سایکۆلۆژیای سیاسی سەرکردە گەنجەکانی حزبە سیاسیەکان و کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی
9/7/2024 10:38:00 AM
د. مەجید ساڵح
لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو نەوەیەک لە گەنجی
تازە نەفەس لە رێگەی کۆنگرەی حزبەکانیانەوە هەلی بوون بە سەرکردەیان بۆ رەخسا. لە دۆخێکی
ئاساییدا هاتنی ئەم نەوە نوێیە لە سیاسەتمەداران کارێکی نۆرماڵ و بگرە پێویستیشە،
چونکە مەفروز وایە ئەوانە کەسانی خوێندەوار و مۆدێرن و خاوەن ئەزموونی جیاواز بن بەبەراورد لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان، هیوایان لێ دەکرێ
داهێنان و گۆڕانکاری گەورە لە بواری سیاسیدا لە هەرێم دروست بکەن.
بەڵام بەداخەوە ئەزموونی
ئەم یەک دوو ساڵە پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێ و تا دێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم
نوخبەیە زیاتر دەردەکەون و خەریکە دەبێتە دیاردە و پرۆسەی سیاسی لە هەرێم خەریکە بەرەو تەقینەوە دەچێ
و تا دێت بێ متمانەیی خەڵک بە ئەحزابی سیاسی و بەشداری سیاسی زیاتر و زیاتر
دەبێ.
سایکۆلۆژیای ئەو سەرکردە گەنجانە و شێوازی بیرکردنەوە و
هەڵسوکەوتەکانیان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر
رەوتی گەشەسەندن و سەقامگیری سیاسی هەرێم داناوە و رەنگە بکرێ سایکۆلۆژیەتی ئەوان
لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە:
یەکەم: متمانەی
لەرادەبەدەر بەخۆبوون و نەبوونی ئەزموون.
زۆرجار سەرکردە گەنجەکان بە متمانەیەکی زۆرەوە دەچنە ناو
سیاسەتەوە. ئەم متمانە بەخۆبوونە کە زیاتر هەڵقوڵاوی ستراکچەری کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن
بە سەرچاوەی هێزی سەربازی و مادییە کە لە بنەماڵەکانیانەوە بۆیان ماوەتە، نەک مەعریفە
و شارەزایی سیاسی، هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگی بە تێکچوون ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی
کوردستان نەدەن. چونکە لە بنەڕەتدا لە
بوارە هەستیارەکانی سیاسەتدا کەمی ئەزموونن، بۆیە بڕیاری بەپەلە و پێنەگەیشتوو دەدەن،
کە دواجار ناسەقامگیریی لە پرۆسەی سیاسییدا دروست دەکات.
دووەم: حەزکردن لە کێبڕکێی توند و نەبوونی گیانی هاوکاری .
سەرکردە گەنجەکان، هێندەی ئارەزووی کێبڕکێی توندی حزبی و
خۆبەهێزکردن و بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدەن، ئەوەندە گرنگی بە کاری دەستەجەمعی نادەن. ئەم مەیلە
بۆ کێبڕکێ، لەبری هاوکاری لەگەڵ حزب و گروپە سیاسییەکانی دیکەدا، بوەتە هۆی دووبەرەکی
و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان بڕیاردەرانی سیاسیدا. ئەم جۆرە ڕەفتارانە ڕێگری لە پەرەپێدان
و جێبەجێکردنی سیاسەتی درێژخایەن و کاریگەر دەکات.
سێیەم: کاریگەری فشارەکانی سۆشیال میدیا.
لە دونیای ئەمڕۆدا سەرکردە گەنجەکان بە هۆی بوونی چالاکی
زۆری خەڵک لە سۆشیال میدیادا کەوتونەتە ژێر فشار و کاریگەری کۆمەڵایەتییەکانی و فشاری ڕای گشتییان.
ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیاردانی عاتیفی و ناجێگیر و هەڵەی گەورە. وای لێهاتووە
گەنجانی سیاسەتمەدار، بەشێکی زۆری شەڕەکانیان هێناوەتە ناو سۆشیال و میدیا و لە ڕێگەی
بڕیاری پۆپۆلیستییەوە بەدوای پشتیوانییەکی یەکسەردا دەگەڕێن.
چوارەم: بێتوانایی لە ئیدارەدانی گرژی و قەیرانەکان.
بەڕێوەبردنی قەیران و گرژییە سیاسییەکان پێویستی بە ئەزمون
و لێهاتوویی تایبەت هەیە، بەداخەوە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا ئەمە لەنێو سەرکردە
گەنجەکاندا بوونی نییە. له هه ڕێمی کوردستان که بەردەوام لەدەوروبەرەوە ائاستەنگی سیاسی و ئەمنیی و
ئابوری بۆ دروست دەکرێ، ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو دەری خستووە سەرکردە گەنجەکان
بێ توانان له بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ئەمەش کاریگەری جیدی لەسەر ئایندەی هەرێم هەیە.
لە حەقیقتدا بوونی سەرکردە گەنجەکان لە حزبە سیاسییەکانی
هەرێمی کوردستان دەکرێ دەرفەت بۆ داهێنان
و گۆڕانکاری سیاسی گەورە دروست بکات. بەڵام سایکۆلۆژیای ئەم سەرکردانە و نەبوونی ئەزموونی
سیاسیی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێم داناوە. بۆ ڕێگریکردن لەم کاریگەرییە
نەرێنیانە، پێویستە ئەم سەرکردە گەنجانە لەلایەن سەرکردەی بەئەزموونترەوە سەرپەرشتی
و ئامۆژگاری بکرێن و سوودمەند بن لە هاوکاری و کارلێکی زیاتر لەگەڵ گروپە سیاسییە
جیاوازەکان بۆ ئەوەی بتوانن لەبری کێبڕکێی تێکدەرانە بەشداری بکەن لە گەشەپێدان و
سەقامگیری سیاسی لە هەرێم.