ئەجێندای سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر
9/10/2024 7:58:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
پشتیوانی
هێزەكانی میحوەر، مەلەفی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئیسرائیل
ئەجێندای
سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر
لەپاش هەڵبژاردنی لە خولی
دوەمی هەڵبژاردنەكانی (2024) مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران یەكەم سەردانی بۆ
دەرەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، هەولێر، بەسرە، نەجەف و كەربەلا دەستپێدەكات
و دواتر دەچێتە ئەمریكا.
لەو سەردانەیدا دا بەنیازە (14)
ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی ئەمنی، ئابووری و فەرهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بوارەكانی
(ڕاهێنان، هاوكاری میدیایی، بواری پەیوەندی، پۆستە، كشتوكاڵ، ڕۆشنبیری و هوونەر و
شوێنەوار، پەروەردە، كۆمەڵایەتی، ڕاهێنانی پیشەیی و تەكنیكی، هێزی كاری شارەزا،
لاوان و وەرزش، ناوچەی ئازادی بازرگانی، ژوورە بازرگانییەكان، شوێنە گەشتیاری و
پیرۆزەكان) ئیمزا بكات.
ئامانجی سەردانەكەی پزیشكیان
بۆ بەغدا و هەولێر پەیوەندی هەیە بەدوو تەوەر و چەند فایل و ئەجێندای تایبەتەوە.
تەوەری یەكەم/ فایلی
بەغدا:
یەكەم: لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل و شەڕی غەززە كۆبوونەوە
لەگەڵ هێز و میلیشیا شیعەكانی عێراق (میحوەر) و پشتیوانیكردنیان و ڕێكخستنەوەیان،
لەپاش گرژی و ئاڵۆزی دابەشبوونیان بەسەر چەند تەیار و بەرەی ناكۆكدا، هەوڵدان بۆ
ئازادكردنی هاوڵاتییەكی ئێرانی (محەمەد ڕەزا نووری) كە لەلایەن ئەمریكاوە
دەستگیركراوە.
دوەم: باسكردن لە ئەگەری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە
عێراق و پاشەكشەیان بۆ كوردستان و ڕۆڵی میلیشا شیعەكان و حكومەتی سوودانی لە
پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەلایەن تارانەوە.
سێیەم: پێداچوونەوە و خێراكردن بەجێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە
ئەمنەییەی كە لە ئازاری (2021) لە نێوان (عێراق و هەرێم-ئێران) بۆ داخستن و
چەككردنی كامپەكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئیمزاكراوە وەكو عەباسی عێراقچی
وتوویەتی.
چوارەم: باشتركردن و زیادكردنی ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا
و تاران كەوا بڕیارە لە (10) ملیار دۆلارەوە بگاتە (20) ملیار دۆلار، كە
یارمەتدەری گەورەی ئێرانە، لە هەلومەرجێكدا كە لەژێر گوشاری گەمارۆكانی ئەمریكا و
ئەووروپادایە.
پێنجەم: ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە (11) ملیار
دۆلارەی، كە هاتۆتە سەر عێراق لە دابینكردنی غازی سروشتی و كارەبا بۆ عێراق، كە
تووشی گرفت و دواكەوتن بوە لە دانەوەی بە تاران بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەكانی
ئەمریكاوە.
شەشەم: سەردانیشی بۆ بەسڕە لەلایەك بەمەبەستی پڕۆژەی هێڵی
ئاسنی نێوان (بەسرە-شەلەمچە)، لەلایەكی ترەوە پەیوەندی بە ڕاكێشانی ئەو پڕۆژە
ئابوورییەوە هەیە، كە توركیا بەنیازە لەنێوان كەنداوی فارس و توركیا بۆ گەیشتن بە
ئەورووپا ئەنجامی بدات (ڕێگای گەشە).
تەوەری دوەم/
فایلی هەرێمی كوردستان:
یەكەم: كاراكردن و خێراكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییەی كە هەرێمی
كوردستان دەستی پێكردوە بە گواستنەوەی كامپ و ئۆردوگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە
زڕگوێزەوە بۆ سورداش، ڕەنگە ئەوەش باس بكات كە داوای ڕادەستكردنەوە (120) لە
كەسایەتی و بەرپرسی هێزەكانی ڕۆژهەڵات دەكات.
دوەم: دڵنیابوونەوە و پێدانی گەرەنتی لە كۆتایهاتن بە بوونی
بنكە و بارەگای مووسادی ئیسرائیلی لە هەولێر كە هەمیشە گومان و بانگەشەی ئەوەی
كردوە.
سێیەم: پزیشكیان بۆی گرنگە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بزانێت لە
كاتی كشانەوەی كۆی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی (2006) دا ئایا هەرێمی
كوردستان بۆچوونی چییە لەبارەیەوە؟
چوارەم: پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوولا، كە ئێران خوازیارە
هەرێم هاوسەنگی ئابووری و سیاسی نێوان تاران و ئەنكەرە لە هەرێم ڕابگرێت.
ئەم سەردانەی پزیشكیان جیا
لە دەعوەتی فەرمی سوودانیە و كە بانگهێشتی بەغدای كردوە ڕەدی ئەو سەردان و
بەشدارییە كە هەریەكە لە لەتیف ڕەشید، سوودانی، بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی
لە ماوەی ڕابردوودا بۆ تارانیان كردوە.
یەكەم سەردانی پزیشكیان بۆ
دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ بەغدا و هەولێر ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەم دوو ناوچەیە چەندە
گرنگن لە چوارچێوەی پێگە و ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێرانن لە ناوچەكەدا و بە
ئاسانی دەستبەرداری ئەو پێگە و بەرژەوەندییە ساسی، ئابووریە، فەرهەنگی و
مەزهەبیانە نابێت كە نەخشەی دوور مەودای بۆ كێشاوە.