51وتار

"مەلا جاسم کەلاری" نەوەی ڕەسەنی مەلای کوردەوارییە

9/12/2024 10:03:00 AM
بەهمەن تاهیر نەریمان

مەلای کوردەواری کە سەر بە "ئیسلامی میللی"ـیە، لەگەڵ ئەدەب و کەلتوری کوردیدا ئیسلامیان سازاندبوو، گوتارێکیان بەرهەمهێنابوو بە ڕۆحی مرۆڤی کورد سازگاربوو. مەلای کوردەواری لەگەڵ مەلای سەلەفی-ئیخوانی، لە کۆمەڵێک خاڵدا لێکجوادان، هەندێکیان ئەمانەن:

1- مەلای "ئیسلامی میللی" لە ئەدەب و شیعری کوردیدا شارەزا و  سەرمەشقی ئەو بوارە گرنگە بوون، بەڵام مەلای گوتاری ئیسلامی "سەلەفی-ئیخوانی" لەگەڵ شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا بێئاگا و ناسازگارن و گرنگی بە ئەدەبیاتی کوردی نادەن. مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس، مەلا محەمەدی ڕەبیعی، شێخ محەمەدی خاڵ،  مامۆستا عەلادین سەجادی، مەلا خەلیلی مشەختی ... پوخت مەلای کوردەواری بوون، بۆیە سەرمەشقی ئەدەب و شیعر و فۆلکلۆر و فەرهەنگی کوردی بوون. "مەلا جاسم" سەر بەم ڕەوتەیە و بەر هێرشی گوتارە هاوچەرخەکە(سەلەفی-ئیخوانی)ـیەکە کەوتووە و تەنیا گوتارە دینییە کوردەوارییەکە دەستخۆشی لە "مەلا جاسم" دەکەن.

2- مەلای "ئیخوانی-سەلەفی" ئیسلامبوون پێش کوردبوون دەخەن، بۆیە لای ئەوان پرسەکانی دنیای ئیسلام، پرسێک کە وەک پرسی ئیسلامی ناسراوە(بۆ نمونە پرسی غەزە) وەک پرسی ژمارە یەک دادەنێن و پرسە کوردستانییەکان دەبنە پلە دوو. مەلای "ئیسلامی میللی" پرسە کوردستانییەکان پێش پرسە ئیسلامییەکان دەخەن، پرسە ئیسلامییەکان لە پلە دوو دێن. تەنانەت مامۆستا سەجادی کە دەستدەکات بە وەگێڕان و ڕاڤەی قورئان، بە کوردییەکی ئەوەندە ڕەوان قورئان وەردەگێڕێت، دەیەوێت گەورەیی و توانای زمانی کوردی دەربخات، ئینجا مەبەستی دووەم درکپێدەکەیت، کە ڕاڤەی قورئانە.

3- مەلای کوردەواری لەگەڵ پرسی "کوردبوون" دا پشتگیری ڕوونی ئەم پرسەیان کردووە، کاتێک ناسیۆنالیزمی کوردی پەرەدەستێنێت و ناوە کوردییەکانی وەک(ناسکە، ئازاد، ڕزگار، خەبات، شنە، کوردە، کوردستان، بەختیار ...) جێی ناوە عەرەبییەکان دەگرنەوە، ئەم بەکوردیکردنە لەو کاتەدا پەرەدەسێنێت کە گوتاری "ئیسلامی میللی" گوتاری پێوانەیی و ستانداردی ئیسلام دەبێت. بەڵام لە ئێستادا کە گوتاری ئیسلامی "سەلەفی-ئیخوانی" بووەتە گوتاری زاڵ، ناوە عەرەبییەکان لەناو منداڵی کورددا سەریان هەڵداوەتەوە و بەشێوەیەک سەریان هەڵداوەتەوە پێیان وایە دەبێت وەک گۆکردنە عەرەبییەکە گۆبکرێن، لە کاتێکدا لەسەردەمی ئیسلامی کوردەواریدا کۆی ناوە عەرەبییەکان کە هاتبوونە ناو زمانی کوردییەوە یاسا دەنگییەکانی زمانی کوردییان بەسەردا جێبەجێکرابوو. بۆ نمونە "عومەر" وەک خۆی نەمابوو، ببووە "هۆمەر"، عوسمان ببووە "وەسمان" ... مامۆستا زمانزانە کوردەکانی پێشوو درکیان بە گرنگی ئەم پڕۆسەی کورداندنە کردبوو، بۆ نمونە "شێخ محەمەدی خاڵ" لە ڕاڤەکەی خۆیدا بۆ قورئان(تەفسیری خاڵ)، کوردانە لەسەر بەرگەکەی دەینوسی(جزمی عەممە)، نەک (جزء ...). یان زمانزانێکی وەک دکتۆر "ئەوڕەحمانی حاجی مارف" هەرگیز نەیدەنووسی (عبد الرحمان حاج معروف)، بەڵکو فۆرمە کوردێنراوەکەی ناوی خۆی(ئەوڕەحمانی حاجی مارف)ـی بەکاردەهێنا. کەچی گوتاری ئیسلامی "سەلەفی-ئیخوانی" ئەم پڕۆسەی کورداندنەی ناوە عەرەبییەکانی تەواو لاواز کردووە، بۆیە لای ئەوان بە ناوێکی کوردێنراوی وەک (سەبری) گاڵتەدەکەن و پێیان وایە دەبێت بڵێی (صبریة)، دەبێت بە "مارف" بڵێت (معروف) و بە تەها بڵێی (طە) ... ئەمە جگە لەوەی بەعەرەبکردنێکی خۆڕایی زمانی کوردییە، لەهەمانکاتدا نەخوێندەوارییەکی قووڵی زمانییە و ڕۆشنبیریی زمانییان لە ئاستێکی نزمدایە. کەچی زۆر جار ئەوان وەک ڕۆشبیرێکی زمانزانی عەرەبی خۆیان بەدەوروبەرەکەیان دەناسێنن.

4- گوتاری "ئیسلامی میللی" لەگەڵ هونەر و مۆسیقا و کەلتوری کوردیدا خۆی ڕاهێنابوو، خانەقا و تەکێ و مزگەوتەکان لە ئاهەنگە ئاینییەکانیشدا ئامێرە هونەرییەکانیان بەکاردەهێنا، لە بانگداندا مەقامە کوردییەکانیان بەکاردەهێنا و بۆنوبەرامەی کوردەوارییان گرتبوو. کەچی ئیسلامی سەلەفی پرسی حەرامبوونی مۆسیقا و ئاهەنگ دەوروژێنێت و "ئیسلام و هونەر" وەک دوو دژیەک دەخاتەڕوو. ئێستا لە مزگەوتەکاندا کاتێک بانگدەدرێت وا دەزانیت لە سعودییەیت نەک لە کوردستان. لەسەرەتای هاتنیدا گوتاری ئیخوانییش کێشەی زۆری لەگەڵ مۆسیقا هەبوو، دواتر بەهۆی زەبری گرنگیی مۆسیقا ملیان بە حەڵابوونی دا، بەڵام زوو زوو لە ئاستی تاکدا ئەم گرفتە سەرهەڵدەداتەوە.

     "مەلا جاسم کەلاری" سەر بەو کەلتورە قورئانیەیە کە زمانی کوردی وەک بەڵگەی خوایی دەبینێت(ومن آياته خلق السماوات والأرض واختلاف ألسنتكم وألوانكم ...الروم/٢٢)، دیدی "مەلا جاسم" کە دەڵێت "لەو دنیا بە کوردی وەڵامدەدەمەوە"، سەر بەو ئیسلامە میللییە کوردییەیە کە شێخێکی وەک شێخ ڕەزا دەڵێت: (لەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست مەلا و شێخ و زاهید...   مەتاعی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو)، ئەو خاکی کوردستان بە پیرۆز دەزانێت، تەوافی "گردی سەیوان" بە "کابە" دەچوێنێت. بەڵام ئەوانەی دژی وەستانەوە سەر بە گوتارە پان-عەرەبی(سەلەفی-ئیخوانی)ـیەکە بوون، ئەو گوتارەی ڕەگەکەی بۆ کەلەپوری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، لەم کەلەپورەدا "زمانی عەرەبی زمانی خەڵکی بەهەشتە". ئەوان وەک  ئیمامی شافعی بڕوایان وایە "هەموو موسڵمانێک دەبێت هەرچی لە توانایدا بێت زمانی عەرەب فێربێت: فعلى كل مسلم أن يتعلم من لسان العرب ما بلغه جهده"(الرسالة: ٤٨)، ئەوان وەک "ئیبن کەسیر(ابن الکثیر) پێیان وایە"زمانی عەرەبی پاراوترین و ڕوونترین و فراونترین زمانە و باش دەچێتە دڵەوە، بۆیە پایەدارترین کتێب بە پایەدارترین زمان بۆ پایەدراترین پێغەمبەر... هاتووە"((تفسير ابن كثير:3/121). ئەمە سەر بەو گوتارەیە کە "حەسەن بەننا" پێی وایە "زمانی عەرەبی دەبێت ببێت بە زمانی ئەسپێرانتۆی هەموو موسڵمانەکان"(رسائل امام حسن البنا: ٦٧٥-٦٧٦). مەلایەکی وەک مەلا هەڵۆ کە دەڵێت دەبێت بە خوا بڵێی"اللە" و نابێت بە کوردی ناوی بهێنیت، ئیتر ئەوە ڕۆحی بەعەرەبکردنی زمانی کوردییە!

    وتەکەی "مەلا جاسم" ڕۆحە کوردییەکە هێناویەتەگۆ، مەلا هەڵۆ و نەیارەکانی مەلا جاسم ڕۆحە عەرەبییەکە زمانی خستونەتەگۆ، لە ئێستادا گوتارە "سەلەفی-ئیخوانی"ـیەکە بەسەر گوتارە ئیسلامە میللییەکەدا زاڵە، بۆیە دڵنیام نەیارەکانی "مەلا جاسم" لە یارەکانی زۆرترن، خوا مەلا جاسم لە نەیارەکانی بپارێزێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن