پڕۆسەی ئاشتی و خەیاڵپڵاوی...
2/16/2025 11:29:00 AM
فەرەیدون بێوار
ئەوەی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەگوزەرێت، شتێک نییه بەناوی ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورد.
ئەردۆغان و تورکیا، دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەدور بێت لەپریشکی گۆڕانکارییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەناوی پرۆسەی ئاشتی، رای کۆمەڵگەی نێودەڵەتی و ناوخۆییان مەژغوڵ کردووە.
دیدگای دەوڵەت و ئەردۆغان، پرسی تیرۆر و تورکیایەکی بێ تیرۆرە وەکخۆیان دەڵێن، کە مەبەست لێی پەکەکەیە.
بۆیە بە لای ئەردۆغانەوە، چارەسەریی پرسی کورد، واتە چەکدانانی پەکەکە، خۆ هەڵوەشاندنەوەی، خۆ ڕادەستکردن، وازهێنان لەناسنامەی کورد و کوردستانیبوون و بەتورکبوون.
تائێستا دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان، بەفەرمی هیچ پڕۆژە و پلان و ئامانج و رێگەچارەیەکیان نەخستووەتەڕوو، کە ئەو پڕۆسەیە پێویستیی بەهەمواری دەستوور و دەستەبەری یاسایی پەرلەمان و گۆڕانکاریی لەپڕۆگرامی خوێندن و زانکۆکان و هەمواری یاسای پارتەکان و هەڵبژارن و پێناسەکردنەوەی تورکیا، هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش تائێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە، بەپێچەوانەوە،
ئەردۆغان هێشتا رۆژانە دەیان کەس بەتۆمەتی پەکەکە لەباکوور دەستگیر دەکات و قەیوم بۆ سەرۆک شارەوانییەکانی دەمپارتی دادەنێت و لەسەر کوردبوون لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان، کۆمەڵکوژی و داگیرکاریی دەکات و تەنانەت لەهەوڵی لەناو بردنی ئەزموونیی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان دایە.
بەرای منەوە، پرسی چارەسەریی گەمەیەکی سیاسی و سەرگەرمییە و ئەردۆغان جگە لە دیکتاتۆر و کوردکوژێک هیچی تر نییە.