی په‌راوێزخراوه‌كان و، نه‌بوونی هاوسه‌نگی نێوان خستنه‌ڕووی داواكاری ئه‌و توێژه‌ نوێیانه‌ و هێزی كارگه‌ر له‌لایه‌ك و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژینگه‌ و شوناس و كه‌لتوره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لاكه‌ی دیكه‌وه‌ و، ئه‌مه‌ش كاریكردۆته‌ سه‌ر لاوازكردنی پێگه‌ی چه‌پ له‌و ناوه‌نده‌ چینایه‌تییانه‌ی، كه‌ ده‌پێ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ گوتاری ڕۆژانه‌ی چه‌پدا بدۆزنه‌وه‌.

4ـ شكستی گوتاری چه‌پ له‌ ساڵانی ڕابووردوودا له‌ خستنه‌ڕووی جێگره‌وه‌ و ئه‌لته‌رناتیفی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری، كه‌ چاره‌سه‌ری واقیعیانه‌ بۆ كێشه‌كانی خه‌ڵك له‌ به‌رنامه‌یه‌گی گشتگیر بخاته‌ڕوو.

5ـ خۆگونجاندنی به‌شێكی لایه‌نه‌ چه‌په‌كان له‌گه‌ڵ گوتارێك و پرۆژه‌یه‌كی سیاسی حوكمرانی گشتی، كه‌ له‌ پرۆسه‌ی لایه‌نه‌ نیولیبرالیزمه‌كان و هه‌ڵوێسته‌كانیان جیاناكرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كاریكرده‌ سه‌ر شوناسی تایبه‌تی چه‌پ و هه‌ڵوێسته‌كانی. 

6ـ زاڵبوون نه‌ریت و ڕه‌وشتی سیستمی سیاسی سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر چه‌پدا و كاركردنیان له‌ كاتی حوكمرانیدا وه‌ك هه‌ر حزبێكی تقلیدی سیستمی سه‌رمایه‌داری و، دزه‌كردنی دیارده‌ دزێوه‌كانی ئه‌و ڕژێمه‌ بۆ نێو كار و ڕه‌فتاری چه‌پ و، تێوه‌گلانی هه‌ندێك له‌و هێزانه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و خراپی ئیداره‌دانی كاری حوكمرانی.

7ـ توانای هێزی ڕاستڕه‌و له‌ پاراستنی بوون له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و، به‌كارهێنانی كاریگه‌رانه‌ی شێوازه‌كانی په‌یوه‌ندی هاوچه‌رخ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و گوتاری پۆپۆلیستی له‌ درووستكردنی ژینگه‌یه‌كی دژ به‌ هزری چه‌پ.

پرسیاری سێیه‌م: ده‌رئه‌نجامی شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م هۆكارانه‌ی له‌ وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م و دووه‌مدا خرانه‌ِوو به‌ وابه‌ستی به‌ ڕه‌وشی سیاسی و باسكردنی كرۆكی گرفته‌كان و ڕێگای چاره‌سه‌ر، چیمان پێده‌ڵێت؟

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ چه‌ندین بابه‌ت و ئاسته‌نگ ده‌خاته‌ به‌رده‌م هێزی چه‌پ و، ئاینده‌ی ئه‌م هێزه‌ش به‌نده‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی داهێنانێكی تیۆریی پشتبه‌ستوو به‌ خوێندنه‌وه‌یكی نوێ، كه‌ توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌ نوێ و ئاڵۆزه‌كانی واقیعی گۆڕاو له‌ سه‌ر هه‌ردوو ئاستی نیشتمانی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا، بێت.

به‌شی دووه‌م/

 پرسیاره‌ نوێكان، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕه‌وشی سیاسی و گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر وڵاتێك و له‌ جیهاندا به‌ گشتی، شوناسێكی كرده‌یی و تیۆری هه‌یه‌ و، ده‌كرێ له‌ چوارچێوه‌ی داهێنانی تیۆری له‌ بواری ماركسیزم و سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی هزری چه‌پ وه‌ڵامی گونجاوی هه‌بێت. 

ئه‌و پرسیارانه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی باون و له‌ ده‌روه‌ی دوگما به‌ دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێن، كۆمه‌ڵێك بوار ده‌گرێته‌وه‌، له‌وانه‌:

1ـ ئایا به‌رێوه‌بردنی حوكمرانی به‌ شێوازی دیموكراسی په‌رله‌مانی توانای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی هه‌یه‌، كه‌ بۆته‌ هۆی بوژانه‌وه‌ی ڕاستڕه‌ویی و، چه‌پیش له‌ ڕوانگه‌ی هزری خۆیه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌كات؟ 

2ـ ئایا چه‌پ له‌ ڕێگای بژارده‌ی وازهێنان له‌ هزری چه‌پ به‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانییه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ناوه‌ڕۆكدا بانگه‌وازی نیولیبرالزمه‌ و، سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ سۆسیۆلۆجییه‌كانی سه‌رمایه‌داری بانگه‌شی بۆ ده‌كه‌ن و، له‌ وڵاتی ئێمه‌ و له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ گشتی به‌ هۆی لێڵی هزر، پروپاگنده‌ی بۆ ده‌كرێت، توانای خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ و گوتاری جێگره‌وه‌ و ئه‌لته‌رناتیفی ئه‌م ڕه‌وشه‌ی هه‌یه‌؟

3ـ ئایا ته‌وژمی بانگه‌شه‌ بۆ وازهێنان له‌ هزری چه‌پ هه‌مان له‌ سروشتی ئه‌م ته‌وژمه‌ ناچێت، كه‌ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بانگه‌شه‌ و كاری بۆ وازهێنان له‌ ماركسیزم ده‌كرد، یان بژارده‌ی ڕوون و ڕاست و درووست پاراستنی شوناسی چه‌پگه‌راییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ڕێگایه‌ بژارده‌ی ئێمه‌بێت؟
4ـ ئه‌و چه‌مكه‌ هزرییه‌ نوێیانه‌ چین، كه‌ له‌ بازنه‌ی بژارده‌ی هزری چه‌پدان له‌ ئاراسته‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی مۆدێرنه‌سازی و باشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ میتۆدی عه‌قلانیه‌ت و ڕۆشنفیكری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی دیموكراسی په‌رله‌مانی، كه‌ چه‌مكی دیموكراسی ته‌نیا له‌ ئاكامه‌كانی سندوقی ده‌نگداندا ده‌بینێت؟

5ـ ئایا تواناكانی چه‌پ له‌ به‌رهه‌مێنانی و پێداچوونه‌وه‌ و گه‌ڵاڵه‌كردنی چه‌مكی نوێ سه‌باره‌ت به‌ حوكمرانی باش و دیموكراسی به‌شدارانه‌ (تشاركی) و، گه‌ڵاڵه‌كردنی میكانیزمی كرده‌یی و واقیعبینانه‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

6ـ تواناكانی چه‌پ به‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانییه‌وه‌ له‌ چ ئاستَێكدان بۆ توێژینه‌وه‌ی ریزبه‌ندی چینایه‌تی نوێ و خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌ی نوێكان له‌ بواری بزافی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ و دیارده‌ی په‌راوێزخستن، كه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سه‌رمایه‌داره‌كان و وڵاتانی سه‌رمایه‌داری وابه‌ست بوونیان هه‌یه‌؟ 

پرسیاری چواره‌م/

 بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌ش پرسیارانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ خستوومانه‌ته‌ڕوو له‌ ڕوانگه‌ی میتۆدێكی چه‌پگه‌رایی ڕوون، كه‌ به‌ جۆرێكی گشستگیر قوتابخانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی چه‌پ بگرێته‌ خۆی، ئه‌م ئاراسته‌یانه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو:

1ـ هێز و ڕه‌وابوونی چه‌پ له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ و گه‌ڵاڵه‌بوونی گوتارێكی چه‌پگه‌رانه‌ و پشتبه‌ستوو به‌ سه‌رجاوه‌ هزرییه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی چه‌پدایه‌، به‌و ئاراسته‌یه‌ی، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانیخوازی و سوشیالیستی و نوێبوونه‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی سه‌رچاوی هزری چه‌پ دوور له‌ دۆگما، بكرێت.

2ـ ئاماده‌بوونی هێزی چه‌پ بۆ توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی ریزبه‌ندی چینایه‌تی نوێ و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ گوتاری سیاسی و پرۆژه‌ی هێزی چه‌پدایه‌.

3ـ ئاماده‌بوون بۆ داهێنانی تیۆری به‌ پشتبه‌ستنی توێژینه‌وه‌كانی واقیعی گۆڕاو و، پێداچوونه‌وه‌ی چه‌مكه‌ تیۆرییه‌كان و ئاستی گونجانی پشتبه‌ستن پێیان، وه‌ك میتۆدێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی گۆڕاوی كۆمه‌ڵگا. 

4ـ خوێندنه‌وه‌ی نوێی قوناغی مێژوویی له‌ چوارچێوه‌ی ناكۆكی و ململانییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و نیونه‌ته‌وه‌یی و، ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ركه‌كانی چه‌پ له‌ ڕوانگه‌ی پێداویستی مێژووییه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ خولیای ئاره‌زوومه‌ندی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكانه‌ی مێژوو كۆتایی پێهێناون، دوورمانده‌كاته‌وه‌.

پرسیاری پێنجه‌م/

 له‌ ڕوانگه‌ی تێگه‌یشتنمان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و چوار پرسیاره‌ی خرایه‌ڕوو، هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ دووا هه‌ڵبژاردنی فه‌ره‌نسا چی بێت و، ئایا به‌ سه‌ركه‌وتن بۆ چه‌پی فه‌ره‌نسا ده‌ژمێردرێت؟ 

هێزی چه‌پ له‌ فه‌ره‌نسا سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی تۆماركرد و، هۆكاری ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش بۆ ئه‌م خاڵانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌:

1ـ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای ئه‌و شكستییه‌ی، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا دووچاری بۆوه‌ و هێزی ڕاستڕه‌وی فه‌ره‌نسا زۆربه‌ی ده‌نگه‌كانی هێنا.

2ـ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای هه‌نگاوی ماكرۆن و بانگه‌وازه‌كه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا.

3ـ نه‌رمینواندن له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی چه‌پ و، جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی هاوبه‌ش و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی توندڕه‌وی ڕاستڕه‌وانه‌ و، سه‌ركه‌وتن و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی مێژوویی هاوپه‌یمانی به‌ره‌ی میللی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فاشیزم له‌ شه‌ڕی جیهانی دووه‌مدا.

4ـ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ له‌ كاتی به‌رێوه‌بردنی ته‌كتیكی كاری هه‌ڵبژاردن و ئاماده‌بوون بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیستی ماكرۆن و كشانه‌وه‌ی هه‌ندێ پاڵێوڕاوان له‌ خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردن، به‌ مه‌به‌ستی ڕێگاگرتن له‌ كاندیده‌ توندڕه‌وه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان. 

5ـ ئاراسته‌كردنی گوتار و به‌رنامه‌ و ئامانجی لیستی چه‌پ (هاوپه‌یمانی میللی نوێ) له‌سه‌ر بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كان و، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ی، كه‌ مایه‌ی جیاوازی هزریی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی چه‌پن.

پرسیاری شه‌شه‌م/ ئایا جه‌ختكردن له‌سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان و سه‌ركه‌وتنی چه‌پ له‌ ئاكامی هه‌ڵبژاردن مانای كۆتایی كۆسپ و كێشه‌ و ته‌گه‌ره‌یه‌ له‌ به‌رده‌م هێزی هاوپه‌یمانی میللی نوێ و، ئایا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ شێوه‌یكی گشتگیر به‌ سه‌ركه‌وتنی چه‌پی ئه‌وروپا داده‌نرێت؟

بێگومان كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ و كێشه‌كان و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان له‌ ریزی هاوپه‌یمانی میللی نوێی فه‌ره‌نسا كۆتایی نه‌هاتووه‌ و، هێزی نه‌یاریش و له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ حزبی ماكرۆن كار بۆ وه‌به‌رهێنانی جیاوازییه‌كانی نێوان لاینه‌كانی هاوپه‌یمانی میللی نوێ ده‌كات.

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چالنجه‌ نوێكان و ڕووبه‌رٍووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و كۆسپه‌كان، هاوپه‌یمانی چه‌پ جگه‌ له‌ سیاسه‌تی نه‌رمی نواندن و كرانه‌وه‌ ڕێگای تریان له‌به‌رده‌مدا بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان و دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێ نییه‌. 

له‌ هه‌مان كاتدا واقیعبینی له‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، كه‌ ناكرێ به‌ گشتگیری باسی سه‌ركه‌وتنی سه‌رجه‌م هێزی چه‌پ له‌ ئه‌وروپادا بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌، كه‌ ناكرێ له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ كه‌می ته‌ماشای ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ و توانای هێزی چه‌پ بكه‌ین و، سوود له‌ ئه‌زموونی چه‌پی فه‌ره‌نسا وه‌رنه‌گرین. 

پرسیاری حه‌وته‌م/ ئایا چه‌پی كوردستان چۆن ده‌توانی له‌م ئه‌زموونه‌ سوودوه‌رگرێت؟

ئه‌زموونی هاوپه‌یمانی میللی نوێی چه‌پ له‌ فه‌ره‌نسا كۆمه‌ڵێك وانه‌ی گشتی تێكۆشان بۆ ئێمه‌ی چه‌پ له‌ كوردستان و هێزی چه‌پی جیهان پێشكه‌ش ده‌كات، له‌وانه‌:

1ـ گرنگی كاری هاوبه‌ش و په‌ره‌پێدانی بۆ بنیاتنانی هاوپه‌یمانی چه‌پ.

2ـ جه‌ختكردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ڕاده‌ی نزم به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی تواناكان و جه‌ختكردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی خه‌ڵك.

3ـ ده‌ستنیشانكردنی ناكۆكی و ململانێی سه‌ره‌كی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستنیشانكردنی قۆناغی مێژوویی.

4ـ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی نه‌رمی نواندن و كرانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر له‌ بازنه‌ی كاری چه‌پ و له‌ چوراچێوه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌ی كاری هاوبه‌شی سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌.

5ـ داهێنانی تیۆری قوڵ و پشتبه‌ستوو به‌ لێكدانه‌وه‌ی زانستی له‌ بواری ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ركه‌ نیشتمانی و چینایه‌تی و داكۆكی له‌ ئازادییه‌ گشتییه‌كانی و مافی ژنان و تێكۆشان بۆ مۆدێرنه‌سازی و ڕۆشنفیكری و عه‌قلانیه‌ت و، گرێدانی ئه‌م ئه‌ركانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك باكێچی تێكۆشان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن