37وتار

گەڕیی دووەمی ململانێی نێوان کۆبانی و جۆلانی دەست پێدەکات

4/28/2025 10:00:00 PM
فەرەیدون بێوار

ئەوەی مەزڵوم کۆبانی بەناوی "یەکریزیی و یەکهەڵوێستیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان" کردی و، ئاستی داواکانی بردە سەرەوە و پڕۆژەیەکی نەتەوەیی گەڵاڵە کرد و ئێعلانی کرد، بەرەنجامی:
1: تاکڕەوی محەمەد جۆلانی و بێبەشکردنی کوردە لەهەموو ماف و پۆستێک، لەلایەن دەسەڵاتی نوێی دیمەشقەوە، هەر چەندە پێشتر رێککەوتنی نێوان کۆبانی و جۆلانی هەبوو، بۆ مانەوەی کورد لەچوارچێوەی سووریای نوێدا، بەڵام جۆلانی بەکردەوە کوردی کردە دەرەوەی بازنەکە و هیچ حیسابێکی بۆ نەتەوەی کورد و هەسەدە نەکرد و هەمان سیاسەتی رژێمی بەعس و بەشار ئەسەدی دووبارە کردەوە. بەتایبەتی لە دەستووری نوێدا مافی نەتەوەی کوردی نەچەسپاند و بەوشەیەکیش ئاماژەی پێنەکرد و لەحکومەتی کاتیشدا هیچ پۆست و دەسەڵات و پێگەیەکی بۆ کورد دانەنا، وەک دووەم نەتەوەی سووریا.
2: یەکریزیی کورد، بەتایبەتی پەیەنەکە و ئەنەکەسەیە، کە وزە و توانا و پێگەیەکی تری بە کۆبانی بەخشی.
ئەنەکەسە کە لەژێر فەرمان و باڵی پارتی و تورکیادایە، دەستوباڵی کۆبانی بەستبوو، ئێستا باڵەکانی کراونەتەوە بۆ فڕین.
3: جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و تورکیا، هەندێک لەفشارەکانی سەر قامیشلۆی کەم کردووەتەوە، ئەمەش دەستی کۆبانی واڵاتر کردووە. هەڵبەت ئەم لێکتێگەیشتنە، کۆمەڵێک رێککەوتنی نهێنی و پشت پەردەی لەدواوەیە، کە لەداهاتوودا زیاتر روون دەبێتەوە، کە بەشێکی پەیوەندی بەپڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هەیە. هەسەدە لەداهاتوودا دەست دەکات بەجێبەجێکردنی بەشێک لەداوا و مەرجەکانی تورکیا، وەک دڵنیاییەک بۆ پاراستنی ئەمنییەتی تورکیا.
4: پشتگیرییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە نموونەی فەرەنسا و ئەڵمانیا ئیسرائیل و بەگشتی یەکێتیی ئەوروپا و خودی ئەمریکاش بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ناوهێنانی ناوی هەسەدە و کورد، پەیامێکی روونن بۆ دیمەشق کە کورد و ئەزموونی خۆبەرێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سووریا، 
ناگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بەڵکو وەک واقیع دەبێت بەجۆرێک لەجۆرەکان دانی پێدا بنێرێت و قەوارەکەی لەچوارچێوەی دەستوور و سووریای نوێدا، پارێزراو بێت.

دەرەنجام:
یەکەم: پێشبینی دەکرێت لەداهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و قامیشلۆ بچێتە قۆناغێکی نوێی ململانێوە، ئەم ململانێیە دەکرێت رێککەوتنی نوێی لێبکەوێتەوە کە بەرهەمدار بێت بۆ کورد، یان دەکرێ بگاتە ئاستی ئاڵۆزی، ئەگەر جۆلانی و دیمەشق لەسەر ئەو سیاسەت و عەقڵییەتە دیکتاتۆرییە بەردەوام بن، بەتایبەتی کە دیمەشق بەفەرمی پڕۆژەکەی هەسەدەی رەت کردەوە، لەجیاتی ئەوەی دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بکاتەوە.
دووەم: ناکۆکییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیلیش دەکرێت لەقازانجی کورد بشکێنەوە.
سێیەم: پێکهێنانی شاندی یەکگرتووی کورد و گەڵاڵەکردنی مەرج و داواکردنیان لەچوارچێوەی سووریای دیموکراتدا بۆ گفتوگۆکردن لەدیمەشق، لەرۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی کردارەکی دیمەشق و وێنەکە زیاتر روون دەکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن