113وتار

لەپەراوێزی كۆمەڵكوژی درۆنەكان؟

9/6/2024 1:28:00 PM
هەندرێن شێخ راغب


ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت درێژكراوەی شەڕی عەفرینە، توركیا لەبەردەم دووڕیانێكی سەخت دابوو، ئەگەر هاتبوایە لە شەڕی عەفرین شكستی هێنابایە، ئێستا لەدۆخی هێرشبردنەوە دەچووە دۆخی بەرگری و پرسی كورد بەجۆرێكی تربوو، ململانێیەكە دەگەڕایەوە ناو شەقامەكانی توركیاو پرسی كورد زاڵ دەبوو بەسەر توركیادا. بەڵام دوای سەركەوتنی لە عەفرین، ئیدی دەستی ئاوەڵابوو هەنگاو بەهەنگاو پەلاماری پرسی كورد بدات و بازنەی سەركەوتنەكانی بەرامبەر كورد فراوانتر كرد، كورد چووە دۆخی بەرگری و توانای هێرشی بۆ سەر توركیا نەما.

رووبەڕووبونەوەی دەوڵەتێكی وەك توركیا ئاسان نی یە، خاوەنی نزیكەی حەوت سەد هەزار سەربازە، خاوەنی پێشكەوتووترین فڕۆكەی جەنگی یە، خاوەنی سەدان تۆپ هاوێژی مۆدێرنەی وردە، خاوەنی هەزاران چەكداری بەكرێگیراوە، خاوەنی تانك و چەكی زۆر كاریگەرە، لە پیشەسازی درۆن و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان زۆر گەشەی كردووە. بەرامبەر ئەوە كورد چەكەكانی هەمان چەكی رابردوون، كەرەستەی شەڕەكەی نەگۆڕاوەو چەند پارچە چەكێكی پێشكەوتووی هەیە بەڵام ناتوانێت پڕۆژەی داگیركاری تورك رابگرێت. ئیعتراف كردن بەوەی كە دوژمنەكەت لە تۆ بەهێزترە مانای ترسنۆكی نیە، بەڵكو بیركردنەوەیەكی واقعی یە كە ناتەوێت شەڕێكی خۆكوژی بكەیت. دەبێت كورد ئەوە بزانێت ئێستا توركیا لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. سێ دەستكەوتی زۆر گەورەی هەیە بەرامبەر كورد:

یەكەم: لەگەڵ ئێران رێككەوتنێكی ئەمنی ئیمزا كرد بەناوی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر؟ تیرۆر مەبەستیان جوڵانەوەی رەوای نیشتمانی كوردستانە. ئەمە بۆ كورد مەترسی دارە.


دووەم: لەگەڵ عێراق لێك تێگەیشتنی ئیمزا كردوو، ئێستا عێراق هەماهەنگی توركیایەو بڕیاری دا كە پەكەكە پارتێكی قبوڵ كراو نیە لە عێراق و سێ پارتی لەبەرئەوەی نزیك بوون لە پەكەكە داخست.


سێیەم: وەك وەزیری بەرگری توركیا رۆژانی رابردوو راشكاوانە گوتی: چالاكیەكانی پەكەكە لە ناو توركیا بۆتە سفر. واتە ئێستا لەناو دەوڵەتی توركیاو باكوری كوردستان هیچت بەدەست نەماوەو ناتوانیت هیچ چالاكیەك بكەیت. ئەمەش كەمەر شكێنە بۆ هەژمونی كوردو دروستكردنی فشار لەسەر دەوڵەتی تورك.  گەورەترین هەڵەی ستراتیژی لە مێژووی جوڵانەوەی كوردی كشانەوەی تەواوی هێزەكانی گەریلا بوو لە ناوخۆی توركیاو باكوری كوردستان؟ بەڕاستی ئەمە نازانم بۆ روویدا؟ چۆن روویدا؟ قسەی زۆری دەوێت. ئەگەر هۆكار بابەتی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو، بەڵام خۆ توركیا هەنگاوی كرداری نەنابوو؟؟.

ئێستا توركیا بەسەر هەرێمی كوردستان زاڵ بووە، لە زۆنی زەرد خۆی بەخاوەن هێزو نفوزو بڕیار دەزانێت و دۆڵ بە دۆڵ لە بادینان پێگەی داناوە و خاوەنی بازگەیە!!، لە زۆنی سەوزیش شار بەشارو ماڵ بە ماڵ و ناوچە بە ناوچە بۆمباران دەكات و كێی مەبەست بێت تیرۆری دەكات. بەجۆرێك لە خەلەكان و رانیەو چەمچەماڵ و كفری و پێنجوێن و چوارتاو دوكان و هەر شوێنێكی مەبەست بێت بۆمبارانی دەكات و كورد دەكوژێت. ئەمەش راستەوخۆ گرتنی بیناقاقای كوردەو ئەوپەڕی بەهێزی توركیا دەردەخات بەرامبەر هێزەكانی ئێمە. بەڵام لەم نێوانەدا چەند پرسێك هەیە پەیوەستە بەم بابەتەوە كە ناكرێت ئاماژەی پێ نەدەین:
-لەسەر ئەم بابەتە عێراق هەماهەنگەو ئۆكەی داوەتە توركیا.
-ئێران ئاگادارەو بەشێكە لە رێككەوتنە ئەمنیەكەیان.
-ناوخۆی یەكێتی و دەزگا هەواڵگری و ئەمنیەكان توانای سەربازی وایان نیە بتوانن درۆنەكان بخەنە خوارەوەو ئاسمانی ناوچەكە بپارێزن. ئەمەش مانای دواكەوتنی ئێمەیە لە توانای گەشەكردنی سەربازی مۆدێرن.
-خیانەتی ناوخۆیی و نۆكەرایەتی توركیا هەیەو چاوساغیان بۆ دەكات. ئەمەش دەبێت بە هەستیاریەوە كاری لەسەر بكرێت و بنەبڕ بكرێت.
-پەرتەوازەیی ناو ماڵی سیاسی هەرێمی كوردستان و پشتكردنی یەكێتی و پارتیش لە پەكەكەو ناكۆكی قوڵی ناو هێزە سیاسیەكان كە دەرفەتی زێڕینی بۆ توركیا دروست كردووە.


لە ئێستادا چی بكرێت؟
-گرنگترین شت و سەركەوتووترین سیاسەت كە بمانەوێت وانەیەكی باش بە توركیاو ئێران و ئەم گەلەكۆمەكیەی دژی كورد هەیە بیدەین، ئەوەیە لە دۆخی بەرگریەوە بپەڕینەوە بۆ دۆخی هێرش بردن؟ چۆن؟ ئەویش دەست پێكردنی چالاكیە لەناوخۆی توركیا. هەتا دۆخی ناوخۆی توركیاو شار بەشاری بە ئامانج نەگیردرێت و چالاكی بچوك و مام ناوەندو گەورەی تێدا نەكرێت، ئەوا رۆژ بە رۆژ توركیا بەرامبەرت دڕتر دەبێت. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە رووبەڕووبونەوەی توركیا لەناوخۆی توركیادا بكرێت ئەگەر بە چالاكی زۆر بچوكیش بێت.


-دروست كردنی لێك تێگەیشتنی كوردی و كوردی، لە ئێستا هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و باشورو باكوورو رۆژئاوا پێویستە دەست بەجێ ناكۆكیەكانیان وەلا بنێن و بە خوێندنەوەی مەترسیەكان لەنوێوە پەیوەندیەكانی نێوانیان دابڕێژنەوە، بەڵام ئایا ئەوە لەم هێزە كوردیانە دەوەشێتەوە؟ بەداخەوە  بۆنی گورگ دێت و ئەوان خەریكی سەر شكاندنی یەكترین.

-لە ئێستادا ئەگەر كورد نەتەوەیەو قەزیەی هەیەو خاوەنی خەباتێكی بەهێزە، پێویستە لەهەرچوارپارچە پێكەوە دابنیشن و یەك دەست لە توركیا بدەن، لەروی سەربازی، سیاسی، دبلۆماسی، راگەیاندن، خەباتی شەقام و جەماوەری..هتد، بەڵام كاتێك سەیری ناوخۆی كورد دەكەین دەبینین دژایەتی پارتی و پەكەكە توندترە لە دژایەتی توركیاو پەكەكە؟ ناكۆكی یەكێتی و پارتی هیچی كەمتر نیە لە ناكۆكی ئێران و كۆمەڵەو دیموكرات؟ كەواتە ئەم هێزو سەركردەو بەرپرسانەی ئێستا سیاسەت دەكەن لە ئاستی مەترسی قۆناغەكە نین، خوێندنەوەیان بچوك و تەسك بینە، تەقلیدین، كلاسیكن لە خەباتی نەتەوەیی، دابڕاون لە یەكترو لە واقعەكە، لەهەمووشی ناخۆشتر هیچ سود لە دەرفەتەكان وەرناگرن و نازانن دەرفەت دروست بكەن. سەیری ئۆكرانیا بكەن، تەواوی هێزە ناكۆكەكانی ئۆكرانیا كە زۆر دژی یەكترین، بەڵام لە پاراستنی ئۆكرانیا هیچ ناكۆكیان نیە، یەك دەستن بۆ پاراستنی ئۆكرانیا. بەڵام كورد خراپ دابەش بووە. فرە حزبی عەقڵی سیاسی گەشە پێ نەداوین، بەڵكو زیاتر دابەشی كردووین.

-باشترین بژاردە ئەوەیە لەوە زیاتر گوێ لە فشارەكانی توركیاو ئێران نەگیردرێت، ئێران زۆرباش گەندەڵی وناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و خراپی دیموكراسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستانی قۆستۆتەوەو لە رێگای بەغداوە زۆر باش هەرێمی كوردستانی بچوك كردۆتەوەو لە قاڵبی داوەو رۆژانە مەرجەكانی خۆی بەسەری دا دەسەپێنێت. ئێمە دەبێت وەرەقەی كوردی لە بەغدا رێك بخەینەوە. بۆ ئەوەی لەم دۆخە دەرباز بین، دەبێت كورد بەدوای ئەوەدا بگەڕێت شوێنی تر بدۆزێتەوە بۆ دۆستایەتی و پێگەی خۆی لە جیاتی ئێران و توركیا. راستە ئێران و توركیا دوو دەوڵەتی بەهێزی دراوسێی كوردستانن، ناتوانین فەرامۆشیان بكەین و دراوسێی ئەبەدی ئێمەن، بەلام لە ئێستادا پێكەوە خەریكی وێران كردنی هەرێمی كوردستانن، كەواتە كوردیش دەبێت بۆ ئەمریكاو چین و روسیا و فەرەنساو بەریتانیاو سعودیەو ئیمارات و میصرو زۆر شوێنی تر هەیە كە جوڵەی سیاسی و دبلۆماسی و هەڵمەتی چڕی گرنگ بكات، ئەمریكا گرنگەو ناكرێت كورد ئەوە لە بیر بكات هەبونی ئەمریكا دەتوانێت زۆر شت بۆ كورد بكات، واتە نابێت هاوپەیمانی كورد لەگەڵ ئەمریكا ببێتە هۆی پەلاماردانی كوردو لاوازكردنی كورد، بەڵكو دەبێت هاوپەیمانی كورد لەگەڵ ئەمریكا توانای بەرگری كردنمان بەرامبەر ئێران و توركیاو ناوچەكە پێ ببەخشێت. بۆیە دروستكردنی سیاسەتێكی نیشتمانی و دیموكراسی و كراوەو گەڕانەوە بۆ رای خەڵك و وازهێنان لەم فەنتەڵۆسەی ئێستا لەهەرێم هەیە، وا دەكات ئەمریكاش هەنگاوی باشتر بنێت بۆ گەڕانەوەی توانای بەرگریت. لەوەش بەهێزترو زۆر باشتر گەڕانەوەیە بۆ هێزی نەتەوەكەت و میللەتەكەت و شەقامی كوردی خۆی. رێككەوتنی كوردی و كوردی گەورەترین چەكی بەهێزی كوردییەو سەركەوتن مسۆگەر دەكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن