96وتار

چیرۆکی ھاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی ھەرێم

9/4/2024 12:14:00 PM
د. یوسف محەمەد

خۆشبەختانە ئەمڕۆ ٣ی ئەیلول، پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، بەشێکی زۆری خانەنشینانی ھەرێم موچە شایستەکانی خۆیان وەرگرت ھاوشێوەی ھاوتاکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق.
دیمەنی دڵخۆشیی خانەنشینان بە وەرگرتنی بەشیک لە مافەکانیان ھەم زۆر دڵخۆشی کردین، ھەم خەمباریشی کردین کە لەم وڵاتە پڕ لە خێروبێرەدا وەرگرتنی موچەی شایستە بوەتە جێی دڵخۆشی.
ئەوەی ئەمڕۆ رویدا، بەرھەمی خەباتێکی درێژی خانەنشینان خۆیان و رێکخراوەکەیان (یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان) بو. بەتایبەت کە دواتر توانیمان دۆسیەکەیان بەرینە دادگای باڵای فیدڕاڵی و سوپاس بۆ خوا لە ٢٣- ١١- ٢٠٢٢، ئەو دادگایە بڕیاری ژمارە (٢١٢/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢)ی دەرکرد و، رێک وەک ئەوەی ئێمە داوامان کرد بو بڕیاری دا بە:
یەکەم: نادەستوری بونی کارکردنی دەسەڵاتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە؛
دوەم: پابەند کردنی دەسەڵاتی هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بو بۆ خانەنشینانی شایستەی هەرێم کە دەیان ساڵی ژیانی خۆیان تەرخان کردوە بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێم و، مافی خۆیانە کە ژیانێکی کەرامەتمەندانە بگوزەرێنن، ئەوان لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی کردویانە پێویستە قەرەبو بکرێنەوە نەک ستەمیان لێبکرێ و مافەکانیان زەوت بکرێ.
بەندە پاش نزیکەی چەند مانگ لێکۆڵینەوە لە لایەنە دەستوری و یاسایی و داراییەکانی ئەم کەیسە و بە ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەنشینانی هەرێم (لە رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان) و چەند یاساناس و شارەزایەکی ئابوریی (بەتایبەت بەڕێزان پارێزەر ئارێز ئازاد، د. بەھار مەحمود، چۆمان محەمەد، ھۆشیار عەبدوڵا، د. کاروان حەمەساڵح) یەکەم رەشنوسی داواکەم لە ٧- ٦- ٢٠٢٢ ئامادە کرد و، دواجار لەرێی پارێزەرەکانمانەوە لە ٨- ٩- ٢٠٢٢ داواکەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد و، بۆ رێخۆش کردن بۆ سەرکەوتنی داواکەش، رۆژی ٢٧- ٩- ٢٠٢٢ لەگەڵ کاک مەحمو رەزا سەردانی دادگای باڵای فیدڕاڵیمان کرد. دوای سێ دانیشتنی دادبینی سەرەنجام لە ٢٣- ١١- ٢٠٢٢ دادگا دۆسییەکەی لە قازانجی خانەنشینانی ھەرێم یەکلا کردەوە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە دەقی ئەو بڕیارەی دادگا و پشت بەست بەو داوایەی ئامادەمان کرد بو، رێخۆشکەرییەک هاتە ئاراوە بۆ وەرگرتنەوەی مافی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم لە بابەتەکانی دواکەوتن و پاشەکەوت و لێبڕینی زۆرەملێ و نایاسایی موچە و، وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و، ھەر ئەمەش رێگای خۆش کرد بۆ بڕیارەکانی دواتری ئەو دادگایە سەبارەت بە موچە لە ھەرێمی کوردستان.
لێرەدا پڕبەدڵ سوپاسی بێپایان بۆ کاک ئارێز ئازاد کە بە پیاچونەوەی داواکە، زۆر دەوڵەمەند و بەپێزتری کرد، هەروەها بۆ ئەو بەڕێزانەی کە لە روی دەستوری و یاسایی و ئابوری راوێژیان پێداین. بە هەمان شێوە سوپاس بۆ کاک بەشدار حەسەن کە خۆبەخشانە بەشدار بو لە ئەرکی پارێزەری لە دۆسییەکە و، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی خانەنشینان ئامادە بو لە دانیشتنەکانی دادگا، هەروەها زۆر سوپاس بۆ کاک ھاوکار مەولود کە ئەرکی تێچوی دو پارێزەری تری لە بەغدا لە ئەستۆ گرت.
جیی خۆیەتی سوپاسی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش بکەین کە لە ماوەی رابردودا کاریان کرد بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، دڵنیاشم درێخ ناکەن بۆ دۆزینەوەی دەرەچەی پارەدار کردنی سەرف کردنی موچەی خانەنشینانی ھەرێم. سوپاس بۆ هەر کەسێکی دیکەش کە بە هەر شێوەیەک لەم دۆسییەیەدا لەگەڵمان بەشدار بو.
‏‎جارێکی تر پیرۆزبایی لە سەرجەم خانەنشینانی شایستەی ھەرێم ئەکەین، ئەمڕۆ هەمومان دڵخۆشین کە بەشدارین لە دڵخۆش کردنی دڵی دەیان هەزار خانەنشینی سەربەرزی هەرێم لەڕێی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوت کراوەکانیان. ئاگاداری ئەوەشین کە خانەنشینانی پێش ساڵی ٢٠١٤ موچەکانیان بەتەواوی ھاوتا نەکراوە، لێرەوە بەڵێن ئەدەین کە کاری یاسایی پێویست بۆ ئەوەش ئەنجام بدەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن